نەتەوەی دیموکراتیک؛ پڕۆژەیەک کە نەخۆشی دەسەڵات و ناسیۆنالیزم و سێکسیزم ڕەتدەکاتەوە
چارەسەری بۆ دۆخی سووریا و پێکەوەژیانی نەتەوە و باوەڕییەکانی سووریا پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکە، ئەم ئەزموونەش لە دوای ساڵی ٢٠١١ و ئاواکردنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کەوتە بەرچاو و چارەسەری بۆ ناوچە ئازادکراوەکان بەدوایدا هات.
ناوەندی هەواڵ
زیاتر لە ١٥ ساڵە سووریا لە دۆخێکی ئاڵۆزداییە و بەردەوام گەل ڕووبەڕووی فشار و نادادپەروەری دەبوونەوە، خەڵکی سووریا لە قۆناغێکی سەختدا بوون بە هۆی دەسەڵاتی ڕژێمی سووریاوە کە لەلایەن بەعسەوە بە سەرۆکایەتی بەشار ئەسەد بەڕێوە دەچوو، زۆر لە وڵاتان ئەو ئاڵۆزیانەی کە لە سووریادا هەبوو بۆیان بووە دەرفەت تا لە ڕێگاییەوە درێژە بە هەژموونی خۆیان لە ناوچەکە و داگیرکاری و ئاڵۆزییەکانیان بدەن، چەتەکانی تەحریری شام کە چەند ساڵێکە لە سووریا دامەزراوە لە ڕابردوودا لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی کراوە، تورکیا بە هاوکاریکردن و پاڵپشتی کردنی تەحریرشام ئامانجێکی هەبوو ئەویش قوڵکردنەوە و ئاڵۆزترکردنی دۆخی سووریا بوو. لە ئەنجامی ئەو ئاڵۆزیانەی کە لە سووریادا ڕوویدا، بەشار ئەسەد دوای ٢٤ ساڵ لە سەرۆک کۆماریی سووریا و ٥٠ ساڵ دەسەڵاتی ئەسەدی باوک، سووریای بەجێهێشت و وازی لە سەرۆک کۆماری هێنا و ڕژێمی سووریا ڕووخا.
گەلی سووریا لە ژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و حافز ئەسەد بەردەوام ڕووبەڕووی زووڵم و زۆری بوونەتەوە، دوای ئەوەی بەشار ئەسەد سووریای جێهێشت دڕندانەترین زیندانی سووریا بە ناوی سیدنایا شکێنرا و ئەو کەسانەی بە شێوەی دڕندانە ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و سزا بوونەوە ڕزگارییان بوو، چەندین ژن کە بە تەمەنێکی کەمەوە چووبوونە ئەو زیندانانە بە چەند منداڵێکەوە لەوێ هاتنە دەرەوە و بە ووتەی خۆیان چەندین جار ڕووبەڕووی دەست درێژی بوونەتەوە.
تەحریر شام تەنها هێز نییە کە لە سووریادایە، بەڵکو لە دوای ساڵی ٢٠١٨ چەتەکانی تورکیا شاری عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستانیان داگیرکرد و داگیرکارییەکانیان فراوانتر کردەوە و لە ساڵی ٢٠٢٠ سەرێکانیان داگیرکرد ئەمەش وایکرد کە چەندین هێزی چەتە لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکوور و رۆژهەڵاتی سووریادا بوونیان هەبێت. لەگەڵ دەستپێکردنی ئەو ئاڵۆزیانە لە سووریادا دەوڵەتی تورکیاش ئەمەی بە دەرفەتێک زانی و هێڕشەکانی لە ڕێگەی هەوای و چەتەکانیەوە فراوانتر کردەوە، هەروەها چەندین جار هەوڵیدا کە پێکدادان بخاتە نێوان چەکدارانی تەحریر شام و کوردەکانەوە لە منبج و تەبقا، بەڵام چەکدارانی تەحریر شام لەم پێکدادانەدا نەیان توانیووە سەرکەوتوو بن و شکستیان هێنا. بە هەمان شێوەش هێرشی چەتەکانی تورکیا یەک لە دوای یەک بە دەستی هەسەدە تێکدەشکێنرێت.
ئەو ئالۆزیانەی ئێستە لە باکوور و رۆژئاوای سوریادا دروست بووە، مەترسییە بۆ سەر خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک و لە دوای رووخانی ڕژێمی سووریا، چەتەکانی تورکیا هێرشەکانیان بۆ سەر خۆبەڕێوەبەری زیادکردووە، هەروەها لە ڕێگەی چەتەکانی تورکیاوە لە منبج شەڕێکی قورس بەرامبەر هێزەکانی سوریای دیموکراتیک-هەسەدە بەڕێوەچوو، ئەوەی تێبینی دەکرێت دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت کەڵک لەم ئاڵۆزیانە وەربگرێت و داگیرکارییەکانی فراوانتر بکات، هەر بۆیەش ڕۆژانە بەردەوام لە هێرشی هەوایی و بۆردوومانی ئەو ناوچانە دەکات کە خێزان و منداڵ تیایدا دەمێننەوە و چەندین کۆمەڵکوژیشی ئەنجامدا.
