چۆن پەروەردە بکرێتە دەرفەت بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ؟

خەڵات فەرەیدون -سەرپەرشتیاری پەروەردەیی

١٠ی دێسەمبەری هەموو ساڵێک، رۆژی جیهانی مافی مرۆڤە،  دانانی ئەم رۆژە  بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ٧٧ ساڵ بەر ئێستا و لە ١٠ی دیسەمبەری ساڵی ١٩٤٨ بۆ یەکەمجار جاڕنامەی مافی مرۆڤ راگەیەندرا و بڵاوکرایەوە.

 

کەی کوردستان چووە پاڵ ئەم جاڕنامەیە؟
هەرێمی کوردستانی عیراق لە ساڵی ١٩٩٢بەدواوە لە پەرلەمانی کوردستان لیژنەی تایبەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ پێکهێنا، هاوکات دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان بوونی هەیە، سەرەڕای زۆر بەربەست و ئاڵنگاری، بەڵام بەراورد بە زۆر ناوچەی دیکەی عیراق و وڵاتانی ناوچەکە، پەروەردە یەکێکە لە باشترین دەرفەتەکان بۆ بەدەمەوەچوونی رەوشی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان.


سەرەڕای پێشکەوتنی بەرچاو، هەموو رۆژێک لە سەرانسەری جیهاندا بەگشتی و لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان پێشێلدەکرێن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەنگاوی جددی هەیە بۆ رێگرییکردن لە پێشێلکارییەکان، ئەوە دەرفەتێکی دڵخۆشکەرە بۆئەوەی بمانەوێت کاری باشتری لەسەر بنیات بنێین، بەڵکو پێویستیی بە سەرنج  و خستنەڕووی زیاتر هەیە بەشێوەیەک بتوانین کوردستان هەنگاوی زیاتر ببەینە پێشەوە.

قوتابخانەکان، رۆڵیان چییە؟
پرسیاری گرنگ سەبارەت بە بیرکردنەوەی ستراتیژی و دوورمەودا ئەوەیە، قوتابخانەکان دەتوانن چ رۆڵێکی کار و گرنگ وازی بکەن بۆ داهاتووی کوردستانەکەی ئێمە؟
پێموایە ئەوەی گرنگە بکرێت لە رۆژی جیهانیی مافی مرۆڤدا؛ بیرکردنەوەیە لە رۆڵی قوتابخانەکان، چونکە ئەوان کلیلی کۆمەڵایەتییکردنی نەوە گەنجەکانن، بە ئامادەکردنیان بۆئەوەی ببنە ئەندامی چالاکی کۆمەڵگە، لەم رووەوە نموونەی زۆری جیهانی هەن کەوا قوتابخانەکان توانیوویانە ببنە رێگەی راستی خەباتی مەدەنی و کەلتوری لەسەر رێگەی پێشکەوتنی کۆمەڵگە و دامەزراوەکانی.

دەبێت قوتابخانەکان سەرمەشق بن 
ئەزموونی ژیانی پەروەردەییم دەمگەیەنێتە ئەو بڕوایەی، پێویستمان بەوە هەیە قوتابخانەکان شوێنی قبوڵکردن و گشتگیریی بن، چونکە قوتابخانەکان بنیادنەری داهاتوون. لەسەرئاستی جیهانی پێشکەوتوو کە زۆرینەمان وەکو نموونە باسیان دەکەین، قوتابخانەکان دەرگای سەرەکی بەڕووی پێشکەوتناندا کرانەوەن.
هەروەها خوێندکاران بە زانیاری و لێهاتوویی بەهێز دەکەن بۆ رێزگرتن لە مافەکانی خۆیان و مافی ئەوانی دیکە، هەروەها بەرەوپێشبردنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و رێگرییکردن لە پێشێلکارییەکان و بنیاتنانی کۆمەڵگەی ئارام و دادپەروەرانە.

ئەرکەکانی پەروەردەی سەردەم قورستترن
 پەروەردە لە ناوەندی ئەم هەوڵانەدایە بۆ گەیشتن بە مافەکانی مرۆڤ، پێویستە ئەرکی پەروەردە بە تەنها گواستنەوەی زانیاری نەبێت، بەڵکو گواستنەوەی بەهاکانی مروڤایەتی بێت، چونکە مافی مرۆڤ بنەمای هەموو گەشەیەکی راستەقینەیە، مرۆڤ کە خۆی و مافەکانی ناسیی، ئەوا راستەوخۆ دەبێتە خاوەن رێگەی راست بەرەو سیستەمێکی تەندروستی پەروەردەیی و خۆسازدان بۆ کۆمەڵگەیەکی گەشەسەندوو.

بەستنەوەی مافەکانی مرۆڤ بە پەیڕەو پرۆگرامی خوێندنەوەو 
بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان دەیەوێت پەروەردەی مافەکانی مرۆڤ بکات بە واقیع و مافی مرۆڤ بکاتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی رۆژانەی قوتابخانەکاندا، بۆئەوەی رێبازێکی پشتبەستوو بە مافی مرۆڤ بگرنە بەر، لە رێگەی  دروستکردنی ژینگەیەک کە تێیدا هەموو خوێندکاران ئەزموونی یەکسانی و کەرامەت و رێزگرتن، یەکترقبوڵکردن لە رێگەی میتۆد و ژیانی رۆژانەوە پراکتیزە بکەن. ئەویش بە هێنانە کایەی پەرلەمانی قوتابیان لە قوتابخانەکاندا کە قوتابیان خۆیان سەرۆکایەتی و ئەندامێتی تێدا بکەن، بۆئەوەی خوێندکاران چالاکانە بەشداربن لە بڕیاردان و بە شێوەیەکی پراکتیکی فێربن پراکتیزەی مافەکانیان بکەن لە ناو قوتابخانەدا، کە ئەمەش رۆڵی بەرچاو دەگێڕێت لە توانای کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی قسەی ناشرین و رەفتارە نەرێنییەکانی دیکەی هەیە، لە هەمانکاتدا دەستکەوت و ئاواتەکانی ئەکادیمی بەرز دەکاتەوە.


