ئاسایش یەکەمە...ناوەندی بیسستن چۆن هاوڕێیەتی ژنانی ڕزگاربوو لە توندوتیژی دەکەن؟
لە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیدا، لەوانەیە یەکەم سات بۆ گوێگرتن سەرەتایەک بێت بۆ ڕێگایەکی درێژ بەرەو ڕزگاربوون، لە تونس، ناوەندی بیستن و ئاراستەکردن بۆ ژنانی زیانبەرکەوتووی توندوتیژی، شوێنی پارێزراو دابین دەکەن کە یارمەتیان دەدات بۆ شکاندنی بێدەنگی.
زهور مەشریقی
تونس ـ هەندێک جار ئەو ژنەی ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە پێویستی بە زیاتر نییە لە شوێنێکی پارێزراو کە تێیدا کەسێک بدۆزێتەوە گوێی لێبگرێت بێ دادوەر، باوەڕ بە گێڕانەوەکەی بکات بە بێ گومانکردن، دەستی هاوکاری درێژ بکات بێ بیانو یان بەزەیی، چونکە کاتێک ترس و بێدەنگی و ئازار کۆدەبن، گوێگرتن دەبێتە یەکەم هەنگاو بەرەو گەڕاندنەوەی ئاسایش و کەرامەت و توانای بڕیاردان.
لە تونس، ناوەنسی بیستن و ئاراستەکردنی تایبەت بە ژنانی زیانبەرکەوتووی توندوتیژی هەوڵ دەدەن ئەم ڕۆڵە بگێڕن، لە ڕێگەی دابینکردنی شوێنێک کە تێیدا ژنان دەنگەکانیان بەدەست بهێننەوە، پشتگیری دەروونی و ئاراستەکردنی یاسایی و کۆمەڵایەتی بەدەست بهێنن، ئەوەش یارمەتیان دەدات وردە وردە لە بازنەی توندوتیژی دەربچن و ژیانێکی پارێزراوتر و سەربەخۆتر بونیاد بنێن.
ئەم ناوەنددانە ئیتر خۆشی یان خزمەتگوزارییەکی لاوەکی نین، بەڵکو بوونەتە پێویستییەکی سەرەکی و مافێک بۆ ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە بە هەموو شێوازەکانییەوە، چ لە ناو خێزاندا بێت یان لە ژینگەی کۆمەڵایەتی یان پیشەییدا، چونکە ناوەندەکە تەنها لە پێشوازیکردنی زیانبەرکەوتوو و گوێگرتن لە سکاڵاکەی کورت نابێتەوە، بەڵکو دەتوانێت ببێتە خاڵی دەستپێک بۆ ڕێگایەکی درێژ لە پاراستن و هاوڕێیەتی و گەڕاندنەوەی متمانەبەخۆبوون.
لە پارێزگای سوسە لە کەناراوەکانی تونس، ناوەندی بیستن و ئاراستەکردن کە سەر بە کۆمەڵەی تونس بۆ ژنانی دیموکراتە، کار دەکات بۆ پێشوازیکردن لە ژنانی زیانبەرکەوتووی توندوتیژی و هاوڕێیەتیکردنیان، بە هەماهەنگی لەگەڵ ژمارەیەک لە دامەزراوە و دەستە پەیوەندیدارەکاندا، ژنان دێنە ناوەندەکە لە حالەتێکدا کە ئەزموونی سەخت هەڵدەگرن، هەندێکیان دەگریەن و هەندێکیان ناتوانن قسە بکەن، بەڵام شوێنێک دەدۆزنەوە کە هەوڵ دەدات ئەوەییان پێ ببەخشێت کە بۆ ماوەیەکی درێژ لەدەستیان داوە: ئاسایش و گوێگرتن.
"برری" کە ناوی تەواوی خۆی ئاشکرا نەکرد لە پێناو پاراستنی تایبەتمەندی خۆیدا، ئاماژەی بەوەشکرد، کە ناوەندەکە شوێنێک بۆ ژن دابین دەکات کە تێیدا قسە دەکات بێ ترس لە سەزەنشت کردن، وتی: زیانبەرکەوتووان ناچار نین ئەوەی ڕووبەڕووی بوونەتەوە پاساوی بۆ بهێننەوە یان بەرگری لە بڕیارەکەی بکەن ئەگەر بڕیاری دا قسە بکات و پاشان بگەڕێتەوە بۆ ماڵەکەی، هەروەها ئامانجەکە بریتییە لە هاوڕێیەتیكردنی و ڕێزگرتن لە هەڵبژاردنەکانی و یارمەتیدانی بۆ گەڕاندنەوەی کەرامەتەکەی کە کولتووری پیاوسالاری زۆر جار هەوڵ دەدات لێی بەسەنێتەوە.
شوێنێکی پارێزراو بێ دادوەری
مڕین قیزیانی، ڕێکخەری ناوەندەکە، جەختی لەوە کردەوە، کە ناوەمدی بیستن و نیشتەجێکردن ڕۆڵێکی ناوەندی دەگێڕن لە پاراستنی ژناندا، وتی: لقی کۆمەڵەکە لە سوسە بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە جیاوازەکانی حکومەت و نۆێنەرایەتی هەرێمی بۆ ژنان کار دەکات، بە ئامانجی ئاسانکاری بۆ ڕێکارەکانی پاراستن و نیشتەجێکردن و بەدواداچوونی ژنانی ڕزگاربوو لە توندوتیژی.
ئەم هاوکارییە درێژ دەبێتەوە بۆ ناوەندی بیستن و نیشتەجێکردن کە بڵاو بوونەتەوە لە ژمارەیەک ناوچەی کەناراویدا، لەوانە سوسە و مونەستیر و مەهدییە، ئەوەش ڕێگە بە ژنان دەدات کە پشتگیری بەدەست بهێنن بەپێی پێویستی و بارودۆخەکانیان.
ڕوونیکردەوە، کە ڕۆڵی ئەم ناوەندانە سنوردار نییە بە دابینکردنی پەناگەیەکی کاتی، بەڵکو دەست پێدەکات لە دروستکردنی ژینگەیەکی پارێزراو کە ڕێز لە تایبەتمەندی ژن بگرێت و دوور بێت لە پێشداوەرەکان و سەرنجی نزم، چونکە لە زۆر حاڵەتدا، ژن ناتوانێت ئەوەی ڕووبەڕووی دەبێتەوە باس بکات تەنانەت بۆ نزیکترین کەسەکانیش، لەبەر ترس لە دەنگۆ یان تۆڵەسەندنەوە یان لەدەستدانی پشتگیری خێزانی.
ئاماژەی بەوەکرد، کە سەرچاوەی فشارەکە لەوانەیە هەندێکجار لە نزیکترین بازنەیدا بێت، چ باوک بێت یان برا یان هاوژین، یان یەکێک لە خزمەکان، بەم شێوەیە ژن خۆی دەبینێتەوە کە گیرۆدەی توندوتیژییەکە کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە و بێدەنگییەک کە بەسەریدا دەسەپێنرێت بە بەهانەی پاراستنی خێزان یان ناوبانگی کۆمەڵایەتی، وتی: لێرەوە، نهێنی و تایبەتمەندی دەبنە بەشێکی سەرەکی لە کاری ناوەندی بیستن، چونکە ژن پێویستی بە دڵنیایی هەیە کە وردەکارییەکانی ئەزموونەکەی نابنە سەرچاوەیەکی نوێ بۆ ترس یان هەