"بە سایەی شۆڕشی ڕۆژئاوا، ژنان هەلی کاریان بۆ ڕەخسا"

شیلان ئەحمەد، خاوەنی چێشتخانەی شیلانی ژنان، باسی یەکەم پڕۆژەی ئاشخانەی کرد و ڕایگەیاند، بەهۆی شۆڕشی ڕۆژئاواوە ژنان هەلی کاریان دەستکەوت.

زەینەب عیسا

 

قامیشلۆ-لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاوا هەلی کار بۆ ژنان ڕەخسا و ژنان جێگەی خۆیان گرتەوە و لە هەموو بوارێکدا بوونە پێشەنگ، لە قامیشلۆ چێشتخانەی شیلان دروستکراوە کە چەند ژنێک تێیدا کار دەکەن، شیلان ئەحمەد، خاوەنی چێشتخانەکە تەمەنی ٢٩ ساڵە، کە خەڵکی شاری قامیشلۆیە، وتی: بەم چێشتخانەیە خاوەنی ئابووری سەربەخۆی خۆمم.

 

 شیلان ئەحمەد باسی یەکەمین پڕۆژەی چێشتخانەو ئامانجی کردنەوەی کردو وتی: من لە ساڵی ٢٠٢٢ چێشتخانەی شیلانم کردەوە، ئەم پڕۆژەیەی من لە سایەی شۆڕشی ڕۆژئاواوە کرایەوە کە هەلی کاری بۆ ئێمە ڕەخساند، بە کردنەوەی ئەم پڕۆژەیە، دەمەوێت یارمەتی خێزانەکەم بدەم و پارەی خۆم بەدەست بهێنم هەستێکی زۆر خۆش مرۆڤ لە ڕەنجی خۆی بخوات.

 

بەسەر سەختییەکاندا زاڵ بوو

 شیلان ئەحمەد باسی لە سەختییەکانی سەرەتاو ئەو کەسانە کرد کە پاڵپشتییان دەکرد و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: یەکێک لە سەختییە سەرەتاییەکان ئەوە بوو کە چێشتخانەکە بچووک بوو، ئەو کەرەستانەی بەکارمان دەهێنان گران بوون و دەستکەوتنی خۆراک زۆر قورس بوو، بەڵام دوای ئەوەی چێشتخانەکە ناسراو ناوی لێنرا، ئەم سەختییانە وردە وردە کەمبوونەوە، سەرەتا خێزانەکەم و هاوژینەکەم پشتگیریان کردم، بەهۆی ئەوانەوە چێشتخانەی شیلان گەشەی سەند و هەمووان لێی ڕازی بوون.

 

چوار ژن لە چێشتخانەی شیلان کار دەکەن

شیلان ئەحمەد ڕوونیشیکردەوە، چوار ژن لە چێشتخانە کاردەکەن و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: نزیکەی چوار ژن هەن کە لە چێشتخانە کاردەکەن، بەڵام هەندێکجار لەکاتی پێویستی دەبینە ١٠ ژن، چەندین جۆری خواردن دروست دەکەین چەندین جۆری خواردنی فۆلکلۆری هەموو وەرزێک دروست دەکەین، پەیجێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم هەیەو بەرهەمەکانم بە فۆڵۆوەرەکانم دەناسێنم، ئەوان حەزیان لە خواردنەکانمان هەیە.

 

"شۆڕش دەرفەتی زۆری بۆ ڕەخساندین"

شیلان ئەحمەد ڕایگەیاند، دەیانەوێت لە داهاتوودا دوکانێک بکەنەوە و پڕۆژەکەیان فراوانتر بکەن و داوای لە ژنان کرد کار بکەن و پارەی خۆیان پەیدا بکەن و لە کۆتاییدا وتی: دەمانەوێت لە داهاتوودا دوکانێک بکەینەوە و کارەکان بەرەوپێش ببەین، لە کۆتاییدا دەمەوێت بە ژنان بڵێم کە کار بکەن شۆڕشەکە دەرفەتی زۆری بۆ ئێمە ڕەخساندووە ئێمەش ئەم دەرفەتانە بەکاردەهێنین و ئابووریمان سەردەخەین.