ساکینە جانسز و هەڤاڵانی بوونە هێڵی بەرخۆدان و تێکۆشان

ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان دەڵێت: ئەگەر ژیان بریتی بێت لە شەڕ و تێکۆشان، لە مەمیلەکانییەوە پاڵفتە بکرێت، وەها بە پوختترین واتای خۆی بگات، کەوابوو شەڕ و تێکۆشانیش بەردەوام دەبێت. ئەمەش لە خودی ساکینە جانسز و هەڤاڵانیدا بەرجەستەبوو.

سلێمانی

 

گەلی کورد شاهیدی دەیان کۆمەڵکوژی بوو، کە لە پێناو لەناوبردنیدا ئەنجامدران، بەڵام هیچ جارێکیش نە لە ناسنامە، لە بوون و زمان و کولتوورەکەی هەڵنەگەڕایەوە و ئەگەر بە بەخشینی ڕۆحیش بێت، ڕۆڵەکانی ئەم گەلە ناسنامەی کورد بوون و کوردستانیان پاراستووە.

 

لە فشارەوە تا دەستگیر کرد، لە ئەشکەنجەوە تا زیندانی تاکەکەسی، لە مەمک بڕینییەوە تا ئەو ڕۆژەی لەگەڵ دوو لە هەڤاڵانیدا کۆمەڵکوژ کران، بۆ ڕۆژێکیش سەری نەوی نەکرد لە ئاستی خواستەکانی داگیرکەرانی کوردستاندا، ئەو ژنە قژ سوورەکەی کوردە، کە سیمبولی تێکۆشانی ژنانە و جگە لە کوردان ژنانی جیهانیش ناوی دەهێنن و بە شانازی ژنایەتی پێناسەی دەکەن.

 

ساکینە جانسز بە ناسناوی هەڤاڵ سارا، لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣دا لەگەڵ دوو لە هەڤاڵانی بە ناوەکانی فیدان دۆغان-ڕۆژبین و لەیلا شایلەمەز-ڕوناهی، لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بە دەستی سیخوڕێکی میتی تورک و بە پیلانگێڕییەک کۆمەڵکوژکران و لە دوای خۆشیان ڕێبازێکی تێکۆشان دژی کوشتنی ژن، تێکۆشانی ژنان، پاراستنی ناسنامە، پارێزگاری لە خاک و بە هەموو واتایەک وەستانەوە دژی داگیرکارییان خوڵقاند.

 

"لە ڕێ ڕۆشتنێکی بێ باکانەدام، بەڵام ڕاوەستانم بۆ نییە"

ساکینە جانسز، کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی پەکەکە و زیاتر لە ٤٠ ساڵی تەمەنی لە پێناو کورد و ژندا بەخشی، بە وردی لە پەرتوکی "ژیانم هەمیشە تێکۆشان بوو"دا باس لە تێکۆشانی خۆی دەکات، کە چۆن بە وەستانەوە دژی هەموو باوەکان، ڕووبەڕووی شەڕ بووەتەوە، ئەو دەڵێت: "خێزان، سیستم، دەوروبەر، کۆن و هەر شتێک کە بە چەوتم زانی بێت، ڕووبەڕووی خۆمم کردەوە و ڕۆیشتم، بە تایبەتی بە بێ ئەوەی گوێ بدەم بەوەی بەرەو کوێ و بەچی دەگەم. هاوکات نە تەیاربوونێکی شیاو بە گەورەیی و بەرفراوانی ئەم ڕۆیشتنە و نە لە پێگەیەکیشدا بووم کە بە شێوەیەکی بەهێز جەنگاوەرییەکەی بەڕێوە ببات؛ وەک جەنگاوەرێکی نەبڕاوە، بێ ئۆقرە، ناشارەزا، پەلەپڕوز، سۆزدار و سەرهەڵدێرم، بەر هەموو شتێک دەکەوم، لە ڕێ ڕۆشتنێکی بێ باکانەدام، بەڵام ڕاوەستانم بۆ نییە"

 

ساکینە جانسز و هەڤاڵانی هەمیشە لەناو تێکۆشانێکی بێ وچاندا بوون، ئەوان لە دژی داگیرکاری وەستانەوە و بە پێناسەدانەوە بە ژنایەتی، بوونە پێشەنگ و لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، لە گەڕەکەکانەوە تا شەقامەکان، لە ماڵەکانەوە تا کۆشک و تەلارەکان، لە ناخی ژنێکەوە تا پیاوێکی سەردەست، لە هەناوی گەنجێکەوە تا سیاسییەک دەستیان بە ڕێکخستن و گۆڕانکاری کرد، بوونە خاڵی وەرچەرخانی کۆمەڵگە لە کۆیلایەتییەوە بۆ پێشەنگ بوون، ژنە قژ سوورەکە و ڕۆژبین و ڕووناهی

 

"بۆ ئەوەی ڕادەستی دوژمن نەبم، چاونەترسانە دەجەنگم"

ساکینە جانسز بە باوەڕبوونی بە گۆڕانکاری، تابووەکانی شکاند و هێمای ئازادی و ئیرادەی ژنانە، بۆیەش لە هەموو ڕوویەکەوە کاریگەری لەسەر پەرەپێدانی ئیرادەی ژنان هەبووە و تا ئێستاش ئەو کاریگەرییەی بەردەوام لەسەر ژنان هەیە، فیدان دۆغان ساڵانێک خەباتی کرد و بوو بە دەنگی سیاسی و دیپلۆماسی گەلی کورد لە ئەوروپا، لەیلا شایلەمەزیش پێشەنگی ئایندە و پێشەنگی گەنجان بوو، بۆیە کۆمەڵکوژکردنیان، بە ئامانجگرتنی سێ نەوە بوو، ئەگەرچی پلانەکە وابوو کە دوای کۆمەڵکوژی یەکەمی پاریس، ئیدی تێکۆشانی ژنان بەرەو دواوە دەچێت، بەڵام ژنان سەلماندیان ئەوان شوێنکەوتەی ڕێبازی ساکینە و فیدان و لەیلان و هیچ هەنگاوێکیان بەرەودوا نەهاوێشت.

