مرۆڤ لەنێو قسە و کرداردا

کنێر عەبدوڵا - نووسەر

 

یەکنەگرتنەوە یان دژایەتی نێوان قسە و کردار لە خودی مرۆڤەکاندا یەکێکە لە بابەتەکانی هەمیشە گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت و مرۆڤەکان پێوەی دەناڵێنن ، چ لە نێوان هاورێکان، هاوسەرەکان، پیشە جیاوازەکاندا بێت تا دەگاتە ئاستی پەیوەندییە رۆشنبیری و سیاسییەکان. ئەو دژایەتییە کاتێک ڕوودەدات کە مرۆڤەکان باس لە هەندێک بەها یان بنەما دەکەن، بەڵام لە ڕاستیدا بەپێی ئەو بەهایانە مامەڵە ناکەن.

ئەم جۆرە دووفاقییە دەتوانێت ببێتە هۆی گرژی و لەدەستدانی متمانە بە پەیوەندییە کەسی و پیشەییەکان کە هۆکاری زۆرە لەوانە؛ ناراستگۆیی، دووڕوویی، خۆنیشاندان لە بەرگێکی تر، راگرتنی هاوسەنگی ، خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی، لاوازی ئیرادە، موراعاتکردن، باوەرنەبوون و بێ متمانەیی بەخود ،کلتوری ژینگەی پەروەردەیی و ئاستی رۆشنبیری تاکەکان.

جیاوازی قسە و کردار؛ بریتییە لە

ناتەبایی نێوان ئەوەی مرۆڤ دەیڵێت و ئەوەی لە ڕاستیدا دەیکات واتە؛ کاتێکە مرۆڤ بە شێوەیەک ڕەفتار بکات کە جیاواز بێت لەوەی دەیڵێت یان ئەوەی ئیدیعای دەکات کە لە زۆر دۆخی جیاوازدا دەردەکەوێت بە نموونە؛ کاتێک کەسێک باس لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی ئەکات، بەڵام ئامادە نییە هیچ بەرپرسیارێتییەک بگرێتە ئەستۆی چ لە ماڵ بێت یان دەرەوەی. کاتێک باس لە خۆشەویستی و رێزگرتن ئەکات، بەڵام تەنانەت هیچ لە مامەڵەکردنە مرۆییەکان ناگات .کاتێک ئەڵێ باوەڕم بە هاورێیەتی کچ و کوڕ هەیە، بەڵام لەکاتی هەڵوێستدا ناتوانێت هاوسەنگی و دادپەروەری رابگرێت لە نێوان هاورێ و هاوسەرەکەیدا. کاتێک باس لە مەبدەئی هاوبەشی و بەشداریکردن دەکات لە ژیانی هاوسەرگیریدا، بەڵام حساب بۆ هیچ کەس ناکات لەکاتی بڕیارداندا. باس لە ئازادی مرۆڤ دەکات ، بەڵام خۆی پێش ئەوانیتر قسەوقسەڵۆک و تۆمەت و ناوزڕاندن دەخاتە پاڵ ئەویتر. باس لە رۆشنبیری و شکاندنی تابۆکان دەکات، بەڵام بە رێچکەشکاندنی هەر نەریت و دژەباوێک لە ریزی پێشەوەی کۆنەپارێز و دواکەوتووەکان بڕیار لە چارەنوسی ئەوانیتر دەدەن.

ئیدی دەرئەنجام بە شکستی مرۆڤ و دواکەوتنی کۆمەڵگە کۆتایی پێدێت .

یەکگرتنەوە و یەکخستنی گوفتارو رەفتاری هەر مرۆڤێک بەهایەکی ئەخلاقی و مرۆییە و رێزگرتنی مرۆڤە لە خودی خۆی و راستگۆییە لەگەڵ خۆیدا پێش هەر کەسێکی دیکە؛ بۆیە گرنگە مرۆڤ ئەوەندە بڵێت کە دەتوانێت بیکات و ئەوەندە بکات کە بتوانێت بە باوەڕ و متمانەبوون بەخۆی هەنگاو بنێت لەکاتی روداوەکاندا . ئیدی لە راستیدا تەنها مرۆڤ لەکاتی روداوەکان و هەڵوێست و رەفتارەکانیدا دەتوانێت چ خۆی بناسێت و چ دەرفەتێکیش بێت بۆ ئەوەی وەک خۆی بناسرێت لەلایەن ئەوانیترەوە.