دوو خوشکی دوانەی موزیکژەن: دەبێت هونەری کوردی پارێزراو بێت

زین و ژین متەوت کە دووخوشکی دوانەن و تەمەنیان ١٦ ساڵە، لە ڕێگەی موزیک و ئاوازدانانەوە پەرە بە هونەرەکەیان دەدەن، ئەو خوشکە باس لە کارە هونەرییەکانیان دەکەن و جەخت لە پاراستنی هونەری کوردی دەکەنەوە.

زەینەب عیسا

 

قامیشلۆ- شۆڕشی ڕۆژئاوا بە پێشەنگایەتی ژنان ١٢ ساڵەی خۆی تێپەڕاند، ئەمەش دەرفەتی زۆری بۆ ژنان ڕەخساند کە پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی خۆیان بکەن و پێشەنگایەتی ئاڕاستەکردنی شۆڕش لە سیاسەتەوە بۆ هونەر بکەن.

 

زین و ژین متەوت دوو خوشکی دوانەن، تەمەنیان ١٦ ساڵە و لە شاری قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەدایک بوون، ئەو دوو خوشکە خولیای فێربوونی موزیکژەنینیان هەیە و بە ساز و ئاوازەکانیان هونەرەکەیان پێشکەش دەکەن.

 

"دەمەوێت موزیکژەنێکی بەناوبانگی کورد بم"

ژین متەوت باسی لە خۆشەویستی خۆی بۆ هونەر کرد و وتی: کاتێک تەمەنم ١٢ ساڵ بوو کۆنسێرتێکی جیهانیم بینی، موزیکژەنێکی یۆنانی هەبوو بە ناوی یانی، لەو کۆنسێرتەدا زۆرێک لە موزیکژەنەکان هێنران کە ئازادانە چەندین جۆری ئاوازیان ژەند، لەو کۆنسێرتەیدا، موزیکژەنێکی ئەرمەنی بە ناوی سامویل سەرنجمی ڕاکێشا، لەو کاتەوە دەمویست وەک ژنێکی کورد ببمە موزیکژەن و لە داهاتوودا ببمە یەکێک لە موزیکژەنە بەناوبانگەکان، دوای یەک دوو ساڵ خاڵم کەمانچەیەکی بۆ کڕیم و پشتگیری کردم بۆ فێربوونی کەمانچە.

 

"شۆڕشی ڕۆژئاوا دەرفەتی بەدیهێنانی خەونەکانمانی پێبەخشین"

ژین متەوت ئاماژەی بەو سەختییانە کرد کە تا فێربوون تووشی بووە و لە کۆتاییدا دەڵێت: بەو پێیەی کەمانچە ئامێرێکی هەستیارە،لە سەرەتاوە هەندێک کێشەم هەبوو تا فێری ژەنینی بووم. سوپاس بۆ مامۆستا و خێزان و هاوڕێکانم کە هاوکارم بوون بگەمە ئەم ئاستە، هەرچەندە ئامێرەکەم ڕۆژئاواییە، بەڵام دەمەوێت بە هەموو ژنێک بڵێم کە خەونەکانیان هەرچییەک بێت، شۆڕشی ڕۆژئاوا دەرفەتی بەدیهێنانی خەونەکانیانی پێبەخشیون، هەرگیز لە قسە مەترسە و هەنگاو بەرەو ئامانجەکەت بنێ.

 

"هونەری کوردی دەپارێزین"

زین متەوت لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا دەستی بە کاری هونەری کردووە و سەرەتا فێری کەمانچە بووە، بەڵام دواتر بە هۆی سەختی کەمانچەوە دەستی کردووە بە گیتارژەنی و بۆ جاری یەکەم لە فێستیڤاڵدا لەگەڵ گروپی ساکینە چووەتە سەر تەختەی شانۆ، لە بارەی هونەری کوردییەوە دەڵێت: دەمانەوێت ئاوازی جیاواز بۆ هونەری کوردی زیاد بکەین و هونەری کوردیش بپارێزین، هەرچەندە ئامێرە ڕۆژئاواییەکانمان وەک گیتار و تەپڵ و تار و کەمانچە هەیە، بەڵام دەمانەوێت ئەم ئامێرە جیاوازانە بەکاربهێنین و تێکەڵ بە هونەری کوردیشیان بکەین و هونەرەکەمان بپارێزین.