ژن و سروشت... سەرچاوەیەک بۆ بەخشندەیی

لە گوندی گرێ میری کە دەکەوێتە شاری زرگان لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، نەجاح سەلۆ توانی حەوشەی ماڵەکەی بگۆڕێت بۆ باخچەیەکی چارەسەری و خۆراکی بە چاندنی نەمام بۆ ئەوەی سروشت بکاتە بەشێک لە ژیانی خۆی و ببێتە سەرچاوەی هەم چارەسەر و هەم خۆراک.

سۆرگۆڵ شێخۆ


زرگان- نەجاح سەلۆ جەختی لەسەر گرنگی ژنان کردەوە کە بزانن ئەو چارەسەرەی کە پێویستیانە ڕەنگە لە ماڵەکانیاندا بەردەست بێت، داوای لێکردن بەدوایدا بگەڕێن و بە شێوەیەکی گونجاو سوودی لێ وەربگرن.


هەموو دار و تۆیەکی میوە و گوڵ و گەڵایەک تایبەتمەندی چارەسەری گەورەی هەیە، گرنگی کەمتر نییە لە سوودە خۆراکیەکانی کاتێک دەخورێت، ئەم گەنجینە سروشتیانە زۆرجار لەلایەن نەوە گەنجەکانەوە چاوپۆشییان لێدەکرێت، لەکاتێکدا دایک و داپیرە هێشتا بە شارەزایی و زانیارییەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن. بۆیە زۆر گرنگە ئەوانەی سەوزە و میوە دەچێنن، دەیفرۆشن، یان دەیخۆن، تێگەیشتنێکی هەمەلایەنەیان هەبێت لە سوودەکانی هەر جۆرێک، زانیاری وردیان هەبێت لەسەر بڕی و جۆری ئەو ڤیتامینانەی کە تێیدایە، ئەمەش وایان لێدەکات لەکاتی نەخۆشکەوتندا هاوسەنگییەکی تەندروست لە نێوان چارەسەرە سروشتییەکان و دەرمانە کیمیاییەکاندا بەدەستبهێنن.


نەجاح سەلۆ دایکێکە باوەڕی بە کاریگەریی چارەسەری سروشتی هەیە، لە حەوشەی ماڵەکەیدا لە گوندی گرێ میر، لە شاری زرگان لە پارێزگای جزیرەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، دار هەنجیر و جۆرەکانی تری نەمامی چاندووە، بۆ ئەوەی سروشت بخاتە ناو ژیانی ڕۆژانەیەوە وەک سەرچاوەی چاکبوونەوە و خۆراک.

 

شیری هەنجیر چارەسەرێکی سروشتییە بۆ زۆرێک لە نەخۆشیەکان
نەجاح سەلۆ ئاماژەی بەوەشکرد، دوای کڕینی زەوییەکە و دروستکردنی ماڵەکەیان ژیانی لەگەڵ هاوژینەکەیدا گۆڕاوە، دەستیان کرد بە چاندنی جۆرەها نەمام، لە دار هەنجیرەوە دەستیان پێکرد، دارەکانی ناو باخچەکە تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ٢٤ ساڵدایە، ساڵانێکمان بەسەر بردووە لە چاندنی پەتاتە و گەنم و سەوزە و بەرهەمە خۆراکییەکانی دیکە، تەمەنی دار هەنجیرەکان نزیکەی دە ساڵە و دوو دانەیان بەرهەمهێنانیان وەستاوە، لەکاتێکدا چواریان هێشتا سەوزن و بەباشی بەرهەمدەهێنن.


دووپاتی کردەوە کە هەنجیر و دار ترێ لە بەرهەمدارترین دارەکانی باخچەکەن، ئاماژەی بەوەشکرد، هەنجیر دەکوڵێنێت بۆ ئەوەی مرەبا دروست بکات و وشکی دەکاتەوە و بۆ وەرزی زستان هەڵیدەگرێت، هەروەها گەڵای هەنجیر سوودی دەرمانی هەیە، بەو پێیەی شەربەتی لق و گەڵاکانی بۆ چارەسەری حاڵەتەکانی پێست وەک ئەکزیما و بالووکەی دەست و قاچ بەکاردێت، شیری هەنجیر چارەسەرێکی کاریگەرە بۆ کێشەکانی پێست.


