سزای لەسێدارەدان بۆ زیندانێکی سیاسی تاران دەرچوو
مریەم هداوند، یەکێکە لەو کەسانەی کە لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ دەستبەسەر کرابوو، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، ئێستا لە بەشی ژنانی زیندانی ئێڤین لە تاران دەستبەسەرە.
ناوەندی هەواڵ
بە پێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، مریەم هداوند لە پێوەندی بە ئاگرکەوتنەوە لە مزگەوتی "سيد الشهداء" لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلاب لە تاران سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە.
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایگەیاندووە، کە مریەم هداوند تەمەنی بە نزیکەی ٤٠ ساڵ و دایکی دوو منداڵە، لە کاتی خۆپیشاندانەکانی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ لەلایەن هێزەکانی ڕژێمی ئێران لە تاران دەستبەسەر کراوە.
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، نزیکەی ١٠ ڕۆژ لەمەوبەر، مریەم هداوند سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە، لەکاتێکدا ڕەتکرایەوە نوێنەرایەتی یاسایی هەبێت، بەتۆمەتی تێوەگلان لە ئاگرکەوتنەوەکەی مزگەوتی "سيد الشهداء" لەپاکدشت، کە بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، دۆسیەی مریەم هداوند، ڕەوانەی لقی نۆی دادگای باڵا کراوە، دوای ئەوەی تانە لە سزایکەی تۆمار کرا.
تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد سەبارەت بە کات و شوێنی دەستگیرکردنی مریەم هداوند یان وردەکاریی ڕێوشوێنە یاساییەکانی بڵاونەکراوەتەوە پەیوەست بەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی کراوە.