لە بەرخۆدانی بەنداوی تشرینەوە: بەرخۆدان تا سەرکەوتن
شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان-یەپەژە، کە بەشداری بەرخۆدانی بەنداوی تشرین دەکەن، دەڵێن؛ "بەرخۆدانمان تا سەرکەوتن بەردەوام دەبێت".
ڕیڤان عەلی
تشرین- هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە. یەکێک لەو ناوچانەی کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی تێیدا بەردەوامە، بەنداوی تشرینە، کە شەڕڤانانی یەپەژە و قەسەدە و یەپەگە وەڵامی هێرشەکان دەدەنەوە. شەڕڤانانی یەپەژە کە لە بەرەکانی بەرخۆداندان، باسیان لە بەرخۆدانی خۆیان کرد و ڕایانگەیاند، بەرخۆدانمان تا سەرکەوتن بەردەوام دەبێت.
یەکێک لە شەڕڤانانی یەپەژە بەناوی بەهار سڵاڤ، کە خەڵکی شاری گیرێسپییە، باس لە بەرخۆدانیان لە بەنداوی تشرین دەکات و دەڵێت: "ئێمە دژی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی دەجەنگین، تیکۆشان و بەرخۆدانمان تا ئەمڕۆش بەردەوامە. زۆرێک لە دۆستانی یەپەگە و یەپەژە و قەسەدە و هەڤاڵانی هێزی کۆماندۆ لەم بەرخۆدانەدا جێگەی خۆیان دەگرن. ئێمە بەو ئیرادەیەوە کە ڕێگە نادەین دوژمن بێتە ناو وڵاتەکەمانەوە و خاکەکەمان پیس بکات شەڕ دەکەین. هەمووان دەزانن دەوڵەتی تورک دەیەوێت ئەم هێزە لەناوببات، بەڵام با بزانن یەپەگە و یەپەژە هەمیشە بوونیان دەبێت و لە دژی ئەوان شەڕ دەکەن.
"بەرخۆدان تا کۆتایی"
لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە تێکشکاندنی هێرشەکان لەلایەن شەڕڤانانەوە کرد و دەڵێت: چەند جارێک ئەم هێرشانە لەلایەن شەڕڤانانەوە تێکدەشکێن، ئەمەش وایکرد هەست بە ترسێکی گەورە بکەن و ڕابکەن. لە ئەنجامی ئەو بەرخۆدانانەدا بەشێک لە شەڕڤانان لەو بەرخۆدانەدا گەیشتنە ئاستی شەهیدبوون و بەشێکیشیان بریندار بوون. ئێمە تۆڵەی هاوڕێ شەهیدەکانمان دەکەینەوە. لەم هەڵمەتە کە دەستپێکردووە بە ناوی شەهید عەزیز عەرەب مەنبجەوە، ڕۆژانە بەرەو پێشەوە دەچین، بۆ ئەوەی وڵاتەکەمان لە دەستی چەتەکان ڕزگار بکەین، تا کۆتایی بەرخۆدان دەکەین و سەرکەوتوو دەبین.
بەهار سڵاڤ وتیشی: ئیرادەی هەموو هەڤاڵانی نێو ئەم شەڕە باشە، هەروەها ئەم بەرخۆدانه به ماندووبوون و قوربانیدانێکی زۆر، به ئیرادەی شەڕڤانان ئەنجام دەدرێت، هەڤاڵە شەهیدەکانمان بە بیردەهێنێتەوە و هیوای سەلامەتی بۆ هەڤاڵە بریندارەکانمان دەخوازین، سڵاو بۆ گەل و مسۆگەر ئەو ناوچانەی لە دەستی چەتەکاندان، ئازاد دەکرێن.
"تێکۆشانمان پیرۆزە"
زەینەب زیلان، شەڕڤانی یەپەژە، کە عەرەبە و خەڵکی شاری حەلەبە، بەشداریکردنی خۆی لە یەکینەکەدا وەک ژنێک، بەتایبەتی وەک ژنێکی عەرەب هەڵدەسەنگێنێت و دەڵێت: لە ٢٣ی ئەم مانگەوە لە هەڵمەتی شەهید عەزیز عەرەبدا بەشداریم کرد، بە هێزی هەڤاڵان بەرخۆدانێکی بێهاوتا بەڕێوەدەچێت. من وەک ژنێکی عەرەبی خەڵکی حەلەب، ئاستی بەشداریکردنمان زۆر باش دەبینم. بێگومان ئەمەش لە سایەی هزر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆیە. دەتوانم بڵێم بۆ ئێمە وەک ژنانی عەرەب، ئەو تێکۆشانەی دەستمان پێکردووە زۆر پیرۆزە، ئێستا ئێمەش لەم دۆخەداین و دەڵێین ئەو ناوچانە کە بەدەست چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا داگیرکراون، ئازاد دەکەین.
هەروەها زەینەب زیلان سەبارەت بەو هەواڵە ناڕاستەی کە دەوڵەتی تورکیا بڵاویدەکاتەوە دەڵێت: دەوڵەتی تورکیا هەواڵێکی زۆری بڵاوکردووەتەوە کە دەڵێت بەنداوی تشرین بەدەست ئەوانەوەیە، بەڵام من خۆم لە بەرەکانی نزیک لە مەنبج جێگەی خۆم دەگرم، هیچ شتێکی لەم جۆرە نییە، ئێمە هەموو ئامادەکارییەکی پێویست دەکەین و ئۆپەراسیۆنەکەش هێشتا بەردەوامە.