"سیستمی سۆلار، سیستمێکە پارێزگاری لە ژینگە دەکات"

نیان فەرەج باسی لەوەکرد، لە خوێندنگەکەیاندا سیستمی سۆلار دانراوە و سەرکەوتوو بووە، چونکە کارەبای پێویستیان بۆ دابین دەکات و ژینگەش دەپارێزێت بەوەی کە دووکەڵ و پاشماوەی نییە.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- بەهۆی پیسبوونی کەشوهەوا و گەرمبوونی زەوی و زۆر بەکارهێنانی وزەی کارەبا و سوتەمەنی، هەوڵ دەدرێت سیستمێکی جێگەرەوە بۆ پاراستنی ژینگە بەکاربهێنرێت، یەکێک لەوانەش سیستمی سۆلارە، کە لە چەند ناوەندێكی خوێندنی شاری هەڵەبجە وەک ئەزموونی دانرا، تاوەکو خوێندکاران و مامۆستایانیش بتوانن سود لەو سیستمە وەربگرن.

 

لە ئێستادا دوو قوتابخانە لە شاری هەڵەبجە سیستمی سۆلار پەیڕەو دەکەن، وەک ئەزموونی کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە تاکوو بزانرێت سیستمەکە چەندە سوودی لێوەردەگیرێت، نیان فەرەج، بەڕێوەبەری خوێندنگەی بەمۆ، کە سیستمی سۆلار بۆ کارەبا بەکاردەهێنن، باسی لەوە کرد، کە تا ڕادەیەکی باش توانراوە سوود لە سیستمەکە وەربگیرێت.

 

"لە ڕووی ژینگەییەوە پاشماوەی نییە تا ژینگە پیس بکات"

نیان فەرەج وتی: یەکێک لە لایەنە باشەکانی ئەم سیستمە ئەوەیە کە دەتوانین سودی لێ ببینن و ژینگەش پیس نەبێت، دووکەڵ و پاشماوەی نییە و دەتوانین لە قوتابخانەکان سودی لێببینین، بە تایبەت بۆ هۆڵی کۆمپیوتەر، چونکە کە کارەبا برا ناتوانرێت هۆڵەکان بەکاربهێنرێن، بەڵام ئەم سیستمە وایکردووە خوێندکاران و قوتابیان بتوانن بەردەوام لە هۆڵەکان کارەبایان هەبێت و ژینگەش بە پاکوخاوێنی بمێنێتەوە.

 

کارەبای نیشتمانی بووە بە کێشەی ڕۆژانەی هاوڵاتیان

مامۆستا نیان فەرەج باس لە گرنگی سیستمی سۆلار دەکات، کە گرنگە، چونکە کارەبای نیشتمانی بە بەردەوامی نییە، بە تایبەت لە وەرزی زستانیشدا هۆڵەکانی خوێندن تاریکن و کارەبای نیشتمانی کەمە و ئەگەر لەڕیگەی مۆلیدە ئەهلیەکانەوە کارەبا دابین بکرێت، تێچووی زۆر دەبێت، بەڵام سیستمی سۆلار هەم ژینگە دەپارێزێت و هەم هۆکارێکیشە بۆ ڕووناک کردنەوەی هۆڵەکانی خوێندن.

 

جێی ئاماژەیە، بەپێی قسەی سۆران عومەر، بەڕێوەبەری پەروەردەی هەڵەبجە، سیستمی سۆلار بۆ دوو خوێندنگەی شارەکە دانراوە بە ئەزموونی، بەهۆی سەرکەوتنی سیستمەکەەوە، بڕیارە چوار خوێندنگەی دیکەش سیستمەکەی بۆ جێگیر بکرێت و بە زنجیرە بۆ خوێندنگەکانی دیکەش دابنرێت.