لە سودان ٢٦٣ هەزار ژنی دووگیان پێویستیان بە خزمەتگوزاری تەندروستی زاوزێ هەیە

لە کاتێکدا شەڕ لە سودان بەردەوامە، هەزاران کەس کوژراون و ملیۆنان کەسیش ئاوارە بوون، ١١ ملیۆن کەس پێویستیان بە یارمەتی تەندروستی هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، شەڕی سێ مانگ لەمەوبەر لە سودان کاریگەری لەسەر کەرتی تەندروستی وڵاتەکە کردووە و دوو لەسەر سێی نەخۆشخانەکانی ناوچە زیانلێکەوتووەکان چیتر کار ناکەن.

 

تەقینەوەیەکی بەهێز لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانی ڕۆژی ٢٢ی حوزەیران، خەرتومی پایتەختی سودانی هەژاند، ئەمەش ڕۆژێک دوای کۆتایی هێنان بە ئاگربەستێکی کورت کە ٧٢ کاتژمێری خایاند لەنێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، ڕوویدا.

 

بەگوێرەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ، شەڕەکە کە لە ١٥ی نیسان دەستیپێکرد، بەپێی دوایین ئامارەکانی پرۆژەی داتای ڕووداوەکان و شوێنی ناکۆکییە چەکدارییەکە "ACLID" زیاتر لە دوو هەزار کەس کوژراون، بەڵام بەگوێرەی ئاژانسەکانی فریاگوزاری و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لەوانەیە ژمارە ڕاستەقینەکە زۆر لەوە زیاتر بێت، بەگوێرەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لانیکەم دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەسی ئاوارە کردووە و داوای پەنابەرییان لە وڵاتانی دراوسێ کردووە.

 

هەزاران ژنی دووگیان هەن و نەخۆشخانەکانی لەدایکبوون وازیان لەکار هێناوە

فەرحان حەق، جێگری وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەدا، کە پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن لە کۆی ٢٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار ژن لە سودان، ٢٦٣ هەزار ژنی دووگیان هەن، کە سێیەکییان لە ماوەی سێ مانگی داهاتوودا منداڵیان دەبێت و هەموویان پێویستیان بە خزمەتگوزاری تەندروستی زاوزێ هەیە.

 

نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە کاریگەری هێرشەکان لەسەر چاودێری تەندروستی لەسەر ژنان و کچان، لە کاتێکدا سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان "UNFPA" و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی "WHO" ڕایانگەیاند، کە زیاتر لە دوو لەسەر سێی نەخۆشخانەکان لەو ناوچانەدا داخراون، بەهۆی شەڕەکەوە زیانیان بەرکەوتووە و زۆرێک لە نەخۆشخانەکانی دایکبوونیش وازیان لە کارکردن هێناوە.

 

بەگوێرەی پزیشکانی بێ سنوور، ١٥ هەزار سودانی لەنێویاندا نزیکەی ٩٠٠ بریندار هەڵهاتوون بۆ شاری ئەدریە چادی، کە تا ئێستا زیاتر لە ١٥٠ هەزار پەنابەری وەرگرتووە، تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوەکە پشتڕاستی کردووەتەوە، لە سەرەتای شەڕەکەوە ٤٦ هێرش کراوەتە سەر دامەزراوەکانی چاودێری تەندروستی.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، نزیکەی ١١ ملیۆن کەس پێویستیان بە یارمەتی تەندروستی هەیە و نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکانی سورێژە و مەلاریا.

 

چاودێرانی بارودۆخی وڵاتەکە جەختیان لەوە کردەوە، لە ڕۆشنایی خراپبوونی بارودۆخی مرۆیی و تەندروستی لە سودان، پێویستە دەستپێشخەرییە نێودەوڵەتییەکان خێراتر بکرێن.