ئەندازیارانی تونس بەدەست توندوتیژی پیشەییەوە دەناڵێنن

ئەندازیارانی تونس بەدەست توندوتیژی پیشەییەوە دەناڵێنن، بەتایبەتی نایەکسانی موچە و ڕەتکردنەوەی دەستڕاگەیشتن بە پۆستەکانی بڕیاردانن.

نەزیهە بوسعیدی


تونس ـ لەناو ئەو پێشهاتە کۆمەڵایەتی و ئابوورییانەی لە تونس ڕوودەدەن، ئەندازیارانی ژنان بەردەوامن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگاری ئاڵۆز کە بەردەوامیی چەشنە ڕەگەزییەکان و هەڵاواردن لە بازاڕی کاردا ئاشکرا دەکەن، سەرەڕای باشی ئەکادیمی و خۆبەخشی پیشەیی، زۆرێک لە ئەندازیارانی ژنان لە پۆستەکانی بڕیاردان دوورخراونەتەوە و ڕووبەڕووی پرسیاری ناپیشەیی و بەربەستی دارایی دەبنەوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی بۆشایی ڕاستەقینەیە لە دەرفەتە یەکسانەکاندا.

 

شایەتحاڵی زیندوو و وردەکاری ورد کە لەلایەن نادیە سویسی، پێشەنگی کۆمەڵەی ئەندازیارانی ژنانی تونسەوە ئاشکرا کراوە، تیشک دەخاتە سەر ئەو هەوڵانەی کە بۆ شکاندنی ئەم بەربەستانە و بەدیهێنانی دادپەروەری پیشەیی بۆ ژنان لە کەرتی ئەندازیاریدا دراون.

 

نادیە سویسی، پێشەنگی کۆمەڵەی ئەندازیارانی ژنانی تونس ڕایگەیاند، ئەندازیارانی ژنانی تونس بەدەست توندوتیژی پیشەییەوە دەناڵێنن، کە لە قۆناغی تاقیکردنەوەی پیشەیی دەست پێدەکات، ئەندازیارانی ژنان پرسیاری کەسییان لێدەکرێت کە لە پیاوان ناکرێت، وەک "ئایا تۆ هاوسەرگیریت کردووە؟" "منداڵت هەیە؟" "دەزگیرانت هەیە؟"

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمەڵەکە ئەو پرسیارانە بە جۆرێک لە توندوتیژی دەزانێت، چونکە لە پیاوان ناپرسرێت و هەندێکجار وەک پاساوێک بۆ دەرکردنی ژنان بەکاردەهێنرێن، کاتێک ئەندازیارانی ژنان چوونە ناو بازاڕی کار، تێبینیمان کرد کە ئەو موچەیەی پێیان دراوە کەمتر بووە لە موچەی پیاوان، سەرەڕای ئەوەی هەردوو لایەن هەمان بڕوانامەیان هەیە، ئەندازیاری ژنانیش ڕووبەڕووی چەندین ئاڵەنگاری دەبنەوە کە ڕێگرییان لێدەکات، لە گەیشتن بە پۆستەکانی بڕیاردان ئەم بەربەستانە لەسەر بنەمای تێڕوانینە کۆنەپەرستانەکانن، وەک ئەوەی ئەندازیارانی ژنان لە دەرەوەی کاتی کارکردن کار ناکەن یان بەشداری لە دانیشتنە نافەرمیەکاندا ناکەن لەگەڵ بەڕێوەبەران (لە کافێ یان چێشتخانەکان)، ئەمەش بە پێویستیەک دادەنرێت کە بەشدارە لە بەرزکردنەوەی پلەی پیاوان.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەندازیارانی ژنان زیاتر لە ئەندازیارانی پیاوان کاردەکەن، چ لە ڕووی پیشەیی و چ لە بابەتە خێزانییەکان، تەنانەت هەندێک جار بەرپرسیارێتی گرنگیدان بە دایک و باوکیان لە ئەستۆ دەگرن، جگە لەوەش زۆرجار ئەندازیارانی ژنان لە پلەی یەکەمی تاقیکردنەوەکانی بەکالۆریۆسدان، هەروەها ئەندازیارانی ژنان زۆرجار لە یەکەمەکانی بەکالۆریۆس دان، چونکە ئەندازیاری پێویستی بە تێکڕای بەرز هەیە کە لە ١٦ یان ١٧ لە ٢٠ کەمتر نەبێت، ئەندازیارانی ژنانی تونسی لە ٪٥٤ی کۆی ئەندازیاران پێکدەهێنن، بەڵام نوێنەرایەتییان لە پۆستەکانی بڕیاردان بە بەراورد بە پیاوان زۆر لاوازە، کێشەی تریش هەیە کە ڕووبەڕووی ئەندازیارانی ژنان دەبنەوە، وەک زەحمەتی بەدەستهێنانی پارە بۆ پرۆژەکان، کاتێک ئەندازیارێک لە بانکێک نزیک دەبێتەوە تووشی زۆر بەربەست دەبێت و هەندێک جار ڕەتدەکرێتەوە بەهۆی نەبوونی موڵک، یان لەبەر ئەوەی ئەو زەوییەی کە دەتوانرێت بۆ کشتوکاڵ بەکار بهێنرێت بە ناوی براکەی تۆمار کراوە.

 

ڕۆڵی کۆمەڵە

نادیە سویسی جەختی لەوە کردەوە کە بوونی کۆمەڵەکە پێویستە سەرەڕای ئەو ڕەخنانەی کە ئاراستەی دەکرێت، وەک "بۆچی کۆمەڵەیەک تەنها بۆ ئەندازیاری ژن هەیە، هەرچەندە ژمارەیان لە ژمارەی پیاوان زیاترە؟" ئەو پێی وایە کە پیشەی ئەندازیاری هێشتا لە تونس و لە سەرانسەری جیهان بە "پیشەی پیاو" دادەنرێت، چونکە پیشەیەکی داواکاری زۆری لەسەرە، هەر بۆیە دەبێت ئەم چەشنە کۆنەپەرستییە بشکێنرێت.

