"دەبێت ژینگە بە وانەیەکی سەرەکی لە خوێندنگاکاندا بخوێندریت"

ئامینە ئەحمەد، لێپسراوی ڕێکخراوی ژینگە و ڕۆماڵ دەڵێت: کەرتی پەروەردە یەکەم بەرکەوتنی هەیە لەگەڵ هاوڵاتیاندا، بۆیە چۆنییەتی فێربوون و هۆشیار کردنەوەی پارستنی ژینگە دەبێت لە خوێندنگاکاندا ئەنجام بدرێت.

نیهایەت ئەحمەد

 

سلێمانی- هۆشیار کردنەوەی کۆمەڵگە لە پاراستنی ژینگە لە پرۆسەی خوێندندا، ئەرکی سەرەکی کەرتی پەروەردەیە، پێویستیە کە وانەیەکی تایبەت بە پەروەردەکرنی منداڵ دابنرێت، بۆ ئەوەی لە رێگەی خوێندنەوە کوردستان ئاوەدان بکرێتەوە، هەر تاکێکی کۆمەڵگە ئەرکی پاراستنی وڵاتەکەی لەسەر شانە و پاراستنی ژینگەش ئەرکێکی نیشتمانییە.

 

ئامینە ئەحمەد، لێپسراوی ڕێکخراوی ژینگە و ڕۆماڵ، دەربارەی سرووشتی کوردستان کە ببووە لانکەی کاولکاریی ڕژێمی بەعس و تا ئێستاش بۆردوومانکردن لەلایەن دەوڵەتی تورک بەردەوامە و چەکی کیمیایی لە چیاکانی کوردستان بەکاردەهێنێت، وتی: ١٦ نیسان وەڵامێکی گەورە بوو بۆ دوژمنانی کوردستان، ساڵی ١٩٧٨ کە لەو ڕۆژەدا گوند و بنارەکانی کوردستان کیمیاباران کران و جار بوو کە دەستی بەعسسیەکانی پێگەیشت، دواتر بە تێکرای گوند و بنارەکانی کردستان تاوەکو ساڵی ١٩٨٧ کیمیاباران کران، لەبەر ئەوە ١٦ی نیسان بووەتە مێژوویەک بۆ رۆژی ژینگەی کوردستان، ئێمە دەمانەوێت بە ڕێگەی چالاکییەکانمان کوردستان ئاوەدان بکەینەوە، ژینگە سەوز بکەین و هەمیشە لە خزمەتی ژینگەی کوردستاندا دەبین.

 

هەروەها ئامینە ئەحمەد، وتی: دەمانەوێت ژینگە ئاشت بکەینەوە بە گەلی کورد و سەرجەم هاوڵاتیان، چونکە هاوڵاتیان ڕۆڵێکی کاریگەریان هەیە لە پاراستنی ژینگە، پەروەردە یەکەم بەرکەوتنی هەیە لەگەڵ هاوڵاتیاندا، لە رێگەی پەروەردە و فێر کردنەوە نەوەی تازە پەروەردە دەکرێت، چونکە چۆنییەتی فێربوون و هۆشیار کردنەوەی پارستنی ژینگە دەبێت لە خوێندگاکاندا، بکرێتە وانەیەکی سەرەکی لە سیستمی پەروەردەدا، بۆ ئەوەی لە تەمەنی منداڵییەوە ژینگەکەی بپارێزێت و خۆشی بوێت.

 

"کەم کردنەوەی پێداویستەیەکانی رۆژانە خۆشەویست و دڵسۆزییە بۆ ژینگە"

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، پاراستنی خاک، ئاو، هەوا، ئەرکێکی نیشتمانییە، پێویستە هۆشیاری بدرێت بە هاوڵاتیان چۆن بە شێوەیەکی زانستی پارێزگاری لە سامانی گشتی بکرێت، کەم کردنەوی پێداویستییەکانی ڕۆژانە دڵسۆزییە بۆ ژینگە و خۆشەوستی بۆ ژینگە دەردەخات، دەبێت لە ژیانی رۆژانە بەکارهێنانی پێداویستیە سەرەتاییەکان، کەم بکرێتەوە و زیادەڕەوی نەکرێت، دەبێت هۆشیار ببینەوە و ئاگادار بین کە ژینگەی پیس، گاریگەری خراپ دەکاتە سەر تەندروستی جەستەمان.

 

"ژن ڕۆڵی سەرکی دەبینێت لە پاراستنی ژینگە"

لەکۆتاییدا ئامینە ئەحمەد ڕۆڵی ڕێکخراوە ژینگەییەکانی باس کرد وتی: بەردەوام ڕێکخراوە ژینگەییەکانی کوردستان لە هەوڵدان بۆ پاراستی ژینگەو سروشتی کوردستان، بەردەوام چالاکی ڕواندی نەمام و جوانتر کردنی سیمای شار و قەدەغەکردنی ڕاوکردن لە چیاکانی کوردستان پێشکەش دەکەن بە ژینگەکەمان، ژن ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە بەرەو پێشخستنی جوانتر دەرخستنی ژینگە.

 

وەک ژنێک کە لە ڕێکخراوی بواری ژینگەدا کاردەکات، دەڵێت: ژنان وەک گاریگەری یەکەمی کۆمەڵگا کاریان بۆ پاراستی ژینگە کردوە، چەندین ڕێکخراویان دامەزراندوە لە بواری ژینگەدا بۆ پاراستن و جوانتر کردنی کوردستان، هەمیشە کارتێکەری یەکەمن لە بەرەو پێشخستنی هەموو بوارەکاندا، چونکە کەسانی تەندروست بە ژینگەی تەندروست و پاک بنیاد دەنرێت.