کۆمەڵایەتیبوون؛ سیستمێکی پاراستنی مرۆڤە

لە مێژووەوە ژنان خاوەنی ئیرادە بوون و دەستکەوت و تێکۆشان بوون، بەڵام هەمیشە ڕووبەڕووی هێرش بوونەتەوە، لەو ڕووەوە ڕێبەری گەلی کورد دەڵێت: خۆڕسکانە لە هەناوی هەر زیندەوەرێکدا پاراستنی جەوهەری بوونی هەیە، بۆچی ژنان پاراستنی جەوهەرییان نەبێت؟.

بێگەرد ئازاد

 

سلێمانی- پرسی خۆپاراستن سەرەکیترین پێوەری ژیانە، مرۆڤ مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات لە دژی هەموو جۆرە توندوتیژی و ستەمکارییەک کە بەرامبەری بکرێت، بەو پێیەی هیچ بوونەوەرێک نییە ڕێوشوێنی خۆپاراستنی نەبێت، هەموو زیندەوەرانیش بە شێوازی جیاواز سیستەمی پاراستنی خۆیان پەیڕەو دەکەن بە نموونەش: گوڵ، کە بە دڕک خۆی دەپارێزێت، کەروێشک بەخێرایی جوڵەی خۆی دەپارێزێت و ماریش بە ژەهرەکەی.

 

سیستمی پاراستنی مرۆڤ کۆمەڵایەتی بوونییەتی، کە کۆمەڵگە دەبێتە پەناگە بۆی، بەڵام کاتێک کۆمەڵگەش لە ژێر کاریگەری دەسەڵاتدا بێت، مرۆڤەکانیش ئەو پەناگەیەی هەیانە لە دەستی دەدەن. لەو کاتەدا کۆمەڵگە و تاکەکانی ناو کۆمەڵگە بە ڕێگەی سیستەمی دەسەڵاتدارییەتی و دەمارگیری ڕەگەزیی کۆنترۆڵ دەکرێت، بۆ ئەوەش دەبێت تاک و کۆمەڵگە خۆیان بپارێزن و ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر.

 

خاکی کوردستان بە درێژایی مێژوو ڕووبەڕووی دەستدرێژیی دەوڵەتە پاوانخواز و زلهێزە نێودەوڵەتیەکان بووەتەوە بە نموونەش؛ مرۆڤەکان ڕووبەڕووی کوشتن، کۆچ، هەژاری و برسییەتی دەبنەوە، هەروەها بەهۆی بۆردوومانی گوندەکانەوە سروشتی کوردستان بەردەوام زیانی پێگەیشتووە. هاوکات لەلایەکیشەوە شەڕێکی سارد لە لایەن دەوڵەتانی زلهێزەوە بەڕێوە دەبرێت، کە هەوڵدەدەن لە ڕێگەی شەڕی تایبەتەوە گەنجان و ژنان لە کۆمەڵگەدا بەکاربهێنن بە تایبەتیش ژنان دەکرێنە کەرەستەیەک و بەکاریان دەهێنن بۆ بازرگانی کردنی سەرماییەداران.

 

هەر لە سەرەتای مرۆڤایەتیەوە ژنان خاوەنی ئیرادە بوون و دەستکەوتی زۆر گەورەیان بۆ بەڕێوەبردن و هێشتنەوەی ژیان بە دەستهێناوە. لە کشتوکاڵ و ئاژەڵداریەوە بگرە، تا دەگات بە بەڕێوەبردنی خێزان و هۆز و ئەو گوند و کۆمەڵگەیەیی تیایدا ژیاون، لەلایەن ژنانەوە پەرەی پێدراوە، ژنانی کوردیش خاوەنی مێژوو و تێکۆشانێکی گەورە بوون لە هەموو شۆڕش و سەرهەڵدانەکاندا بەشداربوون و ڕۆڵیان بینیوە و جێگە دەستیان دیار بووە.

 

لە کاتی بەڕێوەچوونی ئەم شەڕانە لەسەر کۆمەڵگە و تاکەکانی ناو کۆمەڵگە، قوربانی و زەرەرمەندی سەرەکی ژنان و گەنجانن، سیستەمی پیاوسالاری و ئەو هێرش و توندوتیژیانەی دەکرێتە سەر ژنانیش، پرسی ژنی قوڵتر کردووەتەوە، ساڵانە لە هەرێمی کوردستان بە ڕادەیەکی بەرز توندوتیژیی دەکرێتە سەر ژنان، جیاواز لە توندوتیژییە جەختەیی و دەروونییەکان، لە ڕێگەی شەڕی تایبەتەوە هەوڵ دەدرێت واتای ئازادی و خۆبوون لە مێشکی ژنانی کۆمەڵگە بەشێوەیەک بچەسپێندرێت، کە لە بەرژەوەندی سیستەمی سەرمایەداری و سیستەمی پیاوسالاریدا بێت.

 

لە تێڕوانینی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالانەوە، هەر کۆمەڵگەیەک ژنانی ئازاد نەبن، ئەو کۆمەڵگەیەش ئازاد نابێت، هەروەها یەکێک لەو بنەمایانەی بەردەوام ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان جەختی لێدەکاتەوە، پاراستنی جەوهەرییە و لەو بارەیەوە دەڵێت: خۆڕسکانە لە هەناوی هەر زیندەوەرێکدا پاراستنی جەوهەری بوونی هەیە، کەواتە بۆچی دەبێت لە ژناندا نەبێت؟ پاراستنی جەوهەری خۆپاراستنە لە هەر جۆرە لەناوچوونێک و هێرشێک. هەربۆییەش بۆ ژنان و گەنجان پرسی خۆپاراستن پرسی مان و نەمانە، خۆپاراستن نەک تەنها لە ڕووی جەستەیەوە بەڵکو لە ڕێگەی پاراستنی کولتووری، دەروونیی و هزریشەوە دەبێت بەڕێوەببرێت، لە هەمان کاتدا بەرەنگاریی و رووبەڕوو بوونەوەی ستەمکاران و بکەرانی تاوانی توندوتیژیەکانیش پەیوەستە و بەشێکە لە خۆپاراستن.

 

هۆشیار نەبوونی ژنان لە کۆمەڵگەدا، لەگەڵ نەبوونی پاراستنی جەوهەری هۆکارێکە بۆ ئەوەی بەردەوام ڕووبەڕووی توندوتیژی و بێ ماف بوون ببنەوە، ڕۆژئاوای کوردستان نموونەیەکی زیندووە کە دەتوانین ببینین ژنان بە پەیڕەوکردنی فکر و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، توانیویانە هێزی پاراستنی جەوهەری بۆخۆیان ئاوا بکەن، کە نەک تەنها لە ڕێگەی جەستەیەوە بەڵکو هزر، ئیرادە و تواناکانی ژنان لەلایەن خۆیانەوە دەپارێزرێت، هەروەها ئەو مێژووەی ژنان هەیانە و ئەو تێکۆشانەی کردوویانە لەو ڕێگەوە دەپارێزرێت.