 

ئاماژەی بەوەدا کە ڕەفتای هەندێک لە ئەندازیارانی ژنان عەقڵییەتی پیاوسالاری قووڵتر دەکاتەوە، چونکە هەندێکیان وەک پیاوان گفتوگۆ لەسەر موچەکانیان ناکەن، یان لەبەر شەرم یان لەبەر ئەوەی لە کۆمەڵگەکانیاندا وا پەروەردە کراون کە "کار خۆی دەستکەوتە"، لە کاتێکدا پیاوان ئازاتر دەبن چونکە پێیان وایە لەسەر بنەمای هەوڵەکانیان مافی موچەکەیان هەیە، بە پێچەوانەوە ژنان هەوڵ دەدەن سەرەتا خۆیان بسەلمێنن و دواتر داوای زیادکردنی مووچە بکەن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بە شێوەیەکی تایبەتی بەم ئەزموونە تێپەڕیم، وەک دایک و ژن و ئەندازیارێک ڕووبەڕووی چەندین ئاڵەنگاری بوومەوە، دوای تەواوکردنی خوێندن، هاوسەرگیریم کرد و لە دوو ساڵی یەکەمی هاوسەرگیریدا دوو منداڵم بوو، هاوژینەکەم هێشتا خوێندکاری پزیشکی بوو، بۆیە وەک مامۆستا کارم دەکرد بۆ دابینکردنی بژێوی خێزانەکە، دواتر دوای چوار ساڵ، گەڕامەوە سەر کارەکەم وەک ئەندازیار و توانیم لە دۆخە سەختەکانی کارکردندا خۆم بسەلمێنم و گەیشتمە پۆستی بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای وەبەرهێنانی خانووبەرە.

 

سەبارەت بە ئەرکی کۆمەڵەکە بۆ سوودگەیاندن بە ئەندامەکانی، ئاماژەیکردووە کە کۆمەڵەکە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە خولی پەروەردەیی بۆ ئەندازیارانی ژنان ڕێکدەخات بۆ ئەوەی متمانەیان بەخۆیان بەرزبکەنەوە و فێرکردنی چۆنیەتی دانوستاندن لەسەر موچە و ڕووبەڕووبوونەوەی تاقیکردنەوە پیشەییەکان بە متمانە و لێهاتووییەوە، هەروەها ئەکادیمیایەکی خولی پەروەردەی تایبەت بۆ ئەوان دامەزراند تا فێری کارامەیی پیشەیی و چۆنیەتی هاوسەنگکردنی کار و خێزانیان بکەن، سیمینارەکان بەزۆری تایبەتن بە پیاوان، کۆمەڵەکە بڕیاریدا کۆبوونەوە بە تایبەتی بۆ ژنان ڕێکبخات بۆ پیشاندانی تواناکانیان و پێشکەشکردنی مۆدێلی سەرکەوتوو لە ڕاگەیاندنەکان بۆ گۆڕینی چەشنە کۆنەپەرستانەکان.

 

ژنان وەک هاوبەش لە بونیادنانی کۆمەڵگەدا

هەروەها کۆمەڵەکە پشتگیری لەو ژنانە دەکات کە ئارەزووی دامەزراندنی پڕۆژە دەکەن و خولی پەروەردەییان پێدەکات لەسەر چۆنیەتی دانوستان لەگەڵ بانکەکان، هەروەها لە تەمەنێکی بچووکەوە کار لەسەر پەروەردە دەکات، بە ڕێکخستنی کۆبوونەوە بۆ منداڵان، بۆ پێشخستنی بنەمای یەکسانی و شکاندنی ئەو چەشنە چەقبەستووانەی کە لە پەرتووکی خوێندنی خوێندنگەکاندا بەردەوامن، ژنان وەک پەرستار یان سکرتێر وێنا دەکرێن، لەکاتێکدا پیاوان وەک ئەندازیار یان پیشەنگ وێنا دەکرێن.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆمەڵەکە پڕۆژەیەکی بە ناوی " إحنا" (ئێمەین) لە ناوەندی گەنجان لە شاری منیهرا دەستپێکردووە، لە ڕێگەی گفتوگۆکانی لەگەڵ منداڵان بۆی دەرکەوتووە کە ئەوان ئاواتەخوازنین ببنە پزیشک و ئەندازیار، بەڵکو کوڕان زیاتر دەیانەوێت ببنە وەرزشوان یان ئەکتەر، لەکاتێکدا کچان زیاتر بەرەو پیشە نەرییتیەکانی وەک پەرستاری یان وانەوتنەوە دەچن، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو تێڕوانینە کۆمەڵایەتیانەی کە لە تەمەنێکی بچووکەوە لەناویاندا چێنراوە.

 

نادیە سویسی لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە کە ڕۆڵی دایک زۆر گرنگە لە پەروەردەکردنی منداڵان لەسەر ئاستێکی یەکسان، ژنان لەگەڵ پیاوان لە ململانێدا نین، بەڵکو هاوبەشن لە بونیادنانی خێزان و کۆمەڵگەدا، ڕۆڵەکانی نێوانیان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، ئیتر ئاسایی نییە ژنان تەنها بەرپرسیار بن لە چێشت لێنان و بەخێوکردنی منداڵ، لەکاتێکدا پیاوان تەنها پارە دەهێننەوە.