دیانا بواری هونەری ماکیاژکردنی سینەمایی بەرەوپێش دەبات

نیگارکێشانی دەموچاو هونەرێکی قووڵترە وەک لەوەی تەنها جوانکاری بێت، ژنان ئەم هونەرە بۆ ناردنی چەندین پەیامی سەرنجڕاکێش بەکاردەهێنن و دیانا باشوات بۆ منداڵان و ژنان و خزمەتکردنی دۆزی کۆمەڵایەتی پەرە بە هونەری میکیاژکردنی سینەمایی دەدات.

شیرین محەمەد

 

قامیشلۆ- دیانا باشوات ژنێکی گەنجی خەڵکی عامودێیە لە ڕۆژئاوای کوردستان، بە هۆی خولیاکەیەوە دەستی بە هونەری میکیاژکردنی سینەمایی کردووە و بەردەوام پەرە بە بوارەکە دەدات، سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕووی دەبنەوە، لە هەوڵ دایە بۆ گەیشتن بە خولیاکانی و پەرەدان بە بواری هونەری میکیاژکردنی سینەمایی.

 

دیانا باشوات خەڵکی شاری عامودێیە لە کانتۆنی جزیرە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، تەمەنی 21 ساڵە و خاوەنی بەهرەیەکی ناوازەیە لە ناوچەکەدا کە ماکیاژێکی سینەماییە، دیانا لە لە ساڵی ٢٠١٩دا لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئاشنا دەبێت بە ماکیاژکردنی سینەمایی و دەبێتە بوارێکی سەرنجڕاکێش بۆی، وەک خۆی باسی دەکات، سەرەتا بوارەکە جیاواز بوو، بەڵام حەزێکی زۆری بۆی هەبوو، بڕیار دەدات لە ڕێگەی خۆپەروەردە کردنەوە خۆی فێربکات و تیایدا بەردەوام بێت.

 

دیانا باشوات دەڵێت: لەبەرئەوەی بەهرەکە جیاواز بوو، ڕووبەڕووی چەندین گرفت بوومەوە لە دۆزینەوەی کەرەستەی خاو لە ناوچەکەماندا، ناچار لە دەرەوەی وڵاتەوە داوای کەرەستەکان دەکەم، بەشێک لە کەرەستەکانیش ناتوانم بەدەستبهێنم، بەڵام لە ماڵەوە دروستی دەکەم، بە تایبەت ئەو هەویرەی بۆ گۆڕانکاری لە شێوەی دەموچاودا بەکاردێت.

 

دیانا باشوات داهێنان دەکات لە بەهرەکەیدا و بەردەوام خۆی پەرە پێدەدات، "زۆر کەس هەن هەوڵی فێربوونی ئەم پیشەیەیان داوە، بەڵام بەردەوامییان نەکردووە، من پشتیوانییەکی زۆرم لە خێزانەکەمەوە وەرگرت، بەڵام کۆمەڵگە بەهرەکەی منی ڕەتکردەوە، چونکە نامۆ بوو ناوچەکە، بەڵام دوای ئەوەی توانای خۆمم سەلماند کە داهێنەر بم تێیدا، پشتگیری ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی کۆمەڵگەم وەرگرت، ئەمەش هەنگاوێکی تایبەتە بۆ من چونکە توانیم و بە شێواز و بەهرەی خۆم هەمووان ڕابکێشم بۆ هونەر.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای گەشەسەندنی سینەما لە ناوچەکە، هێشتا ئەم بەهرەیە بڵاونەبووەتەوە، وتیشی: دەبێت لایەنی پەیوەندیدار بە سینەما خولی ڕاهێنان بکەنەوە و هەلی کار بۆ ئەو گروپە گەنجە بڕەخسێنن، چونکە سینەما و ماکیاژکردنی سینەما بەستراوەتەوە بە یەکترەوە، سەرکەوتووترین ماکیاژی سینەمایی ناوبانگێکی گەورە لە بواری سینەمادا بەدەست دەهێنێت، هەروەها زۆر وردەکاری دیکە لە سینەمادا هەیە کە ماکیاژ ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت تیایدا.

 

دیانا باشوات خەونی ئەوەیە کە هونەرمەندێکی نێودەوڵەتی بێت و پەرە بە بەهرەکەی بدات لە ماکیاژکردنی سینەماییدا، "بە بەردەوامی کاردەکەم و پەرە بە بەهرەکەم دەدەم بۆ گەیشتن بە خەونەکەم کە ببمە هونەرمەندێکی دیاری نێودەوڵەتی"، داوا لە هەموو کەسێکیش دەکات کە بەهرەمەندییەکی هەیە لە هەر بوارێکدا، هەوڵبدات بۆ داهێنان تێیدا.