زمان لـە سەردەمی تـەكنۆلۆژیادا
دیمەن عەبدوڵا- نووسەر

ئەگەر ئێمە بەرێزبەندی و كورتی تەماشای پێشكەوتنی قۆناغەكانی مێژووی مرۆڤایەتی بكەین، راستە دەبینین مرۆڤ لە قۆناغەكانی (دارستان، ئەشكەوت، كۆچەری، گوند، شار، دەوڵەت و گەردوون) ژیاوە، بەڵام دیسان زمان لەگەڵ ئەم هەموو قۆناغانە هەر پێشكەوتووە. لەبەرئەوە، نابێت ئێمە لە زمانی كوردی بترسین، ئەگەر پسپۆڕ و خەمخۆرەكان و دەزگاكانی تایبەت بە زمان، بەتەواوی بە ئەركی خۆیان هەڵسن. كەواتە ئێمەی كوردیش دەتوانین بە رێگەی كەناڵەكانی تەكنۆلۆژیا، سوود لەو هەموو زار و شێوەزارەكانی كورد ببینین. بۆ نموونە، ئەگەر تەماشای شێوەزاری سۆرانی/ كرمانجی خواروو بكەین، دەبینین كۆمەڵە وشەی تازە بە رێگەی تەكنۆلۆژیا ئالۆگۆڕ كراون، وەك(راڤە، شرۆڤە، باندۆر، دیرۆك، نووچە هتد…) و بەپێچەوانش كراوە.
كەواتە زمان بوونەوەرێكی زیندووە، دەكەوێتە ژێر كارتێكرد و كارلێكردن. ئیتر ئەگەر جاران، بە رێگەی ئایین، شەڕ و بازرگانی، وشەی نوێ لەناو زمانەكان پەیدا بووبان، ئەوە ئەمڕۆ بە رێگەی تەكنۆلۆژیا، هەموو زمانەكانی جیهانی، دەتوانن سوود لە یەكتر وەرگرن.
ئەگەر ئێمە لە رووی كۆمەڵناسییەوە سەیری زمان بكەین، دەتوانین بڵێین كورترین پێناسەی زمان پێویستی و پێداویستییە. بەم پێناسەیە دەردەكەوێت، كە هەموو بوونەوەرەكان زمانی تایبەتییان هەیە. بۆیە دەپرسین چی وایكردووە زمان پەیدا ببێت؟ دیارە پێداویستی بوونەوەرەكان و بە تایبەتیش كاری رۆژانەی مرۆڤەكان وایكردووە، كە زمان ببێتە پێویستی و پێداویستییەكی ژیان وەك ئامرازێكی لەیەكتر گەیشتن. سەرەتاش پەنای بۆ سیمبول و ئاماژە بردووە و دواتریش ئاركیۆلۆژییەكان بەڵگەیان خستە بەردەم زمانزانەكان.
بەم تێگەیشتنە، زمان ئامرازی لەیەكتر گەیشتن و گەیاندن و پەیوەدیكردنە. هەربۆیە لە ئێستاشدا لەسەردەمی تەكنۆلۆژیا جارێكی تر مرۆڤ پەنای بردۆتە بەر زمانی ئاماژە و بەتایبەت لە نووسیندا. بۆ نموونە، لە نامە گۆڕینەوەدا ئەم ئیمۆجییانەی لە مۆبایلە زیرەكەكاندا هەیە، كە قسە دەكەن. لە دەستێك بە واتای ئۆكەی، یان باشە دێت و چەندین سیمبولی دیكە، كە هەریەكەیان ئاماژەیە بۆ شتێك، یان بەرامبەر وشەیەك دادەندرێت. ئەمەش دیارە هەمووی لە دەرئەنجامی سەردەمی خێراوە سەرچاوەی گرتووە، كە هەموو شتێك بە پەلەیە. ئێمە لەبری ئەوەی بنووسین ئاماژەیەكی دیاریكراو دادەنین، كە پەیامەكەمان دەگات. هەروەها كاتێكی زیاتر دەگەڕێتەوە بۆمان و پێشبینیش