فشار لەسەر ژنانی زیندانی لە تورکیا دروست دەکرێت

بەپێی قسەی زیندانیان لە زینداندا فشارەکان بۆ سەر ژنان زیادی کردووە و بە سێ کەس لە قاوشێکی تاکە کەسیدا دانراون، هەروەها تەلەفزیۆن و ساردکەرەوە و قاپەکانیان دەستی بەسەردا گیراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

نورجان ئەسڵان، کە لە زیندانی ژنان لە شاری ئەرزینجان دەستبەسەرە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی باسی لە پێشێلکردنی مافەکانی ئەو زیندانە کرد، کە بە ١٥ کەس لە قاوشێکدا ڕاگیراون و وتی: فشارمان لێدەکرێت کە بچینە ناو قاوشی بێلایەنەکانەوە.

 

نورجان ئەسلان ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە دەستەی مافی مرۆڤی پەرلەمان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ  بەدواداچوون بۆ ئەو زیندانە بکەن.

 

دەلیل ئوفاک کە لە زیندانی ئاسایشی باڵای بوردور ڕاگیراوە، لە دیدارێکیدا لەگەڵ خێزانەکەی وتوویەتی، کە لە قاوشی تاکە کەسیدا سێ کەس دەمێننەوە و تەلەفزیۆن و ساردکەرەوە و قاپەکانیان دەستی بەسەردا گیراوە، ئێمە دەمانەوێت قاوشەکانمان بگۆڕدرێن.

 

هەروەها بانگەوازی کرد و وتی: کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی پەرلەمان و کۆمەڵەی مافی مرۆڤ بەدواداچوون بۆ ئەو زیندانە بکەن.