زانکۆکانی ئێران کەشێکی ناپارێزراویان هەیەو خوێندکارەکان ڕووبەڕووی هەراسانکردن و ئازاردان دەبنەوە
لە زانکۆکانی ئێراندا، ئازاری ژنانی گەنجی خوێندکاران لە بەردەم دەرگای هۆڵەکانی خوێندن کۆتایی نایەت؛ بەڵکو گەواهییە دووبارەبووەوەکان ئاشکرای دەبن سەبارەت بە دەستدرێژی، فشار و ئازاردانی دەسەڵات، کە زانکۆ دەکەنە کەشێک کە تێیدا ژنان رووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە.
سارا پورخەزری
کرماشان ـ ژنانی گەنج لە ئێران زۆرجار زانکۆ وەک ڕێگایەک بۆ سەربەخۆیی و ئامرازێک بۆ بەهێزکردنی ناسنامەکانیان، ژینگەیەکی پارێزراو بۆ گەشەکردن، بەدەستهێنانی زانست و هۆشیاری سەیر دەکەن، بەڵام گێڕانەوەی زۆرێک لە ژنە گەنجە خوێندکارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پێکهاتە پیاوسالارییەکان و شێوازی هەراسانکردن لەم ساڵانەی دواییدا لە هەندێک زانکۆدا زیاتر باو بووە.
بەپێی ئەو گەواهی و شایەتحاڵانەی گەیشتوون، چەندین ژنانی گەنجی خوێندکاری زانکۆ ڕووبەڕووی ئازارپێدان و دەنگۆی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بوونەتەوە لەلایەن مامۆستایان و بەرپرسانەوە، لەگەڵ ڕەفتاری بێڕێزی پێکەر و نەژادپەرستانە بەرامبەر بە ژنان، هەڕەشەی شاراوە، بەڵێنی مەرجدار بە ملکەچبوون؛ ئەمەش زانکۆی بۆ زۆرێک لەوان کردووە بە مەیدانی ململانێ لەگەڵ بنەما پیاوسالارییەکاندا.
شەبنەم. ح، کە خوێندکارێکی زانکۆی پەیام نورە لە کرماشان، باس لەوە دەکات کە چۆن بووە بە زیانبەرکەوتووی دەستدرێژی و بێڕێزی لەو شوێنەی کە دەبوو کەشێک بێت بۆ فێربوون و گەشەکردن، وتی: کاتێک داوای هاوسەرگیریی یەکێک لە مامۆستایانی زانکۆم ڕەتکردەوە، دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی چەواشەکاری و قسە لەسەر من، پڕوپاگەندەی وەهای دروستکرد کە گوایە من پەیوەندیم لەگەڵ هەموو پیاوانی زانکۆدا هەیە، هەموو ڕۆژێک لە دەستشۆرەکاندا دەیبینیمەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە سکاڵای لای سەرۆکی زانکۆ تۆمارکردووە و وتی: پێموت کە دەتوانێت سەیری کامێراکانی چاودێری بکات بۆ ئەوەی دڵنیابێت کە هەموو ئەم تۆمەتانە درۆن، لە سەرەتادا سەرۆکی زانکۆ خۆی وەکو پشتگیریکار پیشاندا، بەڵام زۆری نەخایاند دەرکەوت کە مەبەستێکی تری هەیە، بەردەوام هەوڵی دەدا ڕامکێشێتە ناو ژوورەکەیەوە، چەندین جار هەوڵیدا دەستم بگرێت، بە دەنگێکی نزم و بێڕێزیپێکەرەوە دەیوت (تۆ شایستەی پیاوێکی وەک منی کە بتپارێزێت)، تەنانەت پێشنیاری ئەوەشی دەکرد کە بە تەنها دابنیشین و باسی کێشەکانمان بکەین.
