ژنانی غەززە لە نەبوونی تەواوی خزمەتگوزارییەکاندا چۆن دەژین؟
فاتینە سەک و منەتوڵا ئەیوبی، نوێنەرایەتی خۆڕاگری ژنان لە بەرامبەر ویرانکاری دەکەن، هەروەها خەون بە ژیان و خوێندنەوە دەبینن لەناو کەمی خزمەتگوزاریەکاندا.
ڕەفیف ئیسلیم
غەززە- ژنان لە هەندێک لە ناوچە وێرانبووەکانی کەرتی غەززە، وەک گەڕەکەکانی نەسر، تل هەوا و جەلا، لە بارودۆخێکی ناخۆشدا ژیان بەسەر دەبەن، ئاو و کارەبا و تەنانەت ئینتەرنێت و تەلەفۆنیش نییە، ئەمە جگە لەو ڕێگا سەختانەی کە بە پێ ناتوانن بیبڕن، بە تایبەتی کە کۆمەڵێک دارووپەردوو لە ناوەڕاستیاندا کۆبۆتەوە.
''کارەساتی ژنێک لە گەڕان بەدوای ژیاندا''

فاتینە سەک، بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و نائاسایشی خۆراک بەرگەی ئازارێکی پێناسەنەکراو دەگرێت، لەوەتەی گەڕاوەتەوە دوای ئەوەی بۆ ماوەی دوانزە ڕۆژ ئاوارە بووە بۆ باشوور، بۆی دەرکەوتووە هەموو شتێک گۆڕاوە، سێ خانووەکەی وێران وبۆردوومان کراوە، ئەو خوێندنگەیەشی کە تێیدا دەمێنێتەوە لە دۆخێکی باشتردا نییە، هەموو شتێک لە شارەکەدا وێران بووە و شوێنێکی گونجاویش بۆ ژیان نەماوە.
وتیشی: لە بەیانییەوە هەوڵدەدەم بە هەموو شێوەیەک قسە لەگەڵ منداڵەکان بکەم بۆ ئەوەی وایان لێبکەم سەتڵێک ئاوم بۆ بهێنن بۆ ئەوەی خۆم بشۆم، قسەی ئەوانیش ئەوەیە، ''دەتەوێت خۆت بشۆیت داپیرە؟ بەڵام ئێمە بە درێژایی ڕۆژ تینوو دەبین؟''، چونکە تەنها دوو سەتڵ ئاو دەستدەکەوێت کە ٣٢ لیترە لە ڕۆژێکدا بۆ حەوت کەس، کە پێویستیان بە چێشت لێنان و بەکارهێنانی بۆ گەرماو و جل و بەرگ و قاپ شۆردن و خواردنەوە هەیە.
''تا ئێستا گەرمای هاوین کەم نەبووەتەوە''
فاتینە سەک، چەند کیلۆمەترێک لە ژێر خۆری سووتێنەردا دەڕوات بۆ ئەوەی مۆبایلەکەی شەحن بکاتەوە و هەواڵی کوڕە بریندارەکەی و منداڵەکانی دیکەی بزانێت کە لە باشووری کەرتی غەززە ماونەتەوە، کە بەهۆی زۆری تێچووی گواستنەوە ناتوانن بگەڕێنەوە شارەکە، هەروەها چەند کیلۆمەترێکی دیکە بە پێ دەڕوات بۆ کڕینی کیلۆیەک ئارد بە نرخێکی زۆر، چونکە تائێستا نانەواخانەکانی شارەکە دەستیان بە کارەکانیان نەکردووەتەوە.
بە داخەوە بۆ لەدەستدانی ئامێر و پێداویستییە سەرەکییەکان دەگێڕێتەوە، سەتڵێکی ئاوی نییە، لە کاتی ئاوارەبوونیاندا مەنجەڵەکانی چێشت لێنانی دزراون، هیچ شوێنێکی نییە جلەکانیش لێ وشک بکاتەوە، ئەم دۆخە درێژدەبێتەوە بۆ هەموو پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک ژنێک، جەخت لەسەر پێویستی خۆی دەکاتەوە بە خۆراک، بەتایبەتی هێلکە و گۆشت و ماسی، هەر وەک پزیشکەکە لە دوایین سەردانەکەیدا پێی وتووە، زۆر پێویستی بە خۆراکی هاوسەنگ هەیە، ئەگەرنا پێدەچێت بۆ ماوەیەکی درێژ لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە.
هەروەها ئەو بەداخەوەیە بۆ ئەو ئامێر و پێداویستییە سەرەکییەکان کە لە دەستیداوە، کە تەنانەت سەتڵێک نییە ئاوی تێدا داننێت و لە کاتی ئاوارەبوونیسدا مەنجەڵەکانی چێشت لێنان لێی دزراون، وە شوێنێک نییە جل و بەرگی تێدا وشک بکاتەوە، هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات کە پێویستی بە خۆراک هەیە وەک هێلکە و گۆشت و ماسی، وەک چۆن پزیشکە کە لە دوایین سەردانەکەیدا پێی وتووە، کە زۆر پێویستی بە خۆراکی هاوسەنگ هەیە، ئەگەرنا بۆ ماوەیەکی زۆر لە نەخۆشخانە دەبێت.