چارەسەری بۆ دۆخی سووریا و پێکەوەژیانی نەتەوە و باوەڕییەکانی سووریا پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکە، ئەم ئەزموونەش لە دوای ساڵی ٢٠١١ و ئاواکردنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کەوتە بەرچاو و چارەسەری بۆ ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی سووریا هێنا. سووریا کە کۆمەڵگەیەکی مۆزایکە و نەتەوەکانی کورد، عەرەب، دروزی، تورکمان، سریانی، ئێزدی، ئەرمەنی، نوسایری، سونی و باوەڕییەکانی موسڵمان، ئێزدی، کریستیانی و چەندین باوەڕی دیکەی تیادایە، نەتەوەی دیموکراتیک دەتوانێت چارەسەری ئاڵۆزییەکانی بێت،
نەتەوە چەمکێک یان فۆرمێکە لە کۆمەڵگەی خێڵ و کڵان و هۆزە پەیوەندیدارەکان، کە لەسەر بنەمای یەکسانی زمان و کولتوور خۆیان بەڕێوەدەبەن، بریتییە لە کۆمەڵێک کەس کە هۆشیارییەکی هاوبەشیان هەیە، سەرەڕای جیاوازی لە ڕەگەز، ئایین، ڕەنگ، زمان، کولتوور، نەتەوە و تەنانەت ڕەچەڵەکی نەتەوەی، دیموکراسیش وەک چەمکێک لە بنەڕەتدا گوزارشت لە میتۆدی چارەی خۆنووسینی خەڵک دەکات، ئەو گەلانەی کە لە دەرەوەی چوارچێوەی ئیدارەکانی دەوڵەت و دەسەڵات و مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بەڕێوەدەبەن، دەچنە چوارچێوەی دیموکراسیەوە.
نەتەوەی دیموکراتیک، پڕۆژەیەکی نمونەییە کە نەخۆشی دەسەڵات و ناسیۆنالیزم و سێکسیزم ڕەتدەکاتەوە، لە جیاتی هۆشیاری دەوڵەت-نەتەوەیی بە یەک زمان و یەک کولتوور و یەک ئایین و یەک ئاڵا، فرە زمان و فرە کولتوور و فرە پێکهاتەیی لەخۆدەگرێت. بۆیه مۆدێلی نەتەوەی دیموکراتیک چارەسەری ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە هەزاران ساڵەیەیە کە شێوێندراوە و کۆمەڵگە دەگەڕێنێتەوە بۆ سروشتی خۆی، دەبێتە ڕێگەچارەسەری سیستمی دەوڵەت-نەتەوە کە بۆ دۆخی ئێستای سووریا هەموو پێکهاتەکان لە دەوری یەکدی بە پاراستنی ناسنامەیان لە خۆی کۆدەکاتەوە.
لە نەتەوەی دیموکراتیکدا ژنانیش هاوبەشن لە بەڕێوەبردنی ژیاندا و کۆمەڵگەیەکی یەکسان بەڕێوە دەچێت، ئەو گەلەی لە نەتەوەی دیموکراتیکدا ژیان دەکات خاوەنی ئیرادە و هەڵوێستە، وەک دەبیندرێت ڕۆژئاوای کوردستان ماوەی چەندین ساڵە بەردەوام ڕووبەڕووی هێرش و داگیرکاری دەبێتەوە، بەڵام نەتەوەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لەبەر ئەوەی خاوەنی کۆمەڵگەیەکن کە نەتەوەی دیموکراتیک بە بنەما دەگرن، بەردەوام لە زیندووبونەوە و گەشەدان، بە نموونەش ئابووری خۆڕسکانەیە، کە سەرەڕای چەندین ساڵ گەمارۆی ئابووری، بەڵام گەل خۆیان خاوەنی ئەو ئابووریەن کە هەیانە و پێویستیان بەوە نییە کە پشت بە ئابووری هیچ وڵاتێک ببەستن، ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، لە بەرگی پێنجەمی مانیفێستۆی شارستانییەتی دیمکراتیکدا ئاماژە بەوە دەکات، "بۆ ڕزگاربوون لە قەیرانی سەرمایەی دارایی، نەتەوەی دیموکراتیک ڕاستترین ڕێگەی سیاسی و ئەخلاقییە، کە مۆدێلی ناوخۆیی و جیهانی شانبەشانی یەکتر پێشدەخات".