کاروانێکی پەرتوک هانی گەنجان و منداڵانی گوندەکانی مەغریب بۆ خوێندنەوە دەدات
باوەڕە گەورەکەی کە بەبێ خوێندنەوە و زانیاری ناتواندرێت بەرەنگاربوونەوە لە ناوچە گوندنشینە هەژارەکاندا هەبێت، وایکردووە هەموو کات و هەوڵەکان بۆ گەیاندنی پەرتوک بۆ ئەو ناوچانە تەرخان بکرێت کە سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانیان تێدا نییە.
ڕەجا خەیرات
مەغریب-“کاروانی پەرتوک” دەستپێشخەرییەکە کە لەلایەن جەمیلە حەسون، چالاکوانی ڕۆشنبیرییەوە دەستیپێکردووە بەمەبەستی گەیاندنی پەرتوک بۆ گوندەکان و ناوچە دوورەدەستەکانی مەغریب، بەمەبەستی هاندانی منداڵان و گەنجان بۆ خوێندنەوە.
چالاکوان جەمیلە حەسون ماوەی ٣٠ ساڵە کاردەکات بۆ بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیری و زانست و هاندانی خوێندکاران بۆ خوێندنەوە، بەتایبەتی لە ناوچە دوورەدەستەکان و گوندەکانی مەغریب، لەڕێگەی کاروانی پەرتوکەوە کە بە ئامانجی دابەشکردنی پەرتوک لە چوارچێوەی دامەزراوە پەروەردەییەکان لە ناوچە جیاجیاکانی مەغریب دەستیپێکردووە.
سەبارەت بەم دەستپێشخەرییە، چالاکوان جەمیلە حەسون وتی: لە ماڵێکدا گەورە بووم کە پەرتوکخانەیەکی گەورەی تێدابوو کە هی باوکم بوو، لە ساڵی ١٩٩٤بڕیارمدا پەرتوکخانەی خێزانی لە مەراکش لە نزیک کامپی زانکۆ بکەمەوە ، بە تایبەتی ئەوانەی لە ناوچە گوندنشینەکانەوە هاتوون، تینووی پەرتوک و خوێندنەوە بوون، بۆیە بڕیارمدا بۆشایییەک لەبەردەم پەرتوکخانەکەدا بکەمەوە بۆ ئەوەی ئەو پەرتوکانە بۆ خوێندکاران دابین بکرێت کە پێویستیانە دەتوانرێت پێی بڵێین “مێزی خوێندنەوە”، ڕێگە بە خوێنەران دەدات بۆ ئەوەی لە پەرتوکخانە دابنیشێت بۆ خوێندنەوە بەبێ ئەوەی پێویست بکات بیکڕێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، بە تێپەڕبوونی کات، "مێزی خوێندنەوە" گۆڕا بۆ ژینگەیەک بۆ میوانداریکردنی نووسەران و بیرمەندان بۆ کارلێککردن لەگەڵ خوێنەران و پێشکەشکردنی پەرتوکو نووسینەکانیان، پەرەی سەندوو ئێستا دەرفەت بە خوێنەران بۆ خوێندنەوە و گفتوگۆکردن دراوە.
جەمیلە حەسون قبووڵی نەکرد کە پەرەتوکەکان لەسەر ڕەفەکانی پەرتوکخانەکە بمێننەوە، بەتایبەتی لەگەڵ کەمی ئاستی خوێندنەوە لای هاوڵاتیان، بۆیە بڕیاریدا پەرتوکەکان بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە هەڵبگرێت و بەدەوری زۆرێک لە ناوچە دوورەدەستەکانی مەغریبدا بیانگێڕێت، وتی: سەرنجم دا کە گەنجان و منداڵانی ناوچە دوورەدەستەکان بە تامەزرۆییەوە ئەو کتێبانە بەدەست دەهێنن کە من لەسەر ئۆتۆمبێلەکەم بۆیان هەڵمگرتبوو، بۆیە بڕیارمدا لە ساڵی ٢٠٠٦ دەستپێشخەریی “کاروانی کتێب” دەستپێبکەم، لەوێدا من لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی نووسەری ناوچە دوورەکان بە مەبەستی ڕێکخستنی کۆبوونەوە لەگەڵ گەنجان و منداڵان و دابەشکردنی پەرتوک دەستمانپێکرد.
پێشوازییەکی باشی لێکرا
دەستپێشخەرییەکە لە ناو گەنجاندا پێشوازییەکی زۆر باشی لێکرا، بەو پێیەی کە کاروانەکە کە ساڵانە ڕێکدەخرا، وایکرد خوێنەران بتوانن چاوپێکەوتن لەگەڵ نووسەرە دڵخوازەکانیان بکەن، کاروانەکە گفتوگۆی کۆمەڵێک بابەتی لەگەڵ گەنجاندا لەخۆگرتبوو، وەک جۆرێک لە هۆشیارکردنەوە لەسەر کۆمەڵێک پرس کە ڕەهەندێکی کولتووری و یاسایییان هەیە.
سەبارەت بە پرۆژە ڕۆشنبیریەکەی و ڕادەی گەشەسەندنەکەی، ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ هەرێمێک ناتوانێت گەشەپێدانی بەردەوام بەدەستبهێنێت، کە بووەتە دروشمێک کە لە هەموو بۆنەکاندا بەرزدەکرێتەوە، بەبێ ئەوەی هانی گەنجان و منداڵان بدات بۆ خوێندنەوە، بەتایبەتی ئەو ژنە گەنجانەی کە واز لە خوێندن دەهێنن.