داواکاری کۆڕبەندی خوێندکارانی جیهانی بۆ ئازادکردنی دەستبەجێی ئاهو دەریایی
کۆڕبەندی جیهانی خوێندکاران، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندراوێک، بە توندی نیگەرانی خۆی لە دەستبەسەرکردنی ئاهو دەریایی خوێندکاری زانکۆی ئازادی ئیسلامی تاران دەربڕی.
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگە، دوابەدوای ناڕەزایەتییەکان دژی دەستبەسەرکردنی ئاهو دەریایی، خوێندکاری یەکەی زانست و توێژینەوە کە لە ناڕەزایەتییەکدا لە دژی سەرکوتکردنی ژنان لە لایەن ڕژێمەوە بۆ سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ، جلەکانی داکەند و نیمچە ڕووت بووەوە، کۆڕبەندی جیهانی خوێندکاران ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە دۆخی ئەم خوێندکارە و گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی دەروونی دەربڕی. هەروەها داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی ناوبراویان کرد.
کۆڕبەندی جیهانی خوێندکاران بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی، کە ناڕەزایەتی ئاهو دەریایی، ئازایەتی و ئیرادەی ژنانی ئێرانی لە بەرەنگاربوونەوەی سنووردارکردنی مافە بنەڕەتییەکانیان نیشان دەدات، نووسیویەتی: دەستگیرکردنی ئەم خوێندکارە نیشاندەری ئەو ستەمە قووڵەیە کە ژنانی ئێرانی ڕۆژانە ڕووبەڕووی دەبنەوە و هەندێکجاریش، ئاسایش و ئازادی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی خۆیان لە بەرامبەر ئەم یاسا سنووردارانە.
هەروەها کۆڕبەندی جیهانی خوێندکاران داوای لێکۆڵینەوەی خێرا و سەربەخۆ و بێلایەنانە لە ڕاپۆرتەکانی خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم خوێندکارە دەستبەسەرکراوەدا کرد و هاوسۆزی خۆی لەگەڵ ژنان و خوێندکارانی ئێرانی دەربڕی کە "داوای ئازادی و کەرامەت و ئاسایشی تاکەکەسی دەکەن".
لەم ڕاگەیاندراوەدا هاتووە کە دەستگیرکردنی ئەم ژنە خوێندکارە بیرخستنەوەیەکە بۆ ئەوەی خوێندکاران و گەنجان نابێت ڕووبەڕووی توندوتیژی و ستەمکاری ببنەوە لەسەر دەربڕینی ڕای خۆیان.
کۆڕبەندی جیهانیی خوێندکاران داوای لە ڕژێمی ئێران کرد، ڕێز لە پێوەرەکانی مافی مرۆڤ بگرێت و سەلامەتی و ئازادی ڕادەربڕینی هاوڵاتیان بە تایبەتی ئەو خوێندکارانەی کە دەبێت لە دامەزراوە ئەکادیمییەکانی خۆیان هەست بە سەلامەتی بکەن، لە پێشینەی کارەکانیان دابنێت.
ئاهو دەریایی تەمەن ٣٠ ساڵ، خوێندکاری وەرزی حەوتەمی زمانی فەرەنسی زانکۆی ئازاد یەکەی زانستی توێژینەوەی زانکۆی ئازادی ئیسلامی تارانە، دوای دەستبەسەرکرانی لەلایەن ئیتلاعاتەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەروونی ئێران کرا.
مای ساتۆ، ڕاپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، وێڕای بڵاوکردنەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دەنگی ئەمریکا بڵاوکراوەتەوە، سەبارەت بەو ژنە خوێندکارەی لە زانکۆی زانست و لێکۆڵینەوە دەستگیر کراوە، نووسیویەتی، لە نزیکەوە چاودێری ئەم ڕووداوە و کاردانەوەی دەسەڵاتدارانی ڕژێمی ئیسلامی دەکات.