لە شارباژێڕی سلێمانی بەهۆی ئاگرەوە ١٠٠٠ دۆنم زەوی سووتا

ئەو ئاگرەی دوێنێ لە چوارتای شارباژێر کەوتەوە ‏بەردەوامە ‌و تا ئێستا نزیكەی ١٠٠٠ دۆنم زەوی سووتاوە‌.

ناوەندی هەواڵ


بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ‏دارستان‌ و ژینگەی سلێمانی ڕۆژی یەک شەممە ١٨ی حوزەیران ڕایگەیاند، لە کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆوە بە هۆکارێکی نادیار ئاگرێکی فراوان لە سنوری گوندی" کەناروێ" لە شارەدێی چوارتا کەوتووەتەوە کە ڕوبەرێکی زۆر فراوان لە گوندەکانی ئەو سنورەی گرتووەتەوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، بەهۆی فراوانی ئاگرەکەوە تا ئێستا کۆنتڕۆڵ نەکراوە و بەردەوامە، هەر لە سەرەتای ئاگرەکەوە ئەفسەرو کارمەندانی بەشی پۆلیسی دارستانی شارباژێر خۆیان گەیاندووەتە سنورەکەو بە هاوکاری سەرجەم دەزگا پەیوەندیدارەکانی چوارتا لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە.

 

بەپێی زانیارییەکان، چەند ‏كەسێك بە تۆمەتی خستنەوەی ئاگرەكە دەستگیر كراون و نزیكەی ١٠٠٠ دۆنم زەوی سەرەڕای ‏ئەوەی چەندین تیم ‌و خەڵكی ناوچەكە لە هەوڵدان بۆ كوژاندنەوەی ئاگرەكە ‏بەڵام هێشتا كۆنتڕۆڵ نەكراوە‌.
 

ئەو ئاگرە کە لەپشت ‏شارەدێی چوارتا كەوتووەتەوە، دواتر تەشەنەی كردووە بۆ دەوروبەری گوندەكانی "بانان، ‏كەناروێ‌، سێونگ، كانی شوان، پیرێسك و نۆرەباب"، زیانێكی زۆری مادیشی لێکەوتووەتەوە.