مەترسییەکانی چەکدانان بە کورد
سۆزان حەمە تاتە – نووسەر

لەسەر ئاستی دوو بەشی کوردستانی گەورە، بە ڕەسمی داوای چەکدانان لە کورد دەکرێت؛ ئەردۆغان و هاوبیرەکانی لە باکووری کوردستان و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ڕاگوزەری سووریا و دارودەستە و هاوپەیمانە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی، داوا دەکەن شەڕڤانان و گەریلا چەک دابنێن، بێ ئەوەی بە دەستوور چارەسەرێک بۆ دۆزی کورد بخەنەڕوو.
باوەڕی من لەو ڕووەوە ئەمەیە: چەکدانان و وازهێنان لە خەباتی پێشمەرگانە بێ ئەوەی بە کردار دۆزی کورد چارەسەر بکرێت یەکسانە بە کردنەوەی ریسی چەند ساڵەی خەبات بە خوری و بە زمانە سیاسییەکەیش بریتییە لە خۆڕادەستکردن بە دەسەڵاتی مافخۆری کورد.
ڕاستە و دەگونجێت بووترێت خەباتی مەدەنی لە دنیای سەردەمدا کاریگەریی زۆرە و دەکرێت میکانیزمێکی باش بێت بۆ وەرگرتنەوەی مافە خوراوەکان، بەڵام بۆ وڵاتانێک کە بڕوای تەواوەتییان بە چارەسەری سیاسی و دەستووری نییە و هێزی سەربازیی دەوڵەت بۆ کوشتنی نەتەوە چەوسێنراوەکان بەکاردەهێنن، تەنها خەباتی مەدەنی و پەرلەمانی بەس نییە، بەڵکو ئەگەر هێزی پێشمەرگانەی لە پشت نەبێت، ئەوا خەباتی مەدەنی ناتوانێت دەستەبەری ئامانجەکان بکات.
ئەزموونی بەڕێوەبەرێتیی خۆسەر لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەگەر پشت ئەستوور نەبووایە بە گیانفیدایی و هێزی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە، ئەوا ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش هەر زوو لەناوی دەبرد، ئەگەر هەسەدە خاوەن توانای بەرگری و خۆپارێزی نەبووایە، ئەوا تورکیا و میلیشیا نزیکەکانی هەموو ڕۆژئاوای کوردستانیان وەکو عەفرین داگیر دەکرد، ئێستایش ئەگەر هەسەدە هەمان توانای پێشوو زیاتری نەبووایە، ئەوا شەرع و هێزە ئیسلامییە تووندڕەوەکان بەئاسانی دەچوونە سەریان و کوردیان جینۆساید دەکرد.
لە باکووری کوردستانیش، ئەگەر هێزی گەریلا نەبووایە دەوڵەتی تورک ڕێگەی بە خەباتی مەدەنی و پەرلەمانیی کورد نەدەدا و هەروەکو ۱۰۰ ساڵی رابردوو، کوردی جینۆساید دەکرد بەناوی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرەوە.
سووریا و تورکیا دوو وڵاتی دیموکراسیخواز و مرۆڤدۆست نین تا کورد بە داواکەیان رازی بێت و چەکیان بۆ دابنێت، داوای چەکدانان بە ئاشکرا دەکەن وەکو حەسەن دغێم، وتەبێژی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا دەڵێت "تاوەکو ئەوکاتەی هەسەدە چەکیان هەڵگرتبێت لە چوارچێوەی کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سوریا نابن".
تورکیایش لە زاری ئەردۆغان و سەرکردەکانی دیکەیەوە هەمان داوای هەیە، لایان روونە کورد چەکی لەدەست نەبێت ئاسان زیاتر سەرکوتی دەکەن، چەک بۆ کورد شکۆ و قەڵغانە و بێ چارەسەریی بنەڕەتی دۆزی کورد بە دانپێدانانی دەستووری نابێت چەک دابنێت، نابێت بڕوا بە بانگەشەی بێ ناوەڕۆک بکات و خەبات و خوێنی خۆی هەرزانفرۆش بکات.