گروپێکی چەکدار ئاگریان لە ئەنجومەنی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا لە دێرەزوور بەردا

ئەنجومەنی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا لە شاری ئەبو حەمام لە گوندی ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کەوتە بەر هێرشی چەکداری گروپە تیرۆریستییەکان، بیناکە ئاگری تێبەردرا و زیانی ماددی لێکەوتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ناوەندەکانی ژنان رووبەڕووی زنجیرەیەک هێرش دەکرێن کە ڕۆڵی گرنگیان لە بەهێزکردنی ژنان و بەرزکردنەوەی بەشداریکردنیان لە کۆمەڵگەدا دەکاتە ئامانج، ئەم هێرشانە کە لە هەڕەشەی ڕاستەوخۆوە دەستپێدەکات تا دەگاتە تێکدان و ئاگرتێبەردان، هەوڵێک بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ژنانی ئازاد و تێکدانی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە دادپەروەری و یەکسانی پێکدەهێنن.

 

لە هەڵکشانێکی نوێدا کە دامەزراوەی مەدەنی و ژنانی لە ناوچەکانی خۆبەڕێوبەری کردە ئامانج، ئەنجومەنی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا کە سەر بە خۆبەڕێوبەریە، لە شاری ئەبو حەمام لە گوندەکانی دێرەزوور، ئێوارەی ١٥ی تشرینی یەکەم، کەوتە بەر هێرشێکی چەکداری، کە گروپێک بە نزیکەیی ٢٠ تیرۆریستی چەکدار ئاگریان لە بیناکە بەردا، ئەمە هێرشێکی نوێیە کە دامەزراوەی مەدەنی و ژنانی ناوچەکە دەکاتە ئامانج.

 

ئەم هێرشە بەشێکە لە زنجیرەیەک هێرشی باندە تیرۆریستییەکانی داعش بۆ سەر ناوچەکە، ئەم هێرشانە پێشتر ئەنجومەنەکەیان کردۆتە ئامانج، لەوانە بۆردوومان و تێکدان و دزی،بەڵام  ئەم هێرشە زیانێکی بەرچاوی بە بارەگاکە گەیاند و ئاستەنگیان بۆ کارەکانی دروستکرد، بەتایبەتی کە ئەنجومەنەکە چوار کارمەندی ژن لەخۆدەگرێت کە لە دەستپێشخەرییەکانی بەهێزکردنی ژنان و کۆمەڵایەتیدا کاردەکەن، بە یەکێک لە دیارترین ڕێکخراوەکانی ژنان لە گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور دادەنرێت.

 

لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە، هەروەها هێرشەکە بە ئامانجگرتنی سیستماتیکی ڕۆڵی ژنانە لە کۆمەڵگەدا و هەوڵێکە بۆ بێدەنگکردنی دەنگە ئازادەکان لە ناوچە خۆبەڕێوبەریەکاندا.