ڕوونیکردەوە، کە کاتێک ناڕەزایەتیم دەربڕی و وتم ”هەمووتان وەک یەکن”، رۆژی پاش ئەوە بەڕێوبەرەکە لەبەردەم هەموو خوێندکاراندا، لە دەروازەی زانکۆ و بە دەنگێکی بەرز بێڕێزی پێکردم و وتی ئەو جلوبەرگانەی لە زانکۆ لەبەریان دەکەم بۆ شەوی ئاهەنگەکان شایستەن و من بوومەتە هۆی بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لە زانکۆدا، ئەم هێرشە ئاشکرایە تەنها لەبەر ئەوە بوو کە وەڵامی داواکەی ئەوم نەدایەوە، دوای چەند هەفتەیەک لە فشار و بێڕێزی بەردەوام، ناچار بووم واز لە زانکۆ بهێنم.
دەستدرێژی لە سایەی دەسەڵاتدا
لە ساڵانی ڕابردوودا، چەندین ڕاپۆرت بڵاوبوونەتەوە سەبارەت بە تووشبوونی ژنانی گەنجی خوێندکاران بە دەستدرێژی سێکسی لەلایەن مامۆستایان و بەرپرسانی زانکۆوە، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە دەستدرێژی سێکسی لەلایەن مامۆستایان و بەرپرسانەوە بووەتە دیاردەیەکی دووبارەبووەوە لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا.
یەکێک لە تازەترین نموونەکان ئەوەیە کە لە زانکۆی کوردستان ڕوویدا، کاتێک ١٧ ژنی گەنجی خوێندکار سکاڵای فەرمییان دژی مامۆستایان ”جەمال محەمەدی” تۆمارکرد و تۆمەتباریان کرد بە دەستدرێژی سێکسی، لە سەرەتادا بڕیاری دەرکردنی دەرچوو، بەڵام لە کۆتاییدا هەموو تۆمەتەکان لەلایەن دەسەڵاتە فەرمییەکانەوە ڕەتکرانەوە و بێتاوان دەرچوو.
ئەم بڕیارە شەپۆلێکی تووڕەیی و ناڕەزایەتی لەنێوان خوێندکاراندا دروستکرد، کە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ڕێکخست و داوای دادگاییکردن و لێپرسینەوەیان کرد، بەڵام بەپێی گێڕانەوەکە، دەسەڵاتی دادوەری وەک خۆی پشتگیری کەسی تۆمەتباری کرد.
ئەم نموونەیە بە ڕوونی پیشانی دەدات کە چۆن پێکهاتەکانی دەسەڵات لە زانکۆکاندا، لە جیاتی پشتگیریکردنی زیانبەرکەوتووان، زۆرجار کار دەکەن بۆ پاراستنی پێگە و ناوبانگی تۆمەتباران، و ئەنجامدەرانی دەستدرێژی جۆرێک لە پارێزبەندی نەوتراویان هەیە کە دەیانپارێزێت لە لێپرسینەوە و سزای ڕاستەقینە، بەڵام ئەوە چییە کە وای لەو پیاوانە دەکات کە لە زانکۆکاندا کار دەکەن بەو ئازایەتییەوە پێداویستییە سێکسییەکانی خۆیان بەسەر ژنانی گەنجی خوێندکاراندا دەسەپێنن؟
فروزان یاری (ناوی خوازراو)، کە چالاکوانێکی خوێندکارییە وتی: زۆرێک لە پیاوان بەبێ گوێدانە پێگەی کۆمەڵایەتی یان پیشەکەیان، ملکەچکردنی ژنان بۆ خزمەتی خۆیان بە مافێکی سروشتی و خۆبەخۆی دەزانن، لە لۆژیکی سیستەمی پیاوسالاریدا، ژن نەک هەر وەک ئەرکێکی خزمەتکردن سەیر ناکرێت، بەڵکو ڕێگای سەرکەوتنی بە شێوەیەک پێناسە دەکرێت کە دەستڕاگەیشتن بە پۆستە کۆمەڵایەتی و پیشەییەکان بە جۆرێک یان جۆرێکی تر، مەرجدار بێت بە پێدانی "قەرزێک" بە پیاوان.
