کاتی دادگایی شەریفە محەمەدی دیاریکرا
کات و لقی دادگایی بۆ تۆمەتەکانی شەریفە محەمەدی، چالاکوانی کرێکاری کە لە زیندانی لاکان لە شاری ڕەشت زیندانی کراوە، دیاری کرا.
ناوەندی هەواڵ
بە پێی ئەو ڕاپۆرتەی کەڕۆژی هەینی ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لە لایەن هەڵمەتی بەرگری شەریفە محەمەدی بڵاو کرایەوە، کات و لقی دادگای دانیشتنی تۆمەتەکانی ئەم چالاکوانە ڕاگەیەندراوە، به پێی ئەم ڕاگەیەندراوه دانیشتنی دادگا ڕۆژی ١٤ی تشرینی دووه می٢٠٢٤ له لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئیسلامی ڕەشت به ڕێوەدەچێت.
هەڵمەتی بەرگریکردن لە شەریفە محەمەدی لەڕاگەیاندنەکەیدا نووسیویەتی: بە ناوی هەموو ئەو چالاکوانانەی کەڕۆڵیان هەبووە لە هەڵوەشاندنەوەی سزای سەرەتایی لەسێدارەدان، ڕایدەگەیەنین کە هیچ بڕیارێک جگە لە بێتاوانی شەریفە لە هەموو تۆمەتەکان قبوڵکراو نییە.
هەروەها ئەم هەڵمەتە داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی شەریفە محەمەدی کرد.
شەریفە محەمەدی لە ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ لە لایەن ئیتلاعاتەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کرا، یەکێک لە تۆمەتەکانی سەر شەریفە محەمەدی ئەندامبوونە لە یەکێک لە گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان.
ئەمە لە کاتێکدایە لە کۆتاییدا سەرلەبەیانی ڕۆژی ٤ی تەمووز، هەڵمەتی بەرگریی شەریفە محەمەدی، سزای لەسێدارەدانی بۆ ئەم چالاکوانە کرێکارییە ڕاگەیاند.