هاوپەیمانی نادا داوای لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە کارەساتی خەسفە دەکات و تاوانباران لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت

شایەتحاڵی و زانیاریەکانی ئەم دواییە ڕادەی ئەو دڕندەییانەی لە موسڵ ئەنجامدراون نیشان دەدات، لەوانە بەکارهێنانی هاوڵاتیانی مەدەنی وەک قەڵغانی مرۆی و فرۆشتنی ژن و منداڵی ئێزدی و کریستیانی لە بازاڕی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە دەرخستووە.

ناوەندی هەواڵ– چاڵەکەی خەسفە کە نزیکەی ٢٠ کیلۆمەتر لە باشووری موسڵەوە دوورە، یەکێکە لە قوڵترین کونە جیۆلۆجییەکانی عێراق، لە کاتی کۆنتڕۆڵکردنی شارەکە لەلایەن داعشەوە لە ساڵی ٢٠١٤ بوو بە یەکێک لە ترسناکترین گۆڕە بەکۆمەڵەکان، کە داعش وەک شوێنێک بۆ لەسێدارەدان و فڕێدانی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی بەکاریهێنا، لەوانەش ژن و منداڵ و تاکەکانی ڕفێندراو بە هۆکاری ئایینی و نەتەوەی و خێڵی، یان بۆ تۆڵەسەندنەوەی سیاسی.

 

هاوپەیمانی ژنانی دیموکراتی ناوچەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، ڕۆژی  ٢٤ی ئاب ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و نیگەرانی خۆی لە تاوانەکانی دەربڕی کە دەگاتە جینۆساید و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەت،  ئەم تاوانانە پێویستیان بە کردەوەی بەپەلەی نیشتمانی و نێودەوڵەتی هەیە بۆ بەڵگەنامەکردن و پاراستنی شوێنەکە و دابینکردنی دادپەروەری بۆ قوربانییەکان و خێزانەکانیان.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، کە هاوپەیمانی نادا لە عێراق بە نیگەرانییەکی قووڵ و ئازارێکی قووڵەوە بەدواداچوون بۆ دۆسیەی چاڵەکەی موسڵ دەکات، کە یەکێک لە تاوانە قێزەونەکانی ئاشکراکرد کە داعش لەکاتی کۆنتڕۆڵکردنی شارەکەدا لەساڵی ٢٠١٤ ئەنجامیداوە، داعش وەک شوێنێک بەکاری هێنا بۆ لەسێدارەدان و فڕێدانی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی، لەنێویاندا ژن و منداڵ و کەسانێک کە بە پاساوی ئایینی، خێڵی، یان نەتەوەی ڕفێندرابوون، یان بۆ تۆڵەسەندنەوەی سیاسی بوون.

 

داعش قێزەونترین تاوان و کۆمەڵکوژی دڕندانەی دژ بە ژنان و منداڵان لە موسڵ ئەنجامدا و بە شێوازی دڕندانە لە سێدارەیانی دا و بە شێوەیەکی جەستەی لەناویبردن و هاوڵاتیانی مەدەنی وەک قەڵغانی مرۆی بەکارهێنا بۆ ئەوەی هێزە عێراقیەکان نەتوانن پێشڕەوی بکەن لە شارەکەدا، هەروەها ژنان و منداڵانی کەمینە ئێزدی و کریستیانەکانی فرۆشت بۆ ناو بازاڕی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، کە ئەوەی لە چاڵەکەدا ڕویداوە تاوانی جینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی پێکدەهێنێت، داوا دەکات بەپەلە ڕێکاری نیشتمانی و نێودەوڵەتی بکرێت بۆ کردنەوەی دۆسیەی چاڵەکەی خەسفە، بە چاودێری گروپەکانی پزیشکی دادوەری تایبەتمەند لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان، هەروەها بەڵگە و مانەوەی بەڵگەکان بە شێوەیەک بەڵگەدار بکرێت کە مافی یاسای قوربانییەکان و خێزانەکانیان بپارێزێت، بەشداریکردنی خێزانی قوربانییەکان لە پرۆسەکەدا و ئاگادارکردنەوەیان لە پێشهاتەکان و مسۆگەرکردنی مافی خۆیان بۆ زانینی چارەنوسی ئازیزانیان و بەدەستهێنانی دادپەروەری و قەرەبووکردنەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوای پاراستنی شوێنی چاڵەکە و ڕێگریکردن لە هەر دەستکاریکردنێک لەگەڵیدا یان لەناوبردنی بە ئەنقەست و گۆڕینی بۆ یادگاریەکی نیشتمانی کە یادی کارەساتی قوربانییەکان بکاتەوە و یادەوەری بەکۆمەڵ بپارێزرێت، هەروەها داوای کردوە قوربانییەکان بە فەرمی وەک کەسانی جینۆساید یان بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ بناسرێت نەک تەنها قوربانی تیرۆر، هەروەها داوای دەرکردنی بڕوانامەی فەرمی مردنی دوای بەڵگەنامەکردن بوو.

 

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوا کراوە، پاڵپشتی دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ کەسوکاری قوربانییەکان بەتایبەتی ئەو ژنانەی کە تەواوی خێزانەکانیان لەدەستداوە بکرێت، هەروەها بۆ بەشداریکردنیان لە بەرنامەکانی پاراستن و بەهێزکردندا.