فاتینە سەک هەوڵدەدات پەناگەکە بەجێبهێڵێت و بچێتە نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، بەو پێیەی تووشی نەخۆشی دڵ بووە، بەڵام ناتوانێت بە تەنها بڕوات و لە شوێنی خۆیدا گیری خواردووە، بەوپێیەی دەیبینین شەقامەکان بوون بە شاخ و چاڵی قووڵ کە ژنێکی هاوتەمەنی خۆی یان منداڵێک، تەنانەت ژنێکی گەنجیش ناتوانێت پێیدا بڕوات، لە ئەنجامیشدا هاتوچۆ ناگاتە ئەو ناوچانە، بۆیە ژنانی ئەوێ پەنا دەبەنە بەر ڕۆیشتن بۆ چەندین کاتژمێر بە پێ، بۆ ئەوەی ئەو شتانە بەدەست بهێنن کە پێویستیان پێیەتی، وەک گەیشتن بە بازاڕەکان و کڕینی پێداویستییەکان.
''خوێندکارێک خەون بە تەواوکردنی خوێندنەکەیەوە دەبینێت''

منەتوڵا ئەیوبی، هەستەکانی پێش خۆی دەنگ دەداتەوە و ڕوونی دەکاتەوە، ئەویش ناتوانێت ئەو ڕێگایە ببڕێت کە ماڵەکەی بە بازاڕەوە دەبەستێتەوە، بۆیە ناچارە باز بەسەر بەربەستەکاندا بدات و ڕێگای جێگرەوە بگرێتەبەر، کە ئەمەش کاتێکی زۆری دەوێت و قورسە، هەروەها شارەکەیان بە وێرانەیی بەجێهێشت و ڕۆیشتن، ناوچەکە پێش لەشکرکێشی زەمینی ئەم دواییە زۆر باشتر بوو، ژنانیش بە پێچەوانەی ئەمڕۆوە توانیویانە لەو ناوچانەدا بژین و خۆیان بەڕێوەببەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، کاتێک داوای لە باوکی کردووە بگەڕێتەوە بۆ شاری غەززە، پێشبینی ئەو وێرانکارییەی نەکردووە کە بەسەریدا هاتووە، وەک ئەوە وابوو کە گەڕابێتەوە بۆ سەردەمی بەردین، کە نە ئاو و نە کارەبا و نە غازی چێشت لێنان و نە گواستنەوە و نە پەیوەندی تێداهەیە، هەروەها وەک خوێندکارێکی ئامادەیی باوکی ئامۆژگاری کردبوو کە پەلە نەکات و بمێنێتەوە، چونکە لە دوو مانگی داهاتوودا دەتوانێت تاقیکردنەوەکانی ئەنجام بدات، بەڵام ئەو ڕەتیکردووەتەوە و کەوتووەتە داوی نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانەوە.
ئەمڕۆ منەتوڵا ئەیوبی چەند کیلۆمەترێک بە پێ دەڕوات، هەوڵدەدات مۆبایلەکەی بەرز ڕابگرێت بۆ ئەوەی سیگناڵی ئینتەرنێت بەدەستبهێنێت، ئەویش لە پێناو ئەوەی بتوانێت ئەو وانە و کەرەستەی پەروەردەیانە دابەزێنێت کە لەدەستی داوە، بەڵام شکست دەهێنێت لە دۆزینەوەی ئاماژەیەک و دەگەڕێتەوە بۆ شوێنی خۆی و بە بێدەنگی دەگری، هەروەها خێزانەکەی زیاتر لە هەزار دۆلاریان داوە بۆ گەڕانەوەی بۆ شارەکە، توانای ئەوەیان نییە جارێکی دیکە بگەڕێنەوە باشوور و ئەویش کەسی نییە لەوێ لەگەڵیدا بمێنێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، شەحنکردنەوەی مۆبایل تەنها هەفتەی جارێک ئەنجام دەدرێت، چونکە سەرەڕای گەڕانەوەی وردە وردەی دانیشتووان، هێشتا هیچ پێشکەشکارێکی خزمەتگوزاری نەگەڕاوەتەوە بۆ ناوچەکان، هەروەها داوای لە دابینکەرانی خزمەتگوزارییەکان کرد دەستبەجێ بگەڕێنەوە بۆ شارە زیانلێکەوتووەکە و ژیانیان بۆ بگەڕێننەوە، چونکە زۆرێک لە ژنان و خوێندکاران و کرێکاران بە تەواوی لە ژیان دابڕان و ناچارن سێ کاتژمێر بە پێ بڕۆن بۆ ئەوەی دەستیان بە خزمەتگوزارییەکان بگات.
بەوتەی منەتوڵا ئەیوبی، ژنان و ژنانی گەنج لە ئێستادا پێویستیان بە ئاو و خواردنی دروست و کارەبا هەیە تەنها بۆ ماوەی یەک کاتژمێر لە ڕۆژێکدا، هەروەها غازی چێشت لێنانیش، بەتایبەتی کە هەموو ڕۆژێک گوێی لە هاتنە ژوورەوەی هەزاران بارهەڵگر دەبێت و کەسیش پەیوەندی بەو خێزانانەوە ناکات بۆ ئەوەی پشکی خۆیان لە خۆراک وەربگرن، ئاماژەی بەوەشکرد، لەهەمان بارودۆخی سەختی داپیرەی دەژی و دەیەوێت لەو ژیانە ڕزگاری بێت و پەرستاری بخوێنێت بۆ خزمەتکردنی نەخۆشەکان و ئاوەدانکردنەوەی شارەکە بە دەستی ژنە گەنجەکان، کە هێشتا خەون بە داهاتوویەکی باشترەوە دەبینن.