هەڵمەتێک بۆ پاڵپشتی یەپەژە دەستپێدەکات

پلاتفۆرمی چالاکی هاوبەشی تەڤگەر و ڕێکخستنەکانی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان داوای ناساندنی فەرمی یەپەژە وەک هێزێکی ڕەوا و پاراستنی پێکهاتەکەی و دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان و پاراستنی دەستکەوتەکانیان لە بەرامبەر تیرۆر و توندوتیژیدا دەکات.

قامیشلۆ

 

پلاتفۆرمی چالاکی هاوبەشی تەڤگەر و ڕێکخستنەکانی ژنان، دەستپێکردنی هەڵمەتێک بۆ پشتیوانی لە یەپەژە و داوای بەشداریکردنیان لە پرۆسەی یەکگرتن، بەگوێرەی ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ی نێوان قەسەدە و حکومەتی کاتی سووریا ڕاگەیاند.

 

پلاتفۆرمی چالاکی هاوبەشی تەڤگەر و ڕێکخستنەکانی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەمڕۆ، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەستپێکردنی هەڵمەتەکە ڕاگەیاند، ڕاگەیاندراوەکە بە سێ زمان "کوردی، عەرەبی، سریانی" خوێندرایەوە، بە زمانی عەرەبی لەلایەن بەرپرسی دەسەڵاتی ژنان لە جزیرە، سايف دندا، لە نێوان کۆبوونەوەیەکی گەورەی ژنان، ئەندامانی ڕێکخراوەکانی ژنان، نوێنەری پارتە سیاسییەکان، هەروەها چالاکوانانی مافی مرۆڤ، ڕۆشنبیران و چالاکوانانی ژنان خوێندرایەوە.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، بەرگری ڕەوای خۆی و کۆمەڵگە لە دژی تیرۆر و توندوتیژی ڕێکخراو مافێکە کە یاسا و ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکان مسۆگەری کراوە، بە پشتبەستن بە پێوەری نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێککەوتننامەکانی جنێف و بڕیارنامەی ١٢٣٥ و جاڕنامەی ئاسایش و ئاشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەتایبەتی کاتێک ژنان و منداڵان ئامانجی سەرەکی کوشتن و ڕفاندن و ئاوارەبوون و بە کۆیلەکردنن.

 

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا سووریا شایەتحاڵی تاوانە بەرفراوانەکانی ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی بووە، ژنان تووشی قێزەونترین شێوەی توندوتیژی و دەستدرێژی بوون و منداڵان و ژنانیش تووشی هەموو جۆرە پێشێلکارییەک بوون، ئەمەش بەرپرسیارێتی بەرگریکردن لە خۆی و گروپەکانی خستۆتە ئەستۆی کۆمەڵگە.

 

لەم هەلومەرجەدا، پێویستی هێزێک هاتە ئاراوە کە توانای پاراستنی ژن و منداڵ و کۆمەڵگەیان هەبێت و ڕووبەڕووی ئەو تیرۆرە ببنەوە کە مرۆڤایەتی و کەرامەتی و مافی ژیانی کردۆتە ئامانج، هەر لەو ڕوانگەیەوە بوو کە یەپەژە پێک هات.

 

ئاماژە بەوە کراوە، کە یەپەژە لە سەرەتای دامەزراندنیانەوە لە ڕۆژئاوای کوردستان سەلماندیان کە کاریگەرترین هێز و کۆتا ئاماژەی ڕێکخستنی ژنانە لە سەرانسەری سووریا، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا یەکێک بوون لە دیارترین هێزەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، نموونەیەکی ناوازەیان لە بەرگریکردن لە مرۆڤایەتی و کەرامەت و ئازادیدا داناوە، یەپەژە لە پێشەنگی شەڕی داعش و ئەوانی دیکەدا بوون، ڕێکخراوە توندڕەوەکان، بەشداری ڕاستەوخۆ لە پاراستنی خەڵکی مەدەنی، ڕزگارکردنی هەزاران ژن و منداڵ، بەرگریکردن لە کۆمەڵگە ناوخۆییەکان بە هەموو هەمەجۆرییەکانیانەوە.

 

ئەوەشی خستۆتەڕوو، ژنانی شەڕفان ناو ئەو یەکانە باجێکی قورسیان داوە بۆ پاراستنی کۆمەڵگەی سووریا و هەموو مرۆڤایەتی، پێشکەشکردنی شەهید و بریندار لە شەڕەکاندا بۆ بەرگریکردن لە شار و گوندەکان، هەروەها لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر کە ژنانی لە سەرووی هەموو ئەوانی ترەوە کردۆتە ئامانج، ڕۆڵی ئەو یەکانە تەنها سەربازی نەبووە، بەڵکو هێزێکی ڕەوشتی و کۆمەڵایەتییان پێکهێناوە کە بەشداربووە لە پاراستنی ژنان لە توندوتیژی و توندڕەوی، بەهاکانی بەشداریکردن، یەکسانی و دادپەروەری.