ئاماژەی بەوەشکرد، خواردنی هەنجیر سوودی هەیە بۆ تەندروستی لەش و گەدە و وتی: خواردنی هەنجیر دڵ و جەستە بەهێز دەکات، ڕۆڵی هەیە لە ڕێگریکردن لە شێرپەنجە و پاراستنی جەستەی مرۆڤ، هەروەها چارەسەرە بۆ گەدە و قۆڵۆن، بۆ نموونە هاوژینەکەم تووشی ئازاری گەدە بووە و هەموو بەیانیەک پێش نانی بەیانی دوو سێ هەنجیری دەخوارد، پاش ماوەیەک لە ڕۆژانە خواردنی ئەنجیر گەدەی بەتەواوەتی چاک، هەرکەسێک سوودەکانی ئەم میوەیە بزانێت دەزانێت کە داری هەنجیر زۆر سوودبەخشە.

 

خۆی چارەسەری خۆی دەکات
نەجاح سەلۆ، کە تووشی حاڵەتەکانی پێستی وەک ئەکزیما بووە، باسی ئەزموونەکەی دەکات و وتی: بەهۆی ئەکزیما لەسەر دەست و دەموچاوم دەناڵێنم، هەموو ڕۆژێک گەڵای هەنجیرم هەڵدەگرت و شیرەکەم دەکردە دەستەکانم، دەستبەجێ هەستم بە کزانەوەیەک دەکرد لە دەست و دەموچاوم، بە تێپەڕبوونی کات پێستم لە نەخۆشیەکە ڕزگاری بوو، لە سەرەتای وەرزی هەنجیرەوە تا چاکبوونەوەی پێستم گەڵا و شیری هەنجیرم بەکاردەهێنا، لە هەمان کاتدا شیری هەنجیرم بەسەر بالووکەکاندا دەدا کە لەسەر دەست و پێی ژن و منداڵ گەشەیان دەکرد، کاتێک بالووکەکان شیرەکە هەڵدەمژن، ناسک دەبن و بە تێپەڕبوونی کات کاڵ دەبنەوە، بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ ژنان و منداڵان دەکەم.

 

دەرمانی کیمیایی نەخۆشیەکان درێژ دەکاتەوە
سەبارەت بە جیاوازی نێوان دەرمانی سروشتی و کیمیایی، ڕوونیکردەووە کە ئەو دەرمانانەی پزیشک دەینووسن دەرمانی کیمیایین کە تەنها ئازار کەم دەکەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا شیری هەنجیر و چارەسەرە سروشتییەکانی تر نەخۆشییەکان لە ڕەگەوە چارەسەر دەکەن، زۆر هەڵە ڕوویداوە کاتێک پزیشکان دەرمان بۆ نەخۆشییەکانی تر دەنووسن و دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی نەخۆشی نوێ، ئەم دەرمانانە ماوەی نەخۆشییەکان لە جەستەی مرۆڤدا درێژ دەکەنەوە، بۆیە دەبێت ژنان و هەموو کەسێک بزانن کە دەرمانەکەیان لە ماڵەوەیە و دەبێت بەدوایدا بگەڕێن و بەباشی بەکاری بهێنن خۆم چارەسەری نەخۆشی خۆم و هاوژینەکەم کرد، چونکە سەردانی پزیشکێکی زۆرمان کرد و سوودمان لێ وەرنەگرت.

 

"دار بچێنە بۆ ئەوەی دەرمانەکەت لە باخچەکەتەوە بێت نەک لە دەرمانخانەکانەوە"
جەختی لە گرنگی چاندنی نەمام و هۆکارەکانی بۆ ئەو کارە کردەوە، وتی: چاندنی هەنجیر و هەنار و ترێ باشترە لە کڕینی و چوونە لای پزیشک، خواردنی بەرهەمی درەخت نەک هەر بارگرانی دارایی کەمدەکاتەوە بەڵکو نەخۆشی کەمدەکاتەوە ، مرۆڤیش لە ناچاربوون بە بەردەوامی سەردانی پزیشک ڕزگار دەکات. با دەرمانی نەخۆشەکان لە باخچەکانیانەوە بێت نەک دەرمانخانەکان، داوا لە ژنان دەکەم هەر جۆرە نەمامێک بێت لە باخچەکانیاندا بیچێنن.