"بۆ ڕزگارکردنی هەموو ژنانی دەستگیرکراوی ئێزیدی تێدەکۆشین"

ژیاندا ئێزدیخان، ئەندامی فەرماندەیی یەکینەکانی ژنانی شەنگال "یەژەشە" و تەورێ حسێن، ئەندامی تاژێ، باسیان لە ئازادکردنی فریال خدر ئیبراهیم کرد و ڕایانگەیاند، ئەوان بۆ ڕزگارکردنی هەموو ژنان تێدەکۆشن.

شەنگال

 

فریال خدر، کە لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ لەلایەن چەتەکانی داعشەوە لەگەڵ خێزانەکەی دەستگیرکرا، دوای ٩ ساڵ لەلایەن یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە" و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک "هەسەدە" ڕزگارکرا و لە ٢٩ی ئەیلوولدا ڕادەستی خێزانەکەی کرا لە شەنگال.

 

ژیاندا ئێزدیخان، ئەندامی فەرماندەیی یەکینەکانی ژنانی شەنگال و تەورێ حسێن، ئەندامی تاژێ باسیان لە ئازادکردنی فریال لە دەستی چەتەکانی داعش کردو رایانگەیاند، هەوڵدەدەن هەموو ئەو ژنانە ڕزگار بکەن کە دوای ٩ ساڵ هێشتا چارەنووسیان نادیارە.

 

"سوپاسی شەڕڤانانی یەپەژە و هەسەدە دەکەین"

ژیاندا ئێزدیخان، ئەندامی فەرماندەیی یەکینەکانی ژنانی شەنگال، سەرەتا سوپاسی هێزەکانی یەپەژە و هەسەدەی کرد و وتی: بە ناوی فەرماندەیی یەشەژەوە، سەرەتا سوپاسی هێزەکانی یەپەژە و هەسەدە دەکەین، بە پشتیوانی کارەکانیان، ژنێکی ئێزیدیمان لە چەتەکانی داعش ڕزگار کرد، ئێستا فریال چووەتە ناو خاکی ئێزیدییەکانەوە، دوای فەرمانەکە ئەمە یەکەم جارە هەنگاوی ناوەتە خاکەکەی، لەلایەن بزووتنەوەی ئازادی ژنانی ئێزیدی (تاژێ) لە باخچەی ڕێبەر ئاپۆ پێشوازی لێکرا.

 

"هەوڵێکی زۆر دەدرێت بۆ ڕزگارکردنی زیندانییەکان"

ڕاشیگەیاند، تا ئازادکردنی هەموو ژنێکی ئێزیدی تێدەکۆشن و وتی: وەک هێزەکانی یەشەژە، ئەرکی سەرەکی ئێمە ڕزگارکردنی یەک بە یەکی ژنانی ئێزیدییە لە چەتەکانی داعش، وەک یەژەشەو یەپەژە، دوای فەرمانەکە، تا ئێستا کارێکی زۆر کراوە بۆ ڕزگارکردنی زیندانییەکان، لە لایەکەوە هێزە ئەمنییەکانی ئێزیدی لە لایەکی دیکەوە هەموویان کار بۆ ئازادی و سەقامگیری شەنگال دەکەن،وەک هێزەکانی یەژەشە لە هەموو ساتەکانی ژیانمان کار دەکەین بۆ گەلەکەمان.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا، ژیاندا ئێزدیخان تیشکی خستە سەر خەباتی ٩ ساڵەی فریال و وتی: فریال بۆ ماوەی ٩ ساڵە لە دژی چەتە دڕندانەکان تێکۆشانی کردووە و لە ئەنجامدا گەیشتە خەونەکانی و بە گەیشتنی بۆ خاکی ئێزیدییەکان وەڵامی ئەو چەتانەی دایەوە، وەک هێزی یەژەشە دەڵێین کە ئێمە خۆمان بە بیرۆکەی ڕێبەر ئاپۆ ڕاهێناوە، بۆ ئەوەی هیچ هێزێک نەتوانێت لە باوەڕ و کولتوورمان ڕابگرێت، ئەو یارییانەی کە دەیانویست لە کۆمەڵگاکەماندا بیکەن هەموویان بەتاڵ بوون.

 

"خوشکەکەم لەگەڵ سێ منداڵەکەی لەدەستی داعشدایە"

تەورێ حسێن، ئەندامی تاژێ خۆشحاڵی خۆی بەم ڕستەیە دەربڕی: ژنێکی دیکەی ئێزدی لە دەستی داعش ڕزگارکرا، زۆر دڵخۆشین، هیوا و ئاواتی ئێمە ئەوەیە کە هەموو ژنانی ئێزدی ڕزگار بکرێن و لەلایەن هێزەکانی یەپەژە و هەسەدەوە بگەڕێندرێنەوە بۆلامان، خوشکەکەم لەگەڵ سێ منداڵەکەی لەدەستی چەتەکانی داعشدایە، لە ماڵی خاڵم ١٢ کەس دەستگیرکراون، ڕۆژێک دێت شەڕڤانان ڕزگاریان دەکەن. جارێکی دیکە دڵخۆشی خۆمان دەردەبڕین و دەڵێین یەکێک لە کچەکانمان گەڕاوەتەوە لامان، ئێمە زۆر دڵخۆشین.