 

بەهێزکردنی بەشداری یەپەژە لە سیستەمی بەرگریدا

دووپاتی کردەوە، کە بوونی یەپەژە لەناو سوپادا، مسۆگەری پابەندبوونی سوپایە بە بنەماکانی لە توانای بەرگریکردن لە ئاشتی و ئاسایشدا، ئەم یەکانە نوێنەرایەتی پێوەرە ڕەوشتیەکەی دەکەن، بەستراوەتەوە بە بیرکردنەوەیەک کە لە نکۆڵی ئەویتر تێدەپەڕێت و ڕەگ و ڕیشەی لە بیرۆکەی پێشکەوتنخوازانەدا هەیە، جگە لەوەش بوونی ژنان لە سوپادا ئەرکی بەرگری و بەرخۆدانی هەیە لە گۆڕینی ئەو ئەقڵیەتەی کە ئیرادە و مافەکانی ژنان ڕەتدەکاتەوە، پاراستنی جیاوازی ئەم یەکانە وەک هێزێکی تایبەتمەند بۆ ژنان، پێویستییەکی نیشتمانییە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی دوور و درێژیان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ژنان و بەشداریکردنیان لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری، هەروەها دڵنیای دەدات لە داننان بە ڕۆڵ و مێژوو و قوربانیدانەکانیان.

 

پلاتفۆرمی چالاکی هاوبەشی تەڤگەر و ڕێکخستنەکانی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە ڕاگەیاندراوەکەدا، دەستپێکردنی هەڵمەتێک بۆ پشتیوانی لە یەپەژە بە دروشمی "هەموومان یەپەژەین، یەپەژە نوێنەرایەتیمان دەکات" ڕاگەیاند، داوای ئەمانەی خوارەوە دەکات:

١- دانپێدانانی یەپەژە وەک هێزێکی شەرفانی ئاسایی لەناو وەزارەتی بەرگری سووریا.

٢- پاراستنی پێکهاتەی یەپەژە وەک بەشێکی دانەبڕاو لە سیستەمی بەرگری سووریا لە ناوچەی ڕۆژئاوای کوردستان.

٣- پاراستن و چەسپاندنی ئەو دەستکەوتانەی کە ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان بەدەستیان هێناوە، کە ژنانی کورد و سووریای کردووە بە نموونەیەک کە لە ناوچەکە و جیهاندا دووبارە بکرێتەوە.

٤- ئازادکردنی ژنانی دەستبەسەرکراو و گەڕاندنەوەی تەرمی شەهیدانی ژن و ئاشکراکردنی چارەنووسی ژنانی ونبوو و بێسەروشوێنکراو.

٥- پێویستە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و زلهێزە کاریگەرەکان پشتیوانی لە یەکخستنی یەپەژە بکەن لە پێکهاتەی وەزارەتی بەرگری سووریادا.

٦- بە سەرنجدان بەوەی کە جاڕنامەی دەستووری سووریا بڕگەیەک لەخۆناگرێت کە خزمەتی سەربازی بۆ پیاوان سنووردار بکات، ئەمەش ڕێگە بە زیادبوونی بەشداری ژنان دەدات لە دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکان.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا، جەخت لەسەر گرنگی دەستەبەرکردنی ڕۆڵی ژنان و ڕێکخستنی بەشداریکردنیان کراوەتەوە، لەوانەش لەناو پێکهاتە تایبەتمەندەکانی ژنان وەک یەپەژە، بەگوێرەی بنەماکانی یەکسانی و جیاکاری نەکردن.

 

داوای لە هەموو تەڤگەریەکان و ڕێکخراوەکانی ژنان و هێزە دیموکراتیکیەکان و بیروڕای گشتی لە کوردستان و جیهان کرد کە پاڵپشتی ئەو هەڵمەتە بکەن و لەگەڵ یەپەژە بوەستن، کە بوونەتە سیمبولی بەرخۆدان و بەرگریکردن لە ئازادی ژنان و بەدیهێنانی ئاشتی و دیموکراتیک.

 

هەروەها داوا لە هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندنی نێودەوڵەتی کراوە وەک دەنگێک بۆ خەباتی ژنان بۆ ئازادی پشتیوانی ئەم هەڵمەتە بکەن.