پاتریارکی و توندڕەوی، دوو ڕووی یەک سیستەمن
بەهار مونزیر - چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان
زۆرجار پاتریارکی و توندڕەوی وەك دوو کێشەی جیاواز باس دەکرێن؛ یەکێک وەك نەریتێکی کۆمەڵایەتی و ئەوی تر وەک بیرۆکەیەکی ئایدیۆلۆژی یان ئایینی توند، بەڵام لە ڕاستیدا، ئەم دووانە بە یەکەوە پەیوەستن و لە یەك بنەماوە سەرچاوە دەگرن، توندڕەوی لە شوێنێکی بەتاڵدا درووست نابێت، بەڵکو لە نێو سیستەمی پاتریارکی گەشە دەکات؛ سیستەمێک کە دەسەڵات، کۆنترۆڵ و بێدەنگکردنی ژنان ئاسایی دەکات.
لە عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەم پەیوەندییە تەنها بیرۆکەیەك نییە، بەڵکو لە یاسا، دامەزراوەکان و ژیانی رۆژانەدا دیارە پاتریارکی وەك بنەمایەکی توند رەگی دادەکوتێت، پێکەوە سەوز دەبنەوە.
پاتریارکی تەنها کێشەی نایەکسانی ژن و پیاو نییە، بەڵکو سیستەمێکی دەسەڵاتە کە کۆمەڵگە ڕێکدەخات لەسەر بنەمای دابەشکردنی دەسەڵات، پیاوەتی، پیرۆزکردنی خێزان لەم سیستەمەدا، ژنان دەبن بە ئامراز: ئامرازی ناموس، بەرپرسیاریەتی کاری بێ کرێ هتد..
ئەم هەمان بنەمایانە بیرۆکەی توندڕەوانەش پێکدەهێنن، توندڕەوی پێویستی بە ڕۆڵی توندو دیاریکراوی ڕەگەزی هەیە و هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئەم ڕۆڵانە، وەک مەترسی بۆ “خێزان”، “ئایین” یان “کۆمەڵگە” نیشان دەدرێت. بەم شێوەیە، توندڕەوی تێکچوونی نەریت نییە، بەڵکو پاتریارکییە لە شێوەیەکی توند و ڕێکخراو. کۆنترۆڵکردنی ژنان وەک ستراتیژی سیاسی، یەکێک لە ڕوونترین خاڵەکان لە پەیوەندی پاتریارکی و توندڕەوی، هەوڵی بەردەوام بۆ کۆنترۆڵکردنی جەستە، ژیان و بڕیارەکانی ژنانە.
یاساکانی هاوسەرگیری، جیابوونەوە، سەرپەرشتی مناڵان و میرات، هەرگیز بێلایەن نین؛ ئەوان ئامرازی دەسەڵاتن.
هەوڵەکان بۆ لاوازکردنی ژنان و گۆڕینی بۆ یاساکان وەك ئێستای عێراق، بە یاسای مەزهەبی، تەنها گۆڕانکاری یاسایی نین؛ ئەوان هەوڵێکن بۆ دەرکردنی ژنان لە هاوڵاتیبون و گەڕاندنەوەیان بۆ ژێر دەسەڵاتی پیاوان، ئەم بیرۆکەیە، هەمان بیرۆکەی توندڕەویە.
توندوتیژی، بێدەنگی و ئاساییکردنی ستەمە لە سەر ژنان کویلە کردنی ژنانە لە بەرگێکێ دیکەدا لە سەردەمێكی گەلێك جیاوازدا. توندڕەوی پشت بە توندوتیژی دەبەستێت، بەڵام پاتریارکی کۆمەڵگە فێری قبوڵکردنی ئەو توندوتیژییە دەکات، توندوتیژی خێزانی، کوشتنی ژنان بە ناوی شەرف، و زۆرەملێ، زۆرجار وەک “کێشەی خێزانی” یان “نەریت” باس دەکرێن، نە وەک تاوانێکی سیاسی، کاتێک ژن لەلایەن خێزانەکەیەوە دەکوژرێت و سزاکە لاوازە یان هیچ نییە، ئەوا توندڕەوی پێویست ناکات خۆی نمایش بکات؛ چونکە بیرۆکەکەی پێشتر لە کۆمەڵگەدا جێگیر بە.
فشاری سەر بزووتنەوە ژنان
پاتریارکی و توندڕەوی هەردووکیان دژ بە بزوتنەوە ژنانن، رێکخراوەکانی ژنان زۆرجار تاوانبار دەکرێن بە “تێکدانی خێزان”، “هێنانی بیرۆکەی رۆژئاوا” یان “هەڕەشە بۆ کۆمەڵگە، ئەم زمانە، هەمان زمانی توندڕەویە. کاتێک دەوڵەت و هێزە سیاسییەکان دەنگی بزوتنەوە یەکسانخوازەکان لاواز دەکەن، هۆشیارانه یارمەتی توندڕەوی دەدەن.
بۆچی بزوتنەوەی ژنان و دەنگی یکەسانیخوازان مەترسین بۆ سەر توندڕەوی؟
بزوتنەوەی ژنان و یەکسانیخوازان بنەمای دەسەڵات تێکدەشکێنێت کە لەسەر بنەمای پاتریارکی درووست بووبیت؛ داوای یەکسانی، سەربەخۆیی و بەرپرسیارێتی دەکات. بۆیە هەردوو سیستەمی پاتریارکی و توندڕەوی لێی دەترسن.
تێکدانی توندڕەوی تەنها بە هێزی ئەمنی یان وتاری دژە توندڕەوی ناکرێت. ئەگەر یاسا، کۆمەڵگە و سیاسەت لەسەر نایەکسانی ڕەگەزی دامەزرابن، توندڕەوی هەمیشە شوێنێک بۆ گەشە دەدۆزێتەوە، بەتایبەتی لە ناو رووبەرێكدا کە توندوتیژی دژی ژنان تێدا بچێتەسەر .
پاتریارکی و توندڕەوی دوو کێشەی جیاواز نین؛ ئەوان دوو رووی یەك سیستەمن. تا کاتێک ژنان بێدەنگ، کۆنترۆڵکراو و لە هاوڵاتیبوونی تەواو دەرکراون، توندڕەوی بەردەوام دەبێت. مافی ژنان بابەتێکی لاوەکی نییە؛ ئەوە هێڵی بەرگرییەکی سەرەکییە دژ بە توندڕەوی.