وانەبێژانی کۆیە: لە مافی مۆڵەتی دایکایەتی بێبەشین

مامۆستایانی وانەبێژی کۆیە گربوونەوە و ژنانی وانەبێژیش دەڵێن: بە وانەبێژیمان لە مافی مۆڵەتی دایکایەتی بێبەشین و مۆڵەتمان نییە.

ئەڤین جبرائیل

 

کۆیە- ئەمڕۆ لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی کۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێر، مامۆستایانی وانەبێژی شاری کۆیە بۆ جارێکی دیکە گردبوونەوە و داوای دامەزراندنیان دەکرد کە حەقێکی ڕەوایی خۆیانە.

 

کوێستان جەلال، مامۆستایەکی وانەبێژە و ئاماژەی بەوەدا، ئەرکێکی زۆر جێبەجێ دەکەن بەرامبەر مافێکی کەم، کرێی هاتووچۆ ئاستەنگی بۆ درووست کردوون، ٣ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، هاوژین هەن کە  هەردووکیان وانەبێژن و لە خانووی کرێندان، ناتوانن بەم شێوازە کرێی خانوو دابین بکەن.

 

شۆخان جەلال، یەکێکی تر بوو لە وانەبێژەکان و داوای مافی دامەزراندنی دەکرد، وتی: ماوەی (١٠)ساڵە وانەبێژم بەڵام بێبەشم لە مۆڵەتی دایکایەتی و مۆڵەتی شیرپێدان و مۆڵەتی ئاسایی و لەگەڵ ئەوەشدا ٣ مانگە مووچەم وەرنەگرتووە، داواکاریمان ئەوەیە لە وەزیری پەروەردە کە دامانبمەزرێنن و ببین بە مامۆستایی هەمیشەیی بمان کات بە هەمیشەیی.