دادگای گەل؛ دەنگی ژنانی ئەفغانستان بۆ لێپرسینەوە لە تاڵیبان

لەگەڵ پەرەسەندنی تاوانەکانی تاڵیبان دژی ژنان، چوار ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەفغانستان "دادگای گەل"یان دەستپێکردووە، ئایا ئەم دادگایە دەتوانێت دەنگی ژنانی ئەفغانستان بە جیهانیی بکات؟

بەهاران لەهیب

 

ئەفغانستان-دادگای گەل دادگایەکی هێماییە کە کاریگەرییەکی قوڵی لەسەر دامەزراوە دادوەری و یاساییە جیهانییەکان هەیە، سەکۆیەک بۆ ئاشکراکردنی ئەو تاوانانە دابین دەکات کە زۆرجار بێدەنگ دەکرێن.

 

چەند ساڵ لەمەوبەر دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" لە ئێران، ژنانی ئێران دەستپێشخەرییان کرد بۆ ڕێکخستنی دادگایەکی گشتی هاوشێوە، کە شایەتحاڵەکان شایەتحاڵییان دا و چیرۆکەکانیان باس کرد، خۆشبەختانە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئەفغانستان دەستپێشخەرییەکی هاوشێوەیان لە باوەش گرتوە و بڕیارە بەم زووانە هەمان دادگا کۆببێتەوە.

 

لەدوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات، یەکەم هێرشیان ئاراستەی ژنان بوو، ئەوان لە کار و خوێندن بێبەش کران، هەروەها توشی زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان و دەستدرێژی سێکسی و ئازاردانی سێکسی بوون، زاڵبوونی ئایدۆلۆژیای توندڕەو، بە هاوکاری لەگەڵ پێکهاتەی پیاوسالاری باو، وایکرد هەندێک لە ژنان، بە تایبەتی ئەوانەی کە بەهۆی "پابەندنەبوون بە یاساکانی باڵاپۆشیەوە" زیندانیکراون، خۆیان بکوژن، هەندێکی دیکەشیان ڕووبەڕووی کێشەی دەروونی و جەستەی ڕاستەقینە بوونەتەوە.

 

"شایەتحاڵەکان ئازارەکانی تاڵیبان دژی ژنانی زیندانی ئاشکرا دەکەن"

بەڵام ژنانی ئازا سەریان هەڵدا و ئەو تاوان و دەستدرێژییانەیان ئاشکرا کرد کە تووشی بوون، تەنانەت ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە تاڵیبان لەکاتی دەستدرێژیکردنە سەریان لە زیندانەکاندا تۆماریان کردبوو، بە مەبەستی هەڕەشەکردن و بێدەنگکردنی ژنان، لەلایەن ئەو ژنانەوە دزەیان پێکرا بۆ ڕاگەیاندنەکان، وە بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەفغانستاندا، ژنان بە ئاشکرا و بەبێ ترس و شەرم، باسی ئەو دەستدرێژی و ئازاردانی سێکسییەیان کرد کە تووشی بوون، پشتیوانییەکی بەرفراوانیان لەلایەن هاولاتیان و ژنانی دیکەوە وەرگرت.

 

هەر لەبەر ئەم هۆکارانە و بەهۆی بەردەوامی تاوانەکانی دژی ژنان، چوار ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەفغانستان، لەوانەش ڕێکخراوی مافی مرۆڤ و دیموکراتی لە ئەفغانستان، بڕیاریاندا داوا بکەن کە دادگای گەل پێداچوونەوە بەو تاوانانەدا بکات.

 

ساڵانێکە ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ و دیموکراتی ئەفغانستان "AHDO" چالاکییە بنچینەیەکانی بۆ دەستەبەرکردنی مافی قوربانیانی شەڕ لەو وڵاتەدا ئەنجامداوە، لەوانە دامەزراندنی سندوقێکی یادگاری بۆ قوربانییەکان، دامەزراندنی مۆزەخانەیەک کە چوار دەیە شەڕ و تاوانەکان بەڵگە دەکات، هەروەها نمایشکردنی نمایشی شانۆی بەڵگەنامەی بە بەشداری بنەماڵەی قوربانییەکان، دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات، ئەندامانی ئەم ڕێکخراوە ناچار بوون ئەفغانستان بەجێبهێڵن، بەڵام لە دەرەوەی وڵات بێدەنگ نەبوون، ئەوان بەردەوام بوون لە کۆکردنەوەی بەڵگەنامە و بەڵگەکانی تاوانەکانی تاڵیبان دژی ژنان و ڕۆڵێکی کارایان بینی لە دەستپێکردنی دادگای گەل بۆ گەورەکردنی دەنگی ژنانی ئەفغانستان.

 

لە ڕاگەیاندراوێکی ڕێکخراوەکەدا هاتوە، دادگا دەنگی ژنانی ئەفغانستان بەرز دەکاتەوە بۆ ئاستی نێودەوڵەتی، گوێ لە گەواهی ژنان و پسپۆڕان دەگیرێت، بڕیاری کۆتاییش دەردەچێت، ئەوان جەختیان لەوە کردەوە، کە ئەم دادگایە لە ڕووی یاساییەوە پابەندکەر نییە، بەڵکو نوێنەرایەتی دادگایەکی بیروڕای گشتی دەکات، فشاری جیهانی دەخاتە سەر و تیشک دەخاتە سەر پێویستی دادپەروەری ئینتقالی و لێپرسینەوە لە تاڵیبان.

 

"پێداچوونەوەکان کە داوای دادپەروەری و لێپرسینەوە لە تاڵیبان دەکەن"

لە لایەکی دیکەوە نەتەوە یەکگرتوەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی دیکە پێشوازییان لەم دەستپێشخەریە کردوە، بەڵام ژنانی هۆشیارمەند لە ئەفغانستان هۆشدارییان داوە، کە بەتەنها پێشوازیکردن لەو دەستپێشخەریە بەس نییە، دەبێت دەنگی ژنان لە ناوخۆی وڵاتەوە ببیسترێت، هیوادارین ئەو ژنانەی کە بەلاڕێدا بردران و پێشتر بەشدارییان لە دانوستانەکانی بەناو ئاشتی لەگەڵ تاڵیبان کردبوو، وە بە میانڕەو پێناسەیان کردوە، ئەمجارەیان نوێنەرایەتی نەکەن، هەروەها ئەو ژنانەی لە ناوخۆدا ئەشکەنجە دراون دەبێت ئەمجارەیان نوێنەرایەتی بکرێن، بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە شێواوی نەمێنێت.

 

دەوترێت دادگای گەل نوێنەرایەتی دەرفەتێکی مێژوویە بۆ ژنان لە ئەفغانستان بۆ ئەوەی ڕێگە بە جیهان بدەن دەنگی ستەملێکراوان ببیستن، هەرچەندە ئەم دادگایە لە ڕووی یاساییەوە پابەندکەر نییە، بەڵام بە کۆکردنەوەی بەڵگە و شایەتحاڵ و دەرکردنی سزای ئەخلاقی، دەتوانێت فشاری پێویست بخاتە سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ لێپرسینەوە لە تاڵیبان و بەدیهێنانی دادپەروەری.