سیستەمی هاوکاری بەشدارە لە بەرزکردنەوەی چەمکی هاوژیانی

لە ڕێگەی کردنەوەی چەندین پڕۆژەی کشتوکاڵی، لەوانەش چاندنی سەوزە و میوە لە وەرزی هاوین و زستاندا، لیژنەی ئابووری ئەنجومەنی ژنانی زنوبیا لە سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە هەوڵی پاڵپشتی و بەرزکردنەوەی ڕۆڵی ژنانی داوە.

یوسرا ئەحمەد

 

ڕەققە- ئەندامی کارگێڕی لە پرۆژە کشتوکاڵییەکان لە لیژنەی ئابووری دووپاتیکردەوە کە سیستەمی هاوکاری لە پرۆژە کشتوکاڵییەکاندا بەشداربووە لە ڕەخساندنی هەلی کار بۆ زۆرێک لە ژنان و خێزانەکانیان، هەروەها چەمکی هاوژیانی نێوان ڕەگەزەکان بەهێزتر کرد بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەیەک کە دادپەروەری و یەکسانی جێندەری تیادا بێت.

 

لەژێر ڕۆشنایی ئەو پێگە شانازییەی کە پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک بەپێچەوانەی سیستەمەکانی دیکە بە ژنانی سپاردووە و بە ئامانجی هاندانیان بۆ ئەوەی پشت بەخۆیان ببەستن بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی خۆیان و پاراستنی مافەکانیان، هەروەها بتوانن ڕووبەڕووی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و هەڵاواردن و کۆیلایەتی لە ژێر دەسەڵاتی پیاودا کە زاڵە بەسەریاندا ببنەوە.

 

چەندین ڕێکخراوی ژنان ئەم بەرپرسیارێتییە لە ئەستۆ دەگرن، لەوانە لیژنەیەکی ئابووری لە ئەنجومەنی ژنانی زنوبیا لە ڕەققە لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە چەندین پڕۆژەیان دەست پێکردووە، لەوانە بەخێوکردنی ئاژەڵداری، نانەواخانە، و پڕۆژەی کشتوکاڵی لە هەردوو وەرزەکەدا و ئێستا ٪٨٠ی هێزی کاری ژنان داگیرکراوە لە ماوەی ساڵی ئێستادا، پڕۆژەیەکی بۆ چاندنی سەوزە و گەڵای ترێ دەستپێکردووە.

 

"هەوڵ دەدەین ژنان بەرەوپێش ببەین"

ویساق ئیسماعیل کارگێڕی لیژنەی ئابووری ژنان، سەبارەت بە ئامانجی کردنەوەی پڕۆژەی کشتوکاڵی وتی: ئامانجمان پاڵپشتیکردنی ژنانە لەڕووی داراییەوە لەڕێگەی هاندان و پاڵنانیانەوە بۆ ئەوەی پشت بەخۆیان ببەستن و بەشداری لە چوارچێوەی کەرتی کشتوکاڵدا بکەن بۆ بەرزکردنەوەی ڕۆڵیان و بەشداریکردن لە گەشەپێدان و پێشخستنی ئابووری.

 

ئاماژەی بە هۆکاری هەڵبژاردنی پڕۆژەی کەرتی کشتوکاڵی کرد و وتی: چونکە ناوچەی ڕەققە دەوڵەمەندە بە زەوییە کشتوکاڵییەکان و خاکەکەی بەپیت و گونجاوە بۆ چاندنی هەموو جۆرە سەوزە و میوەیەک ئێمە پێشنیاری پڕۆژەی گەڵای ترێمان کرد، زەوییە وەبەرهێنراوەکان بڕی چواردە دۆنم بووە، جگە لە چاندنی ڕووبەرێکی زۆر سەوزە لە هەردوو وەرزی هاوین و زستاندا، کە تێیدا دابەشکراوە لە شێوەی سیستەمێکی هاوبەش بۆ چوار خێزان کرد، ئەم پڕۆژانە بەشدارییان کردووە لە دابینکردنی هەلی کار بۆ شەست کرێکاری ژن.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەمە سیستەمێکە کە بەشداربووە لە بەهێزکردنی چەمکی ژیانی بەشداریکردن لە نێوان ڕەگەزەکاندا لەڕێگەی بەهێزکردنی چەمکی هاودەنگی و هاوکاری پێکەوە لە شوێنی کاردا، لەو ماوەیەدا ژنان توانیان ئابووری و سەربەخۆیی خۆیان بەدەست بهێنن.

