لە پێشەنگایەکدا بە ناوی"ژن و ژیان لە تابلۆدا" ڕەنگی ژنانی کورد پیشاندرا

بەبۆنەی هاتنی سەری ساڵی نوێ لە پێشەنگایەکی شێوەکاریدا، ڕۆڵ و توانای ژنانی کورد لە ٢٤ تابلۆدا خرایەڕوو.

سلێمانی

 

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٧ی کانوونی یەکەم، بەدەستپێشخەری یەکێتی ژنانی کوردستان، بە بۆنەی هانی سەری ساڵی نوێ، لە گەلەری تەواری شاری سلێمانی، پێشانگایەکی شێوەکاری بە ناوی "ژن و ژیان لە تابلۆدا" بۆ شێوەکار سەربەست عەبدوڵڕەحمان ڕێکخرا.

 

لەم پێشانگای شێوەکارییەدا کە لە ٢٤ تابلۆ پێکهاتبوو، لە ساڵی ٢٠١٥وە دەست بە کێشانیان کراوە، تابلۆکان هەڵگری چیرۆکی ژیانی ژنان بوون، هەروەها هەڵوێست و ئەو شتانەی کە ژنان لە ناو ژیاندا ڕووبەڕووی دەبنەوە بە ڕەنگە جیاوازەکان خرابووە بەر چاوی سەردانیکەران و ڕەنگێکی کوردییان پێوە دیاربوو.

 

"تابلۆکان ناخی ژنی کورد نیشان دەدەن"

مەعسوومە ئیبراهیم، یەکێک لە سەردانیکەرانی پێشانگاکە باسی لە گرنگی پێشانگایەک بەم شێوەیە کردو وتی: زۆربەی ئەو کەسانەی کە لە پێشانگاکەدا بەشداربوون، زۆربەیان ئەو ژنە تیکۆشەرانەن کە لە هەر بوار‌ێکی ژیاندا چالاکبوون، ئەم تابلۆیانە گوزارشت لە ژیانی ژن دەکەن و ژن و ژیانی لە تابلۆیەکدا کۆکردووتەوە، بۆیە گرنگە گەنجانیش بە تایبەتی ئەو کەسانەی کە لەم بوارەدا شوێن پەنجەیان هەیە، تیشک بخەنەسەر سروشت، ژن  و ژیان".

 

هەروەها لە کۆتاییدا جەختی لە سەرنجڕاکێشی تابلۆکان کرد، کە ناخی ژنی کوردیان نیشان داوەو داوای پاراستنی کۆلتووری کوردی کرد.