پاراستنی سامانی ئاو ئەرکە

په‌رژین ساڵح یار ئه‌حمه‌د- نووسەر

ئاو بەشێكی گرنگی ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییانە و لە جێبەجێکردنی سەرجەم کاروبارەکاندا پێداویستییەکی سەرەکییە، لە کۆندا وتراوە (ئاو و ئاوەدانی).


ئێستا تەنها شەڕ شەڕی نەوت نییە، بەڵكو دەمێكە شەڕی ئاو دەستیپێكردووە، هەروەها دیاردەكانی ئەو شەڕە زیاتر بەرۆكی ئەو وڵاتانەی گرتووە كە بیریان لە دروستكردنی بەنداو بۆ گلدانەوەی ئاو نەكردووەتەوە و كەمتەرخەم بوون لە بنیاتنان و دروستكردنیدا، ئێستاش قەیرانی ئاو لە هەرێمی كوردستان سەریهەڵداوە، زۆربەی ماڵەكان بە تانكەر ئاو دەكڕن، كە ئەمەش بارگرانییەكە بۆ هاووڵاتییان، بە داخەوە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا نەتوانراوە وەک پێویست بەنداو دروست بكرێت، بۆئەوەی كێشەی كەمئاوی بەرۆكمان نەگرێت.


هەڵبەتە هەم لایەنی بەرپرس و هەم هاووڵاتییانیش كەمتەرخەمن لە چارەسەركردنی ئەم كێشەیە و پاراستنیدا، دەبێت لە كاتی سەرە ئاوی گەڕەكەكاندا هاووڵاتییان زیادەڕۆیی نەكەن لە بەكارهێنانی ئاودا، بۆ ماڵ شتن و ئۆتۆمبێل شتن، هەروەها پێویستە لەسەر لایەنی بەرپرس لە شارەوانی یاخود بەڕێوەبەرایەتی ئاو بە بەردەوامی تیمی گەڕۆکیان هەبێت و لەکاتی بەردانەوەی ئاودا سەردانی گەڕەکەکان بکەن، هەر ماڵێک سەرپێچی کرد بە شتنی بەردەرگە و ئۆتۆمبێل یاخود بەفیڕۆ رۆیشتنی ئاو لەسەر تانکی سەربان بەهۆی نەبوونی تەوافە سزا بدرێت.


  ئاو و كارەبا سامانی گشتین و بۆ خۆم دژی زیادەڕۆییم تێیاندا، بۆیە چەند جارێك لە كاتی بەردانەوەی ئاودا کاتێک بە گەڕەکەکاندا تێپەڕیوم و سەرپێچییەکم بینیبێت راستەوخۆ بە کەسەکەم وتووە و بەئاگام هێناوەتەوە لەوەی ئەوە سامانێکی گشتییە و نابێت بەفیڕۆی بدەین، یاخود پێم وتوون کە تیمەکانی سەرپێچی دەگەڕێن و سزایان دەدەن بۆئەوەی بترسن و دووبارەی نەکەنەوە، بەڵام وەک دەبینرێت نەهێشتنی ئەو سەرپێچییانە بە سزادانی سەرپێچیکاران بە بڕێک پارە و زیادکردنی هەڵمەتەکانی هۆشیاریی بۆ پاراستنی سامانی گشتی دەبێت کە پێویستە بەرپرسان بە جددی پلانیان بۆی هەبێت و کاری لەسەر بکەن جا لە رێگەی راگەیاندنەکانەوە بێت یاخود ئەنجامدانی کۆڕ و سیمینار بە بەردەوامی، بۆئەوەی هاووڵاتییانیش هەست بەو بەرپرسیارێتیە بكەن و بە خۆیاندا بچنەوە، لەبەرئەوەی لە كۆتاییدا هەموومان خەڵكی ئەم هەرێمەین و خەمی هەموومان پاراستنیەتی.