"کاتێک بێهیوا دەبم، بیرم لە ئامانجەکەم دەکەمەوە"

توران ڕەحمانی لەگەڵ خوشکەکەی شەتڵگەیەک بەڕێوە دەبات و دەڵێت: ژن ئەگەر بیەوێت دەتوانێت هەر شتێک بکات و ئەگەر ئامانجی هەبێت، دەتوانیت بە بچووکی دەست پێ بکەیت و بژێوی پەیدا بکەیت.

ڕۆژین ساڵح

 

مەریوان- شەتڵگەکان ناوەندی پەروەردەکردن و گەشەکردنی گوڵ و سەوزایین و سەرچاوەیەکی دەستەبەرکردنی بژێوی ژنان و پیاوانن، جۆرەکانی شەتڵگە جیاوازن، لەوانە گوڵی ماڵەوە، سەوزایی، میوە و ...هتد، هەروەها خانووە گوڵەکان ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕن لە پێشخستنی ئامانجە ئابوورییەکان لە پارێزگا کەم ئاوییەکان.

 

گوڵ و ڕووەک هەمیشە یەکێکە لە پێداویستییەکانی شوێنی نیشتەجێبوونی جیاواز کە هەستێکی خۆش بە خەڵکی دەوروبەریان دەبەخشێت، توران ڕەحمانی دانیشتووی شاری مەریوانە و لەگەڵ خوشکەکەیدا شەتڵگەیەک بەڕێوە دەبات، بەنیازە پڕۆژەکەی فراوانتر بکات و کرێکاری زیاتر دابمەزرێنێت.

 

توران ڕەحمانی، وەک سەرپەرشتیاری شەتڵگەکە دەڵێت: ٤ ساڵە لە شەتڵگەدا کار دەکەم، سەرەتا لە پاککردنەوەی خاکەوە دەستم پێکرد، تا دەستم کرد بە چاندنی گوڵ لە ماڵەوە و خێزانەکەم پشتگیریان دەکردم، وردە وردە داهاتەکەم دەستی پێکرد و دواتر لە ماڵەوە هاتمە دەرەوە، زۆر ژنم بینی کە بێکار بوون، یاخود داهاتیان خراپ بوو، بۆیە بیرم لەوە کردەوە کارێک دابمەزرێنم بۆ ژنان، بۆیە داوام لە ژنانی دانیشتووی گوندەکان کرد، گوڵ بچێنن بۆ ئەوەی بتوانم لە شەتڵگەکەمدا بەکاری بهێنم و گوڵەکانیان بفرۆشم.

 

هەروەها سەبارەت بە پاڵپشتی خێزانەکەی دەڵێت: خێزانەکەم زۆر یارمەتیم دەدەن، هاوژینەکەم خۆی ئەندازیارە، بەڵام لەبەر ئەوەی دەزانێت ئارەزووی کاری سەربەخۆ دەکەم، یارمەتیم دەدات، منداڵەکانیش یارمەتیم دەدەن لە کارەکانی ماڵەوە.

 

توران باسی ئەو کێشانە دەکات کە لە کۆمەڵگەدا زاڵن و باسی لەوەکرد، هەمیشە لەگەڵ ئەو کەسانەدا گفتوگۆ دەکات، کە پێیان وایە ژن لاوازە و نابێت لە دەرەوە کار بکات، وتیشی: تکایە چیتر ئەم قسانە مەڵێن، چونکە ژن ئەگەر بیەوێت و ئامانجی هەبێت، دەتوانێت هەموو شتێک بکات، دەتوانیت لە کارە بچووکەکانەوە دەست پێبکەیت و داهاتێکی ئەوتۆ بەدەستبهێنیت، کە بتوانیت بژێوی خۆت و خێزانەکەت دابین بکەیت، یان یارمەتی ئەو کەسانە بدەیت کە پێویستیان پێیەتی و ئەمەش زۆر گرنگە.

 

هەروەها لە کۆتاییدا باسی هەنگاوی داهاتووی خۆی کرد و وتی: کێشەی زۆرم هەبوو، کاری ماڵەوە و مناڵ و تەنانەت قسەی کەسانێک کە دەیانگوت نابێت ژن کار بکات، دەبوونە بەربەست و هەندێک جار بێ ئومێد دەبووم، بەڵام دیسان بیرم لە ئامانجەکەم دەکردەوە و هەوڵی زیاترم دەدا، ئێستاش بیر لە فراوانکردنی کارەکەم دەکەمەوە، وەک هەناردەکردنی گوڵ بۆ عێراق و زیادکردنی هێزی کاری زیاتر بۆ شەتڵگەکەم.