 

ساکینە جانسز، یەکێک بوو لە کادرەکانی سەرەتای تێکۆشانی ئازادی، ئەو بوو بە نموونەی ژنێکی گەنجی یاخی لە زیندانەکانی دوژمن، هەمیشە بە شانازییەوە لە زیندانەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکدا وەستاوە، هەرگیز سەری بۆ دوژمن دانەنەواندووە، وەک قەڵایەک لە دژی بکوژەکان وەستایەوە، بە بەرزترین ئاستی ئازایەتی پێشەنگایەتی هەموو ژنە زیندانیکراوەکانی ناو زیندانەکەی کرد، لە بەرخۆدانی زیندانی ئامەددا پێشەنگایەتی کرد و تا ئەو ئاستەی کە مەمکەکانیشیان بڕییەوە، بەڵام بۆ ڕۆژێکیش پەشیمان نەبووەوە، بوو بە ئیلهامبەخش بۆ خەبات، سەرچاوەی هێز و ڕۆح و هیوا بوو بۆ هەموو ژنان و هەڤاڵەکانی، ئەو هەمێشە لە دژی داگیرکاری وەستایەوە، وەک خۆشی دەڵێت: "بە جەنگاوەرییەکی ڕاشکاو و قەبا لە بەرامبەر دوژمن، بە سەرهەڵدێری و یاخیبوونەوە درێژە بە شەڕەکەم دەدەم. بۆ ئەوەی ڕادەستی دوژمن نەبم، چاونەترسانە دەجەنگم".

 

ساکینە جانسز دوای مانەوەی بۆ ماوەی ١٠ ساڵ لە زینداندا، خەونی دوای ئازادبوونی بینینی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان و گەریلایە بۆیە دوای ماوەیەکی زۆر دەچێتە دۆڵی بیقاع لە لوبنان، وەها گفتوگۆی نێوان ڕێبەر ئۆجالان و ساکینە دەگێردرێتەوە، "لە دوای پەروەردە لە دۆڵی بیقاع لە لوبنان، ساکینە داوا لە ڕێبەر ئۆجالان دەکات بچێتە چیاکانی کوردستان و خەونەکەی بەدیبهێنێت، هەرچەندە پێی دەڵێن دەبێت بمێنێتەوە، بەڵام ئەو سورە لەسەر ئەوەی بە ئاواتەکەی بگات، ڕێبەر ئۆجالان بڕیار دەخاتە دەستی هێزی پەروەردە. بەهۆی ئەوەی هەموو هەڤاڵان دەیانزانی هەڤاڵ سارا خەونی ئەوەیە بڕواتە شاخ بۆ تێکۆشان، بۆیە هەموویان پشتگیریان کرد و ڕێبەر ئۆجالان پێی دەڵێت: سارا تۆ سەرکەوتوویت"، دوای ئەوەش گەشتی سارا بۆ چیاکانی کوردستان دەستپێدەکات.

 

"پێویستە مسۆگەر بە شێوازی سەرکەوتن بگەم"

ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان لە بارەی نووسینی پەرتوولی "ژیانم هەمیشە تێکۆشان بوو"، بە ساکینە جانسز دەڵێت: "ئیدی دەتوانی ڕۆمانی سەرکەوتنیش بنووسیت". لەسەر ئەو قسەیەی ڕێبەر ئۆجالان، تێکۆشەر و پێشەنگی گەلی کورد، ساکینە جانسز لە بەشێکی پەرتوکەکەیدا دەڵێت: "دەشێت دەرفەتی نووسینی ڕۆمانی سەرکەوتنم نەبێت و دەستم نەکەوێت، بەڵام لە شەڕ و تێکۆشانمدا بە بڕیارم لە گەیشتن بە شێوازی سەرکەوتن، بە تایبەتیش کە دەبینم شەڕەکانم ڕێگەیان بۆ چۆن کارەساتێک کردووەتەوە و چۆن هەست بەو ئێش و ئازارە گەورەیە دەکەم، باشتر تێدەگەم کە پێویستە مسۆگەر بەو شێوازە بگەم".

 

ماوەتەوە بووترێت، لە دوای کۆمەڵکوژی یەکەمی پاریس و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دووەمی پاریسیش، کە لە ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ ئەنجامدرا و هەریەک لە ئەڤین گۆیی، ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێکاری کەجەکە، عەبدوڕەحمان کزل وڵاتپارێز و میر پەروەر، هونەرمەند کۆمەڵکوژکران، نەک گەلی کورد کپ بووەوە، بەڵکو بە دەنگێکی زوڵاڵتر، هەزاران گەنج بوون بە شوێنکەوتووی ساکینە جانسز، ڕێبەری ژیانی ئازاد و هەڤاڵانی و پەیوەست بوون بە ڕیزەکانی ئازادییەوە.