تولای حاتەم ئۆغولاری: کاتی جێگیرکردنی مافەکانی گەلی کوردە لە یاساکاندا

تولای حاتەم ئۆغولاری، ھاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی ڕایگەیاند پێویستە ئەو کۆمیسیۆنەی لە پەرلەمان پێکھێنراوە دەستبەجێ ڕێکخستنەوە یاسایییەکان بکات و وتی، دەسەڵات بە ئەنقەست قۆناغەکە پڕۆسەکە دوا دەخات.

ناوەندی هەواڵ

 

تولای حاتەم ئۆغولاری، ھاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان "دەم پارتی" بەشداریی لە دیدارێکی جەماوەریدا کرد کە ڕێکخستنی دەم پارتی لە ئەدەنە ڕێکیخستبوو. تولای حاتەم ئۆغولاری سەبارەت بە "پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" زانیاریی لەگەڵ گەل ھاوبەش کرد. ئاماژەی بەوەکرد کە دەبێت ئیتر چارەسەری پرسی کورد بچێتە سەر زەمینەیەکی یاسایی و دەسەڵات بە ئەنقەست پڕۆسەکە دوادەخات. 

 

لە درێژەی قسەکانیدا تولای حاتەم ئۆغولاری سەرنجی خستە سەر گرنگیی ئەو کۆمیسیۆنەی لە پەرلەمان پێکھێنراوە و وتی: پێکھێنانی کۆمیسیۆنەکە ئەنجامی تێکۆشانی ساڵانێکە. بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانی دا: "وەک چۆن بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانیش ساڵانێکە بە پێداگرییەوە دەڵێت، ئەم پرۆسەیە ئەوە دەسەپێنێت کە تێکۆشان بچێتە سەر زەمینەیەکی یاسایی.

 

'پێویستە مافەکانی گەلی کورد بچنە سەر زەمینەی سیاسەتی دیموکراتیک و یاسایی و بگۆڕدرێن بۆ ستاتۆیەک' 

تولای حاتەم ئۆغولاری باسی لەوەکرد کە تێکۆشانی گەلی کورد کە نیو سەدەیە بەردەوامە، لەگەڵ خۆیدا زۆر دەستکەوتی گرنگی ھێناوە و وتی: "ئێمە باسی گەلێک دەکەین کە بە تێکۆشانی چەکداری بوونی خۆی سەلماندووە. لە دۆخی ئێستادا پێویستە ئەم دەستکەوتانە بچنە سەر زەمینەی سیاسەتی دیموکراتیک و یاسایی و بگۆڕدرێن بۆ ستاتۆیەک. ئەمە نەک تەنیا بۆ گەلی کورد، بەڵکو دەرگای دیموکراتیکبوون بۆ تەواوی گەلانی تورکیا دەکاتەوە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە پرسی کورد و پرسی عەلەوییەکان دوو بابەتی بنەڕەتیی تورکیان و ئەم ھەڵسەنگاندنەی کرد: مسۆگەرکردنی مافەکانی گەلی کورد، ڕێگە لەبەردەم جێبەجێکردنی داواکارییەکانی کۆمەڵگەی عەلەوی و کۆمەڵگە باوەڕییەکانی دیکەش دەکاتەوە. لە کاتی بانگەوازەکەی ٢٧ی شوباتدا من لە ئیمڕاڵی بووم. بەڕێز ئۆجالان بە وردی ھۆکاری بانگەوازەکەی خۆی و واتای ھەر وشەیەکی کە لە دەقەکەدا ھەبوو، لەگەڵ ئێمەدا بەش کرد. ئێمەش بۆ ھەر شوێنێک دەچین ئەم زانیارییانە لەگەڵ گەل ھاوبەش دەکەین.

 

سەبارەت بە کارەکانی کۆمیسیۆنی پەرلەمانیش وتی: ھەندێک لایەنی سیاسیی چونی بۆ ئیمڕاڵی قبووڵ نەکرد. لە دیدارەکەی ئیمڕاڵیدا بەڕێز ئۆجالان دەستنیشانی کرد کە لە شەڕی مەلازگردەوە تا ئێستا کورد و تورک لەنێوان خۆیاندا ھاوپەیمانیی سەرکەوتوویان پەرەپێداوە و ئەمەی بە تێروتەسەلی باس کرد. لە دیدارەکەدا سەرەڕای ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی کۆمیسیۆن، ھەروەھا بابەتی یاساییبوونی کۆمیسیۆنەکەشی ڕوونکردەوە.

 

سەبارەت بە پڕۆسەی ئامادەکردنی ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنەکە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، دەم پارتی ڕاپۆرتی خۆی ڕادەست کردووە. ھەندێک پارت ھێشتا ڕادەستیان نەکردووە. دوای تەواوبوونی ڕاپۆرتەکان، گرووپێکی کار کە نوێنەری ھەر پارتێکی تێدایە پێک دەھێنرێت. ئێمە چاوەڕێین ئەم گرووپە ڕاپۆرتێک ئامادە بکات. داواکاریی ئێمە ئەوەیە کە ماوەیەکی کەم دوای سەری ساڵ لە لیژنە تایبەتمەندەکان هەمواری یاساکان دەست پێ بکەن. دەرکردنی یاسایەکی تایبەت و بەرفراوان پێویستە و دەبێت یاسای جێبەجێکردنی سزاکان بگۆڕدرێت. ڕژێمی جێبەجێکاری ئێستا وا دەکات کە زیندانییە سیاسییەکان ماوەیەکی درێژ لە زینداندا بمێننەوە. مەرجە کە ئەم نادادپەروەرییە کۆتایی بێت.

 

لە کۆتایی وتی: دەسەڵات بە ئەنقەست قۆناغەکە بە کات دەسپێرێت و قسەکانی بەم شێوەیە کۆتایی پێ ھێنا: "ئێمە چاوەڕێ بووین کە ئەم یاسایانە بەر لە سەری ساڵ دەربچن و چەندین مانگ لەمەوبەر بچونایەتە ئیمراڵی. بەڵام ھەمیشە دوایان خست و دۆخێکی سەرقاڵکردن ھەیە. ھەموومان ئەم دۆخە دەبینین.

 

دوای وتارەکان، کۆبوونەوەکە دوور لە چاوی ڕاگەیاندنەکان بەردەوام بوو.