چارەسەرکردنی پزیشکی لە نێرگس محەمەدی قەدەغە دەکرێت
بنەماڵەی نێرگس محەمەدی ئاشکرای دەکەن کە بارودۆخی تەندروستی نێرگس محەمەدی لە زیندان ناجێگیرە و لە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکیش بێبەش کراوە، بەوهۆیەوە ژیانی لە مەترسیدایە.
ناوەندی هەواڵ
بنەماڵەی نێرگس محەمەدی دەربارەی سەردانیان بۆ لای نێرگس و بارودۆخی تەندرووستییەوە ئاماژەیان بەوەکرد، سەرەڕای جەختکردنەوەی پزیشکەکان لەسەر تێکچوونی تەندرووستی نێرگس محەمەدی زیندانی سیاسیی ئێران و ڕاگەیاندنی فەرمی لەلایەن پزیشکی دادی زەنجان، نێرگس پێویستی بە چاودێری پزیشکی بەپەلە هەیە، بەڵام داواکاری گشتی تاران بە نایاسایی ڕەوانەی گرتووخانەی زەنجانی کردووە و ڕێگرە لە پێدانی مۆڵەت بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی.
بنەماڵەی نێرگس محەمەدی وێڕای دەربڕینی نیگەرانی سەبارەت بە نەخۆشییەکەی نێرگس، لەوانە ئازاری توندی سنگ، سەرگێژخواردن، سەرئێشە، دابەزینی کێشی نائاسایی، هەناسە توندی، داوای گواستنەوەی دەستبەجێی بۆ ناوەندێکی پزیشکی تایبەتمەند دەکەن.
جەختیان لەوە کردووەتەوە، بەردەوامی بێبەشبوونی لە خزمەتگووزارییە تەندرووستییەکان، ژیانی ئەم زیندانییە سیاسییەی خستووەتە مەترسییەکی گەورەوە.
نێرگس محەمەدی بە یەکێک لە دیارترین داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دادەنرێت، لە ساڵی ٢٠٢٣ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێبەخشرا وەک ڕێزلێنانێک بۆ خەبات دژی سزای لەسێدارەدان و داکۆکیکردنی بەردەوامی بۆ مافەکانی ژنان.
لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ـدا دەسەڵاتداران بە هۆکاری تەندرووستی دوای نەشتەرگەری لابردنی وەرەمێک بە شێوەیەکی کاتی ئازادیان کرد، بەڵام لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ـدا گەڕێنرایەوە بۆ زیندان.
جێگای ئاماژەیە، دادگا سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاندووە، بەهۆی “ڕێکخستن و پیلانگێڕی”، ئەمە جگە لەوەی ساڵ و نیوێک بە تۆمەتی “بڵاوکردنەوەی دەنگۆ”، لەگەڵ قەدەغەکردنی گەشتکردن بۆ ماوەی دوو ساڵ سزا دراوە.