هەوڵی بنبڕکردنی توندوتیژی سێکسی لە ململانێکاندا دەدرێت

١٩ی حوزەیران، ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی سێکسی لە ململانێ دایە و دروشمی ئەمساڵ بریتییە لە "هاوتاکردنی جیاوازی ڕەگەزی تەکنەلۆژی بۆ ڕێگریکردن، چارەسەرکردن و وەڵامدانەوەی توندوتیژی سێکسی لە ململانێدا".

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی سێکسی لە ململانێدا هەموو ساڵێک لە ١٩ی حوزەیران یاد دەکرێتەوە و تیشک دەخاتە سەر پرسی توندوتیژی سێکسی لە کاتی ململانێکان و هەوڵ دەدات لە ڕێگەی چالاکییەکانەوە ڕێگری لە تەشەنە سەندنی کردەکە بکات.

 

بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، "توندوتیژی سێکسی لە ململانێ" بریتییە لە کۆیلایەتی سێکسی، لەشفرۆشی زۆرەملێ، دەستدرێژی سێکسی، دووگیانی زۆرەملێ، هاوسەرگیری زۆرەملێ، نەزۆککردنی زۆرەملێ، لەباربردنی زۆرەملێ و جۆرەکانی تری توندوتیژی سێکسی کە دژی پیاوان، ژنان، کچان ئەنجام دەدرێن.

 

دروشمی ئەمساڵی ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی سێکسی لە ململانێدا بریتییە لە "هاوتاکردنی جیاوازی ڕەگەزی تەکنەلۆژی بۆ ڕێگریکردن، چارەسەرکردن و وەڵامدانەوەی توندوتیژی سێکسی لە ململانێدا"، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەربارەی دروشمەکە و هەوڵەکانیان لە ساڵی ٢٠٢٣دا وتی: پێویستە دڵنیابین لەوەی تەکنەلۆژیا پاڵپشتی هەوڵەکانمان دەکات بۆ ڕێگریکردن و کۆتاییهێنان بەم تاوانانە، لەوانەش لە ڕێگەی زیادکردنی دەستڕاگەیشتن و لێپرسینەوە لە خەڵک لەسەر کارەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.

 

ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی سێکسی لە ململانێدا لە ١٩ی حوزەیرانی ٢٠١٥دا لەلایەن کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دیاریکرا، ئامانج لێی هۆشیارکردنەوەی خەڵکە سەبارەت بە پێویستی کۆتاییهێنان بە توندوتیژی سێکسی لە کاتی مۆلملانێ و ناکۆکییەکاندا، هەوڵ دەدرێت ڕێزگرتن لەو کەسانەی کە لە سەرتاسەری جیهاندا تووشی توندوتیژی سێکسی دەبن، ببێتە کولتوور و ساڵانە ڕێزلێنان لەو کەسانە دەکرێت، کە هەوڵی بنبڕکردنی تاوانەکە دەدەن و هەندێ جار بووەتە هۆی گیان لەدەستدانیان.