کۆنگرەی ستار: هێرشەکان بۆ سەر وێنەی شەهیدان و هێماکانی گەلی کورد قبوڵ ناکرێن
کۆنگرەی ستار بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، سەبارەت بە دەستدرێژییەکانی ڕۆژانی دوایی لە حەسەکە بۆ سەر پەیکەری کچی کورد و وێنەی شەهیدان، هەڵوێستی خۆی دەربڕی.
قامیشلۆ
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دەستدرێژی بۆ سەر پەیکەری کچی کورد و وێنەی شەهیدان لە حەسەکە، بووە هۆی سەرهەڵدانی کاردانەوە. لە بەرامبەر ئەم کردارەی کە ڕاستەوخۆ ئامانجی ناسنامەی ژنانی کورد و هێماکانی بەرخۆدانە، کۆنگرەی ستار لە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندراوێک هەڵوێستی خۆی بەرامبەر ئەم پێشێلکارییانە دەربڕی. ڕاگەیاندراوەکە لەبەردەم ناوەندی کۆنگرەی ستاری کەنتۆنی قامیشلۆ، بە بەشداریی تەڤگەرو ڕێکخراوەکانی ژنان، خوێندرایەوە.
ڕاگەیاندراوەکە بە ناوی کۆنگرە ستار، بە زمانی کوردی لەلایەن ڕۆژین موسێ و بە زمانی عەرەبی لەلایەن ڕۆناز ئیبراهیمەوە خوێندرایەوە و تێیدا هاتبوو:
ئێمە بێڕێزی بەرامبەر وێنەی شەهیدانی کورد لە گەڕەکی خوێران لە حەسەکە، هەروەها بێڕێزی بەرامبەر وێنەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، ئیدانە دەکەین. ئەم کردارە بێڕێزییە ئیدانە دەکەین. لە ڕێگەی ئەم هێرشانەوە هەوڵ دەدرێت هەست و شکۆی گەلی کورد بشکێنرێت. ئەمە نیشانەی بێڕێزیی ئەوانە بەرامبەر هێما و بەها نەتەوەیی و شۆڕشگێڕییەکانیانە.
ئەم کردارە لە ڕووی ڕەوشتی و مرۆییەوە قبوڵ ناکرێن. هێرشکردنە سەر هەستی بەشێکی فراوانی کۆمەڵگا، ئاشتیی مەدەنی و ژیانی هاوبەش لەنێوان پێکهاتەکانی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە و دەرگا بۆ بڵاوبوونەوەی قسەی ڕق و هاندانی توندوتیژی دەکاتەوە. ئەم جۆرە کردارە بە هیچ پاساوێک ڕەوا ناکرێن. پێویستە ڕێز لە هێما، باوەڕ و بەهاکانی پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگا بگیرێت.
پێویستە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا کاردانەوەیان بەرامبەر ئەم کردارە نیشان بدەن.
لەبەر ئەوە، داوا دەکەین دەسەڵاتدارانی پەیوەندیدار بەرپرسیارییەکانی خۆیان بەرامبەر ئەم ڕووداوانە جێبەجێ بکەن، لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە بکەن و لە بەرپرسانی ئەم کردارە حساب بکەن. هەروەها، بانگ لە کەسایەتییە ئایینی، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دەکەین کە هەڵوێستێکی ڕوون و بەرپرسیارانە بگرنەبەر، هاندانی ئەم کردارە ڕەت بکەنەوە و بەشداری لە پاراستنی ئاشتیی مەدەنی و پەرەپێدانی کەلتووری ڕێزگرتنی هاوبەشدا بکەن.
شکۆی شەهیدان هێڵێکی سوورە، ڕێزگرتن لە قوربانیدانییەکانیان ئەرکێکە و ڕەتکردنەوەی سووکایەتی بە هێما و کۆمەڵگاکانیان بەرپرسیارییەکی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییە. ئێمە پشتڕاستی دەکەینەوە کە پاراستنی شکۆی هەموو کۆمەڵگاکان و ڕێزگرتن لە ناسنامە و مافەکانیان، بناغەیەکی پتەو بۆ ژیانی هاوبەش و بەدیهێنانی ئاشتی دروست دەکات.
