ڕۆژئاوای کوردستان پێکەوەژیان و بەرخۆدانیان بە ڤیدیۆ کلیپ و شانۆ بە جیهان دەگەیەنن

داگیرکەران لە ڕێگەی هەڵگیرساندنی جەنگەوە دەیانەوێت کولتوور و هونەری ڕۆژئاوای کوردستان لە ناو ببەن، بەڵام هەبوونی سیستمی خۆبەڕێوەبەری بەردەوام لە ڕێگای هونەرەوە هەوڵی پاراستنی شووناس و کولتووری داوە.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی_ لە ڕێگەی هێرش و داگیرکارییەکان بۆ سەر خاکی کوردستان، دەوڵەتە داگیرکەرەکان بەردەوام هەوڵی لە ناوبردنی کولتوور و هونەری خاکی کوردستان دەدات، لە ڕێگەی هێرشەکانیانەوە خاک و کوشتوکاڵ و سەرجەم سێکتەرەکانی ژیان بەرەو لاوازبوون دەبەن، بەڵام لە دوای بونیادنانی خۆبەڕێوەبەری لە ناوچەکەدا سەرەڕای هەبوونی چەندین جیاوازی ئایین و ڕەگەز و کولتوور و هونەر، چالاکی هونەری و کولتووریەکانیان بەردەوام لە گەشەسەندندا بووە، بەردەوام لە ڕێگەی ڤیدیۆ کلیپەکانیانەوە هەوڵی پیشاندانی ڕۆڵی ژنان و دەرخستنی تواناکانیان دەدەن، سەرەڕای جەنگ بەردەوام لە بەرخۆداندان و کولتوور و هونەرەکەیان وەک چەکێک بەرامبەر دوژمن بەکار دەهێنن، بە گوێرەی بارودۆخی وڵاتەکەیان کلیپ و هونەرەکانیان بەرهەم دەهێنن، لە ئێستادا ڕۆژئاوای کوردستان لە دوای جەنگی داعشەوە خاوەنی چەندین ڤیدیۆ کلیپ و کاری هونەری گرنگە، لە ئێستادا بۆ یەکەمجار لە دوای جەنگی داعش یەکەم پەیمانگای باڵای هونەری لە شاری دێرک لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکاتەوە، کە کار بۆ بەرەوپێشبردنی هونەری ناوچەکە دەدەن.

 

" پێکەوە ژیان لە ڕۆژئاوادا دەگەڕێتەوە بۆ بوونی ئەو کولتوورو هونەرەی لە کوردا بوونی هەبووە "

تریفە حەسەن، سینەماکار، باسی کاریگەرییەکانی جەنگ بۆسەر کولتوور و هونەری ناوچە جەنگییەکان کردو وتی: هەبوونی هونەر و کولتوور لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە دەگۆڕێت، بەڵام ناوچەی خۆبەڕێوەبەری لە ڕۆژئاوای کوردستاندا، بەهۆی هەبوونی خۆسەری و پێکەوەژیانی هەموو چین و توێژێک بەبێ جیاوازی ئایین و ڕەگەز و کولتوور و هونەر لە ڕۆژئاوای کوردستاندا، لەو ناوچەیەدا چالاکی هونەری و سینەمای بەردەوام بەرەو پێشەوە دەچوو، پێکەوە ژیان لە ڕۆژئاوادا دەگەڕێتەوە بۆ بوونی ئەو کولتوورو هونەرەی لە کوور دا بوونی هەبووە، بەڵام هەڵگیرساندنی جەنگ لە سەرجەم سێکتەرەکانی ژیاندا وێرانکاری بەدوای خۆیدا دەهێنێت، زیادبوونی تونوتیژییەکان و دەستدرێژیەکان تا کوشتوکاڵ و تێکچوونی کولتوور و هونەری وڵاتەکە بەسەر یەکدا دەشێوینێت، لە ئێستادا ڕۆژئاوا ڕوبەرووی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و تەحریر شام دەبێتەوە، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە ڕێگەی هێرشەکانەوە هەوڵی لە ناوبردنی کورد و هونەرەکەی دەدات.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کوردانی ڕۆژئاوا تەنها بەرگری لە خاک و سنوریان ناکەن، بەڵکو لە ڕێگەی هەبوونی چەندین بەرهەمی هونەرییەوە هەوڵی پاراستنی کولتوور و هونەرەکەیان دەدەن، بە گوێرەی بارودۆخی ڕۆژئاوا بەرهەمە هونەریەکانیان دەگۆڕن، لە ئێستادا بەهۆی هەبوونی جەنگەوە چەندین بەرهەمی هونەرییان بۆ جەنگ بەرهەمهێناوە، هەبوونی ئەو بەرهەمە شۆڕشگێڕیانە جۆرێکە لە جۆرەکانی بەرەنگابونەوە، بەرهەمەکانی ڕۆژئاوا وەک مۆڕاڵێک و دەخستنی بارودۆخیان بەرهەم دەهێندرێت، پێکەوەژیان و بەرخۆدانیان دژ بە داگیرکەران لە ڕێگەی ڤیدیۆ کلیپ و شانۆکانیانەوە بە جیهان دەگەیەنن، لە ڤیدیۆ کلیپی " کەزیا سور" سەرەڕای هەبوونی جەنگ بە ڤیدۆ کلیپێک تەواوی چین و توێژێک و سەردەمەکانی گەشەکردنی ژنان و توندوتیژیەکانی ژنانی تێدا بەرجەستە کراوە.

 

لە کۆتاییدا، تریفە حەسەن باسی لەوەشکرد، لە ڕۆژئاوای کوردستان بەرهەم هێنانی کارە هونەرییەکان گەیاندنی پەیامێکە بە دوژمنان و وڵاتانی دیکە، وتی: ناوەڕۆکی هونەر گەیاندنی پەیامێکە بە کۆمەڵگە، لە ڕۆژئاوای کوردستاندا هەبوونی خۆبەڕیوەبەری بووەتە هۆکاری کۆکردنەوەی چەندین کولتوور بۆ پێکەوە ژیان، ئامانجیانە لە ڕێگەی کارە هونەری و شانۆکانیانەوە هەوڵ بۆ گەیاندنی پەیامی پێکەوەی و ئازادیان بدەن، سەرەڕای هەبوونی جەنگەکان لە ڕۆژئاوادا، پێویستە هەر تاکێکی کورد هەوڵی پاراستنی کولتوور و هونەری وڵاتەکەی خۆی بدات، هەر وەک هونەرمەندانی ڕۆژئاوای کوردستان هاوشانی خەباتی چەکداری بەرپرسیاری پاراستنی کولتوور و هونەرەکەیان بە ئەرکی خۆیان دەزانن.