لە سیمینارێکدا ڕێژەی ژنان لە کایە جیاوازەکاندا خرایەڕوو

لە هەموو ئەو ئامارانەی خرانەڕوو لەسەر بەشداریکردنی ژنان لە پۆست و پێگە جیاوازەکاندا، دەرکەتووە ژنان بەربەستیان بۆ دروست دەکرێت لە گەیشتن بە ئاستی باڵا و بە کەم تەماشای تواناکانیان دەکرێت.

سلێمانی

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی ژنان لە شاری سلێمانی سیمینارێکیان بە ناونیشانی "بەرەوپێشچوونی ڕەوشی ژنان لە هەرێمی کوردستان' بۆ مافناس "دڵخواز عەبدوڵا" ڕێکخست کە ئەندامە لە تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکان.

 

لە سیمینارەکەدا دڵخواز عەبدوڵا ئاماژەی بە چەندین خاڵ کرد، کە دەرکەوتووە ڕەوشی ژنانی لە هەرێمی کوردستان بەرەو خراپبوون دەچێت، وتیشی: ژنان بەهۆی فشاری ئابووری، پەراوێزخستنی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە ڕووبەڕووی ستەم دەبنەوە، ژنان بە بەردەوامی ڕووبەڕووی پەراوێزخستن بوونەتەوە.

 

دەربارەی بەشداریکردنی ژنان لە کایە جیاوازەکانی ژیاندا ڕوونیکردەوە، لە ساڵی ٢٠٠٥ و ٢٠١٣ دوو خولی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەڕێوەچووە لە هەڵبژاردنەکاندا ژنان لە ٪٢٥یان پێکهێناوە، ڕێژەی ژنان لە پەرلەماندا بەم شێوازە بووە، لە ساڵی ١٩٩٢دا ٧ ژن بوونەتە ئەندام پەرلەمان، لە خولی دووەم ٢٨، خولی سێهەم ٤١، خولی چوارەم ٣٤، خولی پێنجەم ٣٣ ژن بووە و بۆ یەکەمین جار ژنان لەو خولە بوونە سەرۆکی پەرلەمان.

 

لە بواری دادوەری ژنان توانیویانە ڕۆڵی خۆیان ببینن و ببنە دادوەر و داواکاری گشتی هەروەها پلەی جیاواز وەربگرن، ڕێژەکە بەم شێوەیەیە ٦١ داواکاری گشتی ژن هەیە، ٣٦ داوەری تایبەت لە دادگاکانی تێهەڵچوونەوە هەیە، ١٩٤ لێکۆڵەری دادی هەیە، ٢٨٩ یاریدەدەری دادوەری جگە لە مافناس و یاسا ناس هەن کەلە کەرتی تایبەتی کار دەکەن.

 

لە بواری بەڕێوەبردندا کە گرفتی زۆرینەی ژنان لەم بوارەدا کۆبووەتەوە، لە کابینەکاندا ژنان چۆن ڕۆڵیان هەبووە، بەم ڕێژەیە بوو لە کابینەی یەکەمدا تەنها یەک وەزیر هەبوو ئەویش وەزارەتی نەبوو، کابینەی دووەم ١ وەزیر، کابینەی سێهەم و چوارەم بە دوو ئیدارەییەوە لە هەولێر دوو وە لە سلێمانی پێنج وەزیر هەبوون، کابینەی پێنەجەم سێ وەزیر، شەشەم و حەوتەم و هەشتەم ١ وەزیر هەبوون، لە کابینەی نۆیەمیشدا و کۆتا کابینە ٣ وەزیر هەبوون.

 

لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا سەرۆکی زانکۆ تەنها دوو سەرۆکی زانکۆی ژن هەیە، ١٢ ڕاگری زانکۆ و ٧٨ سەرۆک بەش هەن.

 

دڵخواز عەبدوڵا وتی: داتاکان دەری دەخەن بەشداری ژنان کەمە لە کایە جیاوازەکانی کۆمەڵگە، هۆکاری دەستنەگەیشتنی ژنان بۆ ئەم پلە و پێگانە نەبوونی کۆتایە لە هەڵبژاردنەکاندا، هەبوونی ئەو ڕێژە زۆرەی نەخۆشی کەلە ناو ژناندا هەن، ئەوەش بە ئاماری مۆڵەتەکاندا دەرکەوتووە کە مۆڵەتی ژنان هەمیشە بۆ نەخۆشیە، بەڵام بۆ پیاوان بۆ خوێندن و بەرەوپێشچوونی خۆیانە، خراپی لە تێڕوانینی کۆمەڵایەتی بۆ ژنان و نەبوونی دەرفەت بۆ بەشداریکردن لەو خولانەی وڵاتانی دەرەوە.

 

هەبوونی هەموو ئەو ئەرکانەی بەسەر ژنانەوەیە و تێڕوانینی کۆمەڵگەش دووبارە هۆکارە بۆ ئەوەی ژن نەتوانێت بگاتە پۆستی باڵا یاخود سیاسەتی حزب، بە کەم سەیرکردنی تواناکانی ژنان ڕێگرن بۆ پێشنەکەوتنی ژنان.