خۆیندنەوەیەک بۆ بریاری راگرتنی (سێ یاساکە) لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵی - عێراق
سانا کەمال - نووسەر
لە بەرواری ٤ی شوباتی ٢٠٢٥، دادگای باڵای فیدراڵی- عیراق بریاری دا بە: " ڕاگرتنی جێبەجێکردنی یاساکانی لێبوردنی گشتی و باری کەسی و گەڕانەوەی زەوی و زار بە بریارێکی وەلائی کاتی"، بە هۆکاری تۆمارکردنی سکاڵای یاسای دژی یاسای بوونی یاسا ئاماژەبۆکراوەکان، مەبەست لەم بریارەی دادگا زانینی ئاستی دەستوری ئەو سێ یاسایەیە لە پرسی سکاڵاکان و بەراودکردنیان بە دەستور و ڕێگەپێدانەکانی.
سەرەتا مەبەست لە بڕیاری وەلائی ( فەرمانێکی کارگێڕی کاتیە یان ڕێکارێکی کاتیە کە لەلایەن دادگاوە دەردەچێت لەو حاڵەتانەی کە یاسا دیاری کردوە، وە هێزی جێبەجێکردنی بەپەلەی هەیە بە پێی یاسا)، وە دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستبەجێ لەگەڵ دەرچونی بریاری وەلائی جێبەجێی بکەن.
وە بابەتی پەنابردن بۆ دەرکردنی بریاری وەلائی مەبەست لێی دابینکردنی پاراستنی کاتیە بۆ مافەکان و ئازادیەکان و هەڵوێستە یاساییەکان، ئەوەش لەرێگەی پەیڕەوکردنی شێوازێک کە تایبەتمەندە بە (کورتی لە ڕێکارەکاندا و خێرایی لە کاتدا)، بۆ داکۆکیکردن لە مافی دادگایکردن، کە بە میساق و دەستور گەرەنتی کراوە، لەوانەش دەستوری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥، هەر بۆیە بریاری وەلائی بە یەکێک لە گەرەنتیە بنەڕەتییەکان دادەنرێت بۆ تاکەکان بۆ بەرگریکردن لە خۆیان و ماف و ئازادی و هەڵوێستە یاساییەکانیان.
٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ـ پەرلەمانی عێراق بەپێی بەرنامەی کاری خۆی لە بڕگەی یەکەمدا دەنگی لەسەر پرۆژە یاسای پێشنیازی باری کەسی ژمارە(١٨٨)ـی ساڵی ١٩٥٩ بۆ هەردوو ماددەی(٢-١٠) دا، بڕگەی دوەمی دانیشتنەکەش کرایە دەنگدان لەسەر ماددەی(٥)ـی پرۆژە یاسای گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان و دەنگی لەسەر درا، لە بڕگەی سێیەمیشدا، دەنگ لەسەر پرۆژە یاسای هەمواری دوەمی لێبوردنی گشتی ژمارە(٢٧)ـی ساڵی ٢٠١٦ درا.
دەنگدان لەسەر ئەو یاسایانە، ناڕەزایی بەشێک لە لایەن و پێکهاتەکانی لێکەوتەوە، لەوانەش ئێزدییەکان کە پێیان وابوو ئەو داعشانەی دەستییان هەبوو لە ڕفاندنی ئێزدییەکان، بەر لێبوردنی گشتی دەکەون کە دەبوو لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و دادگایی بکرێن.
وە هەر بۆیە بە هۆکاری نارەزایەتی ١٠ لە ئەندامانی پەرلەمانی عیراق سکاڵای یاساییان تۆمارکرد و داوای دەرکردنی بریاری وەلائیان کرد بۆ ڕاگرتنی جێبەجێکردنی یاسا ئاماژەبۆکراوەکان، ئەمەش بە هۆکاری بانگەشەیان بۆ یاسای نەبونی ڕێکارەکانی دەنگدان لە کاتی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران سەبارەت بەو سێ یاسایە.
راگرتنی ئەو سێ یاسایە بە بریاری وەلائی مانای راگرتنی هەتا هەتایی نییە، بەڵکو تەنها راگرتنێکی کاتیە تا کاتی یەکلایی بونەوەی داوا تۆمارکراوەکان لەدژی پەسەندکردنی ئەو سێ یاسایە بەیەک سەبەتە: واتە لە یەک رۆژ و بەیەک جار.
لە کۆتایدا بریاری وەلائی هیچ کاریگەریەکی نییە و هیچ کاریگەریەکی نابێت دوای دەرچونی بڕیار لەو داوایەیی کە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵیەوە تاوتوێ دەکرێت، هەروەها بریاری وەلائی کۆتایی دێت بە دەرکردنی بڕیارێکی یەکلاکەرەوە لە داواکەدا چ بە دەستوری بوون یان نەبوونی سێ یاساکە.