"ژنان بە کاری دەستی کولتووری خۆیان دەپارێزن"

ئیبتیهال مەحمودی ٣٤ ساڵ خەڵکی گوندی تلشەعیری تربەسپییە، بە بەرهەمە دەستییەکانی و ئەو بەرهەمانەی کە بە موروو دروستی دەکات، کارێکی سەربەخۆی بۆ خۆی دامەزراندووە.

زەینەب عیسا

 

قامیشلۆ- ژنانی کورد بە هونەری کاری دەستی نەریتی خۆیان دەپارێزن، ئیبتیهال مەحمود ژنێکی کوردە و تەمەنی ٣٤ ساڵە، خەڵکی گوندی تل شەعیرە لە شارۆچکەی تربەسپی سەر بە شاری قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، خوێندکاری هونەرە جوانەکان بووە، لە ڕێگەی خوێندنەوە فێری کاری دەستی بووە و ئێستاش بۆ پاراستنی هونەری ژنان بە کارە دەستییەکانی زیاتر بوارەکە بەرەوپێش دەبات.

 

"زۆر دڵخۆشم کاتێک کاری دەستی دروست دەکەم"

ئیبتیهال مەحمود باسی سەرەتای کارەکانی کرد و وتی: لە قوتابخانەی هونەرە جوانەکان خوێندوومە، لە ڕێگەی خوێندنەوە فێری کاری دەستی بووم، کاتێک بەرهەمێک بە دەست دروست دەکەم زۆر دڵخۆش دەبم، بەرهەمە دەستییەکان ڕۆژانی منداڵیمان بۆ دەگەڕێنێتەوە، بیرمە کە چۆن دایکمان لە کاتی جەژنی نیورۆزدا پارچەی جلوبەرگەکانی بۆ دەچنین و ئامادەی دەکرد.

 

ئیبتیهال مەحمود باسی ئەو ئامێرانە کرد کە بەکاری هێناوە و وتی: بەدەستهێنانی ئەو کەرەستانەی کە بەکارم دەهێنان بۆ چنین سەخت بوو، ئەگەر هەبووایەش زۆر گران بوون، بۆیە ئاستەنگی هەبوو، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا، ئەو سەختییانە تێدەپەڕێنین، ئەو کەرەستانەی بەکاریان دەهێنم بریتین لە دەرزی و دەزووی لاستیک و ئاسایی و سنارە و خورین، بە خوری زۆرێک لە لفکە، پارچەی جوانکاری، هێلەک، چانتا و شتی دیکە دروست دەکەم، هیواخوازم لە ئایندەدا پێشانگای هونەری بەرهەمە دەستییەکان بکەمەوە بۆ ئەوەی بتوانین هەموو بەرهەمەکانمان بخەینە بازاڕ و نەریتی خۆمان بپارێزین.

 

"لە ناوچەی تربەسپی دوو پێشانگام کردەوە"

ئیبتیهال مەحمود باسی لە کردنەوەی خولی فێربوونی کاری دەستی بۆ منداڵان و ژنانی گەنج کرد، وتیشی: ئەگەر ژنان فێری کاری دەستی ببن، دەتوانن کولتوورەکەشیان بپارێزن، ماوەیەک لە بواری ڕۆشنبیری و هونەر لە ناوچەی تیربەسپی کارم کرد، لەوێدا وانەی فێربوونی کاری دەستیم بە ژنانی گەنج و منداڵان دەوتەوە، دوو پێشانگام کردەوە و بە بەرهەمەکانی خۆم و قوتابیەکانم بەشداریم کرد، من دەمەوێت پێشانگای گەورە لە شارەکانماندا بکرێتەوە، بۆ ئەوەی هەموو ژنێک بەرهەمی دەستەکانی خۆی پیشان بدات، پەیوەندی دروست بکات و کولتوور بپارێزێت.