"ڕژێمی ئیسلامی بە مەبەست ژینگەی کوردستان تێکدەدات"

گۆڕانی کەشوهەوا و پشتگوێخستنی ڕژێم هۆکاری زیادبوونی مێرووە زیانبەخشەکانی دارستانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، کە مەترسییەکی جددییە بۆ سەر ئیکۆسیستمی دارستانەکانی دار بەڕووی زاگرۆس.

نەسیم محەمەدخواه

 

بانە- دارستانەکانی زاگرۆس بە یەکێک لە بەنرخترین ئیکۆسیستمەکانی ئێران ناسراون کە ڕۆڵێکی گرنگ لە پاراستنی فرەچەشنی زیندوو و هاوسەنگی ئیکۆلۆژیدا دەگێڕن، ئەم دارستانانە کە زۆربەیان لە دار بەڕوو پێکدێن، لە گرنگترین سەرچاوە سروشتییەکانی وڵاتن و ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە پاراستنی خاک و سەرچاوەکانی ئاودا، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا دارستانەکانی دار بەڕووی زاگرۆس ڕووبەڕووی ئاستەنگی جددی بوونەتەوە، کە نەخۆشی لە ناویاندا زیادی کردووە و هۆکارەکەشی زیاتر بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و چالاکییەکانی مرۆڤەوەیە، وەک بڕینی نایاسایی دار و گۆڕینی بەکارهێنانی زەوی، ئەمەش بە مەترسییەکی جددی بۆ سەر مانەوەی ئەو دارستانانە دادەنرێت.

 

کرمی درەختی بەڕوو کە بەزۆری لە سەرەتای بەهاردا چالاکە، هێرش دەکاتە سەر گەڵا و لقە گەنجەکانی دارەکان و ڕێگری لە گەشەکردنیان دەکات، ئەم ئافاتانە دەتوانن لە یەک وەرزدا زیان بە ژمارەیەکی زۆر لە دارەکان بگەیەنن و ئەگەر کۆنترۆڵ نەکرێت، ئەگەری ئەوە هەیە تەواوی ناوچەیەکی دارستانەکان بگرێتەوە، بۆیە زۆر گرنگە بە وردی لێکۆڵینەوە لەم ئافاتە بکرێت و هۆکارەکانی ڕوودان و بڵاوبوونەوەی و چارەسەرەکانی مامەڵەکردن لەگەڵیدا بخرێتەڕوو.

 

ن.ش.، شارەزایی ژینگەییە و باسی لە زیانگەیاندن بە دارستانەکانی زاگرۆس کرد کە کاریگەری لەسەر سیستمی ژیان هەیە و وتی: بڵاوبوونەوەی ئەو مێرووە کە وەک نەخۆشییە، بە یەکێک لە زیانبەخشە هەرە وێرانکەرەکانی دار بەڕوو لە دارستانەکانی زاگرۆس ناسراوە، کردمی درەختی بەڕوو بە شێوەیەکی سەرەکی هێرش دەکاتە سەر گەڵا و لقە گەنجەکان و بۆ خۆراکدان و بڵاوبوونەوە بەکاریان دەهێنێت، ئەمە توانای گەشەی دارەکان کەمدەکاتەوە و دارەکان لاواز دەکات و تەنانەت وشکیان دەکاتەوە، لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ئەم ئافاتە لەم دواییانەدا، دەتوانین ئاماژە بە گۆڕانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و گۆڕانی شێوازی بارانبارین بکەین کە بارودۆخێکی ژینگەیی لەباری بۆ زۆربوونی ئەو مێرووانە خوڵقاندووە، کەمبوونەوەی جۆراوجۆری بۆماوەیی لە دارستانەکانی دار بەڕوو بەهۆی بڕینی بێ جیاوازی و بەڕێوەبردنی ناکارامەی دارستانەکان بەرگری سروشتی دارەکانی بەرامبەر بە زیانبەخشەکان کەمکردووەتەوە.

 

ئایا گۆڕانی کەشوهەوا ڕۆڵی هەبووە لە بڵاوبوونەوەی ئەم ئافاتە و ئەگەر هەبووە، کاریگەرییەکانی چین؟

بەڵێ، گۆڕانی کەشوهەوا ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە بڵاوبوونەوەی ئەو مێرووە زیانبەخشانە، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و گۆڕانی شێوازی بارانبارین وایکردووە کە بارودۆخەکە لەبار بێت بۆ ژیان و زیادبوونی مێرووەکان، هەروەها گۆڕانکاری لە چڕی و دابەشبوونی بارانبارین دەبێتە هۆی کاریگەری لەسەر شێی ناو خاک و دارەکان و ئەمەش سوودی بۆ زیادبوونی مێرووەکان دەبێت.

