لە هەولێر ژنێک کوژرا و ژنێکی تر بریندارکرا

لە شاری هەولێر لە ڕووداوێکی تەقەکردندا، پیاوێک خوشکی هاوژینەکەی کوشت و هاوژینەکەی و خەزووریشی بریندار کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

کوشتنی ژنان و هێرشکردنە سەر ماڵی دایک و باوکی هاوژینەکانیان لە باشووری کوردستان بەرەو دیاردە بوون هەنگاو دەنێت و ژنان بەدەر لە بریندار کردن و کوشتنی خۆیان لەلایەن هاوژینەکانیان، خیزانەکانیشیان دەبنە قوربانی دەستی بکوژ.

 

لە نوێترین ڕووداودا ئێوارەی ٣٠ی ئاب، لە گەڕەکی ٩٩ـی زانکۆ لە شاری هەولێر، لە ڕووداوێکی تەقەکردندا، سێ کەس بوونە قوربانی و یەکێک لە قوربانییەکانیش گیانی لەدەستدا.

 

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان کێشە لە نێوان بکوژەکە و بنەماڵەی هاوژینەکەی درووستبووە، لە ئەنجامدا پیاوەکە تەقەی لە ماڵی هاوژینەکەی کردووە، بەو هۆیەشەوە خوشکی هاوژینەکەی دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە، هەروەها هاوژینەکەی و باوکی هاوژینەکەی بریندار بوون.

 

دوای ڕووداوەکەش هێزە ئەمنییەکان لەسەر هۆکار و چۆنیەتی ڕووداوەکە دەستپێکردووە.