 

ئامانجیانە هەلی کار بۆ زۆرێک لە ژنان بڕەخسێنن

خاتوون حەسەن، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی گەڵای ترێ وتی: دوای ئەوەی بیستم کە لیژنەی ئابوری ژنان لە ناوچەکەدا چەند پڕۆژەیەکی کشتوکاڵی بۆ ژنان بەڕێوەدەبات، یەکێک لەوانە چاندنی گەڵاکانی ترێیە، لەگەڵ هاوسەرەکەم بەشداریم کرد بۆ کارکردن لەسەر پڕۆژەکە بۆ ئەوەی یارمەتی یەکتر بدەین داهاتی داراییمان دابین بکەین، سەبارەت بە بەشداریکردنی ئەو پڕۆژە کشتوکاڵیانەی کە لەلایەن لیژنەی ئابوری ژنانەوە کراونەتەوە لە ڕەخساندنی هەلی کار بۆ زۆرێک لە ژنان، ئاماژەی بەوەکرد، پڕۆژە کشتوکاڵییەکان لە هەرێمدا بەشدارییان کردووە لە پاڵنانی ژنان بۆ ئەوەی پشت بەخۆیان ببەستن و ڕۆڵی خۆیان لە بازاڕی کاردا بەرز بکەنەوە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لە کاتژمێر شەش تا نیوەڕۆ لەگەڵ هاوسەر و کچەکانم دەچمە سەر زەویەکە، دواتر دەگەڕێینەوە پاش نیوەڕۆ تا ئێوارە وەک سەرپەرشتیاری پرۆژەکە کار دەکەم ئەرکەکان بۆ کرێکارە ژنەکان جیادەکەمەوە، هاوسەرەکەم وەک جووتیار و پاسەوان کار دەکات، بە تۆو و ئاودانی و پاککردنەوەی زەوی لە گژوگیا و ڕشاندنی بە قڕکەر و پێو بۆ بەرەنگاربوونەوەی مێرووەکان و دوورکەوتنەوە لە وەرینی زەوی، تا گەڵاکانی پێدەگەن و ئامادە دەبن بۆ ئەوەی ئێمە دواتر هەڵیانبگرین و بیخەینە ناو سندوقەوە و دابینیان بکەین بۆ بازاڕەکان بۆ فرۆشتن.

 

خاتوون حەسەن سەرباری ماندوێتی و سەختی و زەحمەتی زۆر شانازی بە کارەکەیەوە دەکات کە پەیوەندی بەو پڕۆژانە کردووە کە یارمەتیان داوە داهاتی خۆی دابین بکات، وتی: بەو هیوایەی ئەم پڕۆژانە لە ناوچەکەدا بەردەوام بن، دەبێت فراوانتر بکرێن بە کردنەوەی پڕۆژەی زیاتر بۆ ڕاکێشانی زۆرترین ژمارەی کرێکاران و یارمەتیدانیان، و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ ژنان کە بژێوی ژیانی خێزانەکانیانن دابین بکەن.

 

"سەرەڕای سەختی کارەکانم بەردەوامم لە کارەکەم"

مریەم ئیبراهیم، ​​کرێکاری تەمەن ٣٧ ساڵ، وتی: من لەگەڵ هاوسەرەکەمدا هاوبەشم لە دەستەبەرکردنی داهاتی خێزانەکەمان و پێداویستییەکانی منداڵەکانم، کارکردن لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان، وەک هەر کارێکی دیکە، سەرەڕای سەختی و سروشتی ماندووکردنی کارەکە و تیشکی خۆر، بەڵام بەردەوامین لە کارەکەمان

 

وتی: زەوی لە گژوگیا و دڕک پاک دەکەمەوە کە ڕێگرن لە گەشەکردن و پێگەیشتنی سەوزە، هەروەها لە دەوورووبەری بەروبوومەکان هەڵدەکەنم بۆ ئاودانیان، جگە لە دروێنەکردنی سەوزە لە کاتی پێگەیشتن، کە جۆرەها سەوزەی هاوینە، وەک پاقلە و کولەکە و بیبەر و پەتاتە و تەماتە دەچێنم و دواتر دەیانخەمە ناو سندوقی تایبەتەوە بۆ ئەوەی لە بارهەڵگرەکاندا هەڵیانبگرم بۆ ئەوەی لە بازاڕەکاندا بیانفرۆشم.