لە شەهبا بە پێی دەرفەتەکانی ئێستا پڕۆژەی کشتوکاڵی دەڕەخسێندرێت

دەستەی کشتوکاڵی عەفرین-شەهبا، بەپێی دەرفەت و کات، هەوڵدەدات لەڕێگەی پڕۆژەی کشتوکاڵییەوە هەلی کار بۆ کۆچبەرانی عەفرین بڕەخسێنێت.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا-بە سەرپەرشتی دەستەی کشتوکاڵی عەفرین-شەهبا، ساڵانە بەپێی دەرفەتەکانی هەرێم، پڕۆژەی جۆراوجۆری کشتوکاڵی بۆ گەل دەڕەخسێندرێت،  پڕۆژەکان بە ئامانجی ڕەخساندنی هەلی کار بۆ خەڵک بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانی خۆیان ئامادە دەکرێن، دەستەی کشتوکاڵ پڕۆژەی کۆکردنەوەی پیازی دەستپێکردووە کە نزیکەی ٨٠ کرێکاری تێدایە، هەموو ڕۆژێک لە کاتژمێرەکانی بەیانیەوە کرێکاران دەچنە ناو کێڵگەکان بۆ ئەوەی لە ماوەی ٦ کاتژمێردا نزیکەی ٨٠٠ کیسە پیاز پڕ بکەنەوە.

 

دەربارەی ئەم پڕۆژەیە زەینەب جندۆ، بەڕێوەبەری بەشی ئاودێری دەستەی کشتوکاڵ، هەروەها  ژنانی کرێکار قسەیان بۆدەزگاکەمان کرد.

 

"بەپێی دەرفەتەکان هاوکاری گەل دەکەین"

زەینەب جندۆ، بەڕێوەبەری بەشی ئاودێری لە دەستەی کشتوکاڵ، باسی لە ڕەخساندنی هەلی کار کرد و لەو ئاستەنگانە کرد کە لە شەهبا دەیبینن و وتی: ئێستا دەستمان کردووە بە کۆکردنەوەی پڕۆژەی پیاز و ماوەی ساڵێکە بەردەوامە ئامانجمان کردنەوەی لو پڕۆژە کشتوکاڵیانە ئەوەیە کە خەڵک بتوانن بژێوی ژیانی خۆیان دابین بکەن، بەتایبەتی ژنان، هیچ هەلی کارێک لە شەهبادا نییە، بەڵام بەداخەوە گەمارۆدانەکە کاریگەری زۆری لەسەر کارەکانمان هەیە پێداویستی کشتوکاڵی وەک سووتەمەنی و دەرمان بەهۆی گەمارۆ و هێرشەکانەوە نەتوانرا دابین بکرێت، بەڵام هەوڵماندا بەو دەرفەتانەی کە هەبوون چارەسەری ئەو کێشانە بکەین ، لە داهاتوودا پڕۆژەی کشتوکاڵی دیکە جێبەجێ دەکەین بۆ ئەوەی سوودی لێ ببینین.

 

"کارەکانمان ئاسان نییە بەڵام بەرگە دەگرین"

 شازییە ئیبۆ سەرنجی بۆ سەختییەکانی کارکردن لە کێڵگەکاندا ڕاکێشا و وتی: ماوەی ٧ ساڵە لە کۆچبەرییدا دەژین، هەموو ڕۆژێک دەچینە کێڵگەکان بۆ بژێوی خێزانەکانمان، هەلی کار لە شەهبا زۆر نییە، هەر بۆیە دەبێت ڕوو لە کاری مەیدانی بکەین لەلایەک سەختی هەیە، دەبێت ڕووبەڕووی ببینەوە ئێمە ٦ کاتژمێر کار دەکەین بە تایبەت لە هاویندا، پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە و ئێمە لە ژێر خۆردا کار دەکەین، بەڵام هێشتا بەرگە دەگرین.