 

ئەم مێرووانە چ کاریگەرییەکی لەسەر جۆراوجۆری زیندەوەری دارستانەکانی زاگرۆس هەیە؟

کاریگەریی کرمی دار بەڕوو لەسەر جۆراوجۆری بایۆلۆجی دارستانەکانی زاگرۆس لەڕادەبەدەر نەرێنییە، لەدەستدانی دار بەڕوو کە پێکهاتەی سەرەکی ئەم ئیکۆسیستمانەن، دەتوانێت ببێتە هۆی گۆڕانکاری زنجیرەیی لە پێکهاتەکانی تری ئیکۆسیستمەکەدا، لەدەستدانی دار بەڕوو واتە کەمبوونەوەی شوێنی نیشتەجێبوونی بەردەست بۆ زۆرێک لە جۆرەکانی باڵندە و مێروو و ئاژەڵەکانی تر کە بۆ خۆراک و شوێنی نیشتەجێبوون پشت بەم دارانە دەبەستن، ئەم پرسە دەتوانێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی جۆراوجۆری زیندوو لە ناوچەکەدا و تێکدانی هاوسەنگی بایۆلۆجی هەبوو.

 

چ شێوازێک هەیە کۆنترۆڵکردن و ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەم مێرووانە لە ئێران گیراوەتە بەر؟

بۆ کۆنترۆڵکردن و ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەم مێرووانە لە ئێراندا ڕێگەی جیاواز بەکارهێنراون، ئەم ڕێگایانە بریتین لە بەکارهێنانی تەڵەی فیرۆمۆن بۆ ڕاکێشان و لەناوبردنی مێرووەکان، بەڕێوەبردنی میکانیکی لەوانەش بڕین و لابردنی لقە تووشبووەکان، هەروەها بەکارهێنانی ڕێگەی بایۆلۆجی وەک ئازادکردنی دوژمنە سروشتییەکانی مێرووەکە، ئەمانە کاریگەرییان جیاوازە و بەندە بە بارودۆخی تایبەتی ناوچەکە و ڕادەی بڵاوبوونەوەی مێرووەکە، هەروەها پەروەردەکردن و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە ناوخۆییەکان سەبارەت بە گرنگی بەڕێوەبردنی مێرووەکان و پاراستنی دارستانەکان ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی مێرووەکە.

 

چ ستراتیژییەک لە وڵاتانی دیکەدا بەکاردەهێنرێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ زیانبەخشە هاوشێوەکان؟

لە وڵاتانی دیکەدا چەندین ستراتیژی جۆراوجۆر بەکاردەهێنرێن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ زیانبەخشە هاوشێوەکان، لەوانە شێوازی بایۆلۆجی، کۆنترۆڵکردنی کیمیایی، بەڕێوەبردنی ژینگە و دەستکاریکردنی ئیکۆلۆژی. بەکارهێنانی دوژمنە سروشتیەکانی مێرووەکان، وەک مێرووی نێچیر و بەکتریا سودبەخشەکان کە مێرووەکان لەناو دەبەن، کە یەکێکە لە شێوازە بایۆلۆژییەکان، کۆنترۆڵی کیمیایی هەرچەندە کاریگەرە، بەڵام دەبێت بە وریاییەوە بەکاربهێنرێت بۆ ئەوەی زیان بە لایەنەکانی تری ئیکۆسیستمەکە نەگات، شێوازەکانی بەڕێوەبردنی ژینگە بریتین لە گۆڕینی بارودۆخی ژینگە بە شێوەیەک کە ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی مێرووەکە بکات.

 

ئایا ڕژێمی ئێران بە ئەنقەست ژینگەی کوردستان و دارستانەکانی زاگرۆس لەناو دەبات؟

ڕژێمی ئیسلامی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ژینگەی کوردستان و دارستانەکانی زاگرۆس لەناو دەبات، لەناوبردنی دارستانەکانی زاگرۆس بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە وازهێنان لە ژینگەپارێزی لێدەکەوێتەوە، کە دەبێتە هۆی دەستبەسەرداگرتنی زەوی و چالاکیی مافیایی، لە لایەکی دیکەوە وێرانکاریی ڕاستەوخۆش ڕوودەدات، وەک دروستکردنی ڕێگای هاتوچۆی سەربازی و لەناوبردنی دارستانەکانی دەوروبەری بنکە سەربازییەکان بۆ مەبەستی ئەمنی و لەناوبردنی ڕووپۆشی دارستانەکان لە ناوچە سنوورییەکان، ئەم جۆرە چالاکییە نوێنەرایەتی سیاسەتێکی سیستماتیکی بۆ وێرانکردنی ژینگە دەکات، کە ڕژێمی ئێران نەک هەر ڕێگری ناکات، بەڵکو چالاکانە تێیدا بەشدارە.