ماوەی ١٥ ساڵە کار دەکەن بۆ ئەوەی ببنە خاوەن ئابووری خۆیان

کەریمە خەلیل خەڵکی ناوچەی قامیشلۆ ماوەی ١٥ ساڵە لە بواری دروستکردنی بەرهەمەکاندا کاردەکات و دەڵێت: هاوکاری ژنان باشە و سەربەخۆییمان دروست دەکات.

عەبیر محەمەد

 

قامیشلۆ-کەریمە خەلیل خەڵکی قامیشلۆی سەر بە کانتۆنی جزیرەیە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ماوەی ١٥ ساڵە لە بواری دروستکردن و کۆکردنەوەی بەرهەمی زستانەدا کاردەکات، کەریمە ویستی پڕۆژەکەی فراوانتر بکات و یارمەتی ژنانی دەوروبەری بدات، بۆیە ژمارەیەک ژنی لە پرۆژەکەیدا بەشداری پێکرد.

 

کەریمە خەلیل سەبارەت بەو بەرهەمانەی لە ماڵەکەی خۆیدا دروستی دەکات وتی: هەمووبەرهەمێک دروست دەکەم، واتە ئەو خواردنانەی کە بۆ وەرزی زستان ئامادە دەکرێن، وەک دۆشاوی تەماتە و بیبەر، سەوزەی وشککراوە، لە ماڵەوە پڕۆژەکەم بەڕێوە دەبەم، زۆر هەوڵ دەدەم بەرهەمەکانم لە باشترین دۆخدا بمێننەوە بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی کورتدا خراپ نەبن.

 

کاری ژنان بۆ بنیادنانی ئابووری خۆیان

کەریمە خەلیل ڕایدەگەیاند، ١٠ ژن لە پڕۆژەکەدا کاردەکەن و وتی: ئەم ژنانەی ئێمە لەگەڵیاندا کاردەکەین، ئەو ژنانەن کە جیابوونەتەوە یان هاوژینەکانیان گیانیان لەدەستداوە، زۆرێکیان منداڵی بچووکیان هەیە هەموویانم لە ماڵەکەم کۆکردەوە و لە بەیانییەوە تا خۆرئاوابوون پێکەوە کاردەکەین، زۆر دڵخۆشین بەم پڕۆژەیە، هەمیشە ئاموژگاریان دەکەم کە دەستەکانیان لەبەردەم کەسدا نەکەنەوە و سەربەخۆیی دارایی خۆیان گرنگە هەبێت، دۆخی ئابووری زۆر سەخت بووە مرۆڤەکان پێویستیان بە کارکردن و بەرهەمهێنان هەیە، بەم پڕۆژەیە سەربەخۆیی خۆمان وەک ژن بونیاد دەنێین، هەموومان سوودی لێ دەبینین، ماوەی چوار ساڵە لە گروپی "خەونی بچووک"داین، کۆمەڵەیەکی تایبەتە لە ژنانی خاوەن بەهرە و داهێنان، لە ماوەی چوار ساڵدا بەشداریمان لە ٩ فێستیڤاڵدا کردووە ئەوان یارمەتیمان دەدەن لە فرۆشتنی بەرهەمەکانماندا.

 

دەیەوێت پڕۆژەکە فراوانتر بکات

کەریمە خەلیل ڕایگەیاند، دابەزینی نرخی تمەنی سووری بەرامبەر بە دۆلار کاریگەری لەسەر کارەکانیان هەیە، لە هەمان کاتدا ماندوون بەڵام بەردەوامن و لە کۆتاییدا وتی: لە ڕاستیدا هەموو ساڵێک بیر لە وەستاندنی پڕۆژەکە دەکەمەوە بەڵام کاتێک بیر لەو ژنانە دەکەمەوە پەشیمان دەبمەوە چونکە ئەوان ئابووریان پشتی بەستووە بەم پڕۆژەیە.

 

کەریمە خەلیل لەکۆتایی ئاماژەی بەوەدا کە هیوادارە پڕۆژەکەی گەورەتر بکات، بەڵام لە ئێستادا هیچ دەرفەتێکی لەبەردەستدا نییە.