لە ژینگە کارگێڕییەکاندا، ژنان بە ئاشکرا ڕووبەڕووی پێشنیاری سێکسی دەبنەوە لەلایەن فەرمانبەرە پیاوەکانەوە لە کاتی بەدواداچوونی مامەڵەکانیان؛ پێشنیارانێک کە لە ڕاستیدا تێگەیشتنیان وەک مەرجێکە بۆ جێبەجێکردنی کارەکە یان بەدواداچوونی دۆسییەکە، وتی: ئەم لۆژیکە لە ناو ژینگەی زانکۆشدا سەرلەنوێ بەرهەم دەهرێتەوە، چونکە هەندێک لە مامۆستایان و بەرپرسانی زانکۆ پێیان وایە ژنانی گەنجی خوێندکاران شایستەی سەرکەوتنی تاقیکردنەوەکان یان تەواوکردنی قۆناغەکانی خوێندن نین مەگەر خزمەتگوزارییەکیان پێشکەش بکەن.
ڕوونیکردەوە کە بوونی یاساکانی پارێزگاری لە پیاوان و لاوازی پێکهاتە یاساییەکان لە بەرامبەر توندوتیژی و دەستدرێژی سکسیدا ئازایەتییەکی زیاتر بەم کەسانە دەبەخشێت، لە سایەی ئەم یاسایانەدا، پیاوان لە ژینگە زانکۆیی و کارگێڕییەکاندا فشاری زیاتر دەخەنە سەر ژنان، چونکە دەزانن ئەگەری بەدواداچوونی جددی یان سزادان لاوازە.
ئەم بازنە داخراوە ژنان دەخاتە دۆخێکەوە کە ناچاربن باجی دەروونی، کۆمەڵایەتی و تەنانەت جەستەیی زۆر گەورە بدەن بۆ بەدەستهێنانی مافە سەرەتاییەکانیان، لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا بێدەنگ دەبن لە بەرامبەر ئەم ئازارپێدانانەدا لە ترسی ناوبانگیان، وەک چۆن فروزان یاری جەختی لەسەر دەکاتەوە.
بۆچی دەستدرێژی سێکسی لە زانکۆکاندا بێوەڵام دەمێنێتەوە؟
سەرەڕای نەبوونی ئاماری فەرمی و ورد لەسەر قەبارەی دەستدرێژی سێکسی لە زانکۆکاندا، گێڕانەوەی خوێندکاران وێنەیەک دەکێشن لە بەردەوامبوونی ئەم ئازارپێدانانە، و لە سەختی قسەکردن لەسەریان یان تۆمارکردنیان بە شێوەیەکی فەرمی.
پەروین. د، کە خوێندکاری پێشووی زانکۆی ئازادە لە کرماشان، وتی: سەرۆکی زانکۆ لە سەرەتادا هۆشداری پێدەدا سەبارەت بە جلوبەرگەکەی بە ناوی (بەرگری ئڕەوشتییەوە)، بەڵام وردە وردە دەستی کرد بە پیشاندانی ڕەفتاری سێکسی و بێڕێڕزیپێکەر، لەوانە دەستکاریکردنی جەستەی و لێدوان لەسەر شێوەکەی، لەبەر ئەوەی لە خێزانەکەی دەترسا و نەیدەتوانی ناڕەزایەتی دەرببڕێت، کۆتاییەکەی ئەوە بوو کە وازی لە زانکۆ هێنا.
ئەم گێڕانەوەیە و حاڵەتە هاوشێوەکانی تریش ئاماژە بە گۆڕانی زانکۆ دەکەن بۆ کەشێکەکی ناپارێزراوێت بۆ ژنانی گەنجی خوێندکاران؛ کەشێک کە تێیدا پەیوەندییە نایەکسانەکانی دەسەڵات و پشتگیری پێکهاتەیی بۆ پیاوان بەهێز دەبن، دەستدرێژی و فشار خستنە سەر ژنان، ناچاریان دەکات کە بێدەنگ بن یان واز لە زانکۆ بهێنن.