لە سلێمانی وۆرکشۆپێکی سیرامیک بۆ منداڵان بەڕێوەچوو
بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی هونەر، لە سلێمانی وۆرکشۆپێکی سیرامیک بۆ منداڵان بەڕێوەچوو، هونەرمەند نەعیمە محەمەد دەڵێت: یەکەم جارە بۆ منداڵان کارێکی وا بکرێت و بیری نەرێنییان لێ دوور دەخاتەوە.
لاڤە کوردە
سلێمانی- لە درێژەی زنجیرە وۆرکشپێکی هونەری کە لەلایەن هیوا فاوندەیشن و گەلەری ئێستاو کارگەی کولتووری سلێمانی ڕێکخراوە، ماوەی سێ مانگە بۆ منداڵانی تەمەن جیاواز بەردەوامە، وۆرکشۆپی سیرامیک بۆ منداڵان بەرێوەچوو.
دوێنێ ١١ی کانوونی دووەم، بە بەشداری دەیان منداڵ لە تەمەنی ٩ بۆ ١٤ ساڵ، لە کارگەی کولتوور بەشداریان لە وۆرکشۆپەکە کردو بە سیرامیک چەندین شێوازی جۆراوجۆریان لە گۆزەو کوپ و قاپ دروست کردو پاشان ڕەنگیان کرد.
بڕیارە لە سەرەتای مانگی شوبات پێشانگایەتی هونەری بۆ نمایشی کاری سەرچەم منداڵەکان بکرێتەوە، کە بریتییە لە بەرهەمی وێنەکێشان و سیرامیک و شێوەکاری.
لە ناوەندەکانی خوێندن هونەر پشتگوێ خراوە
دەربارەی هونەری سیرامیک، هونەرمەند نەعیمە محەمەد، مامۆستای زانکۆ کە ڕاهێنەری وۆرکشۆپەکە بوو بۆ دەزگاکەمان وتی: پێویستە گرنگی بە هونەر بۆ مندالان بدرێت، بەداخەوە لە ناوەندەکانی خوێندن و پەروەردە هونەر پشتگوێ خراوەو وەک پێویست نییە، تەنها بە وێنەکێنشان پڕ دەکرێتەوە، بۆیە گرنگە لە دەرەوەی ئەو ناوەندانە هونەر بە منداڵان بناسێندرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، هونەری سیرامیک یارمەتی منداڵان دەدات لە بارودۆخی نەرێنی دەربچن و کاتێکی ئارامییان پێدەبەخشێت، بیری نەرێنییان لێ دوور دەخاتەوە، ئەمە یەکەمجارە وۆرکشۆپێکی لەم شێوەیە بۆ منداڵان ڕێکبخرێت.
لە کۆتایی وۆرکشۆپەکە منداڵان ناوی خۆیان لەسەر کارەکانیان نووسی و چاوەڕێن لە پێشانگایەکی هونەری کە بڕیارە لە مانگی شوباتی ئەمساڵ بکرێتەوە، کارەکانیان نمایش بکرێت.