وەزارەتی پەروەردە بۆ هاندانی قوتابخانەکان پەیڕەو دەکات "خەڵاتی قوتابخانە بۆ مافەکانی مرۆڤ"، ئەم خەڵاتە دەدرێ بەو قوتابخانانەی کە پابەندن بە باشترکردنی ستانداردەکانی پەروەردە و فێرکردن لە رێگەی مافەکانی مرۆڤ، لە رێگەی جێبەجێکردنی میکانیزمی خودهەڵسەنگاندن و دانانی پلانی کار بە یارمەتی و پاڵپشتی سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە قوتابخانەکەدا، ساڵانە خەڵاتەکان لەلایەن لیژنەکانی مافی مرۆڤ لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەوە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت، بە مەرجێک هیچ یەکێک لە ئەندامانی لیژنەکە پەیوەندییان بەشێوەیەکی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بە قوتابخانەکەوە نەبێت، بۆئەوەی بەبێ لایەنگیری بڕیار لەسەر ئەدای قوتابخانە بدەن، بە مەبەستی بەشداریی لە خەڵاتی مافەکانی مرۆڤ دەبێت قوتابخانە بەپێی کاتنامەیەکی جێگیر ئەو هەنگاوانە بەدیبێنێت بە رەچاوکردنی رێژەی دەرچوونی خوێندکاران و ئەو نمرەیەی لە خودهەڵسەنگاندنی قوتابخانە بەدەستیانهێناوە، مافی پێشکەشکردنیان هەیە بۆ داواکردنی خەڵاتەکانی "بڕۆنز و زیو و زێڕ" بە گرتنەبەری چەند رێکارێک و دانانی پلانێکی واقیعی. 


پێکهێنانی لیژنەی ئاڕاستەکاری مافەکانی مرۆڤ لە قوتابخانەکاندا، کە بەڕێوەبەری قوتابخانەکە سەرۆکە، جگە لەوەی یاردەدەری بەڕێوەبەر و رێنماییکاری پەروەردەیی و چەند مامۆستایەک ئەندامن سەرۆکی پەرلەمانی خوێندکارانیش ئەندامە لە لیژنەکەدا کە ئامانجی لیژنەکە بەدەستهێنانی خەڵاتە بۆ قوتابخانەکە. بە گوێرەی بەرنامەکە ئەم لیژنەیە مانگی جارێک لە قوتابخانەدا کۆدەبنەوە لەپێناو باشترکردنی ئەدای قوتابخانە، کۆی ئەم بەرنامەیە لەلایەن یەکێتیی ئەوروپا و کارگێڕیی ئەنجوومەنی رۆشنبیریی بەریتانییەوە پاڵپشتی دەکرێت.


کۆمەڵێک قوتابخانە بۆ ئەمساڵی خوێندن دەبنە مۆدێلێکی نموونەیی بۆ پەروەردەی مافەکانی مرۆڤ، ئەم پڕۆژەیە ماوەی سێ ساڵە لە ئارادایە و لە چەند قوتابخانەیەک لە شاری هەولێر پەیڕەوکراوە، بەڵام بۆ ئەمساڵی خوێندن گشتگیرکراوە لە سەرجەم شارەکانی هەرێمی کوردستان، چەند قوتابخانەیەک کاری پێ بکەن، تائێستا لە رێگەی بەڕێوەبەرێتییەکانی مەشق و راهێنانەوە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان  ٣٦٨ سەرپەرشتیاری پەروەردەیی و ٧٣٦ بەڕێوەبەر بەشداریی خولەکانی تایبەت بەم پڕۆسەیە بوون کە بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام بووە.

ماف بەپێی کوالێتی بێت باشترە
دەستڕاگەیشتن بە خوێندن بۆ هەمووان مافێکی بنەڕەتییە، بەڵام کوالێتی ئەو پەروەردەیە گرنگە، ئایا سیستەمی خوێندن، نەوەی نوێ فێری بەها ئەرێنییەکانی هاودەنگی، رێزگرتن لە کەسانی دیکە، لێبوردەیی دەکات بۆئەوەی منداڵان بەرەو کەلتوری مافی مرۆڤ هەنگاوبنێن و ئامادەبن بۆئەوەی رۆڵی بنیاتنەر لە کۆمەڵگادا بگێڕن؟


ئەگەر سیستەمی نوێی پەروەردە وەڵامی ئەرێنیی بۆ ئەو پرسیارە نەبێت، ئەوا دەبێت بەدوای نوێبوونەوە و دەرفەتی دیکەدا بگەڕێین بۆئەوەی پەروەردە بکەینەوە خاوەن رۆڵی سەرەکیی لەسەر رێگەی بنیاتنانی کۆمەڵگەی کوردەواری، دوای ئەوەی وا زیاتر لە سێ دەیەیە هەرێمی کوردستان خاوەنی سیستەمی نیمچە سەربەخۆی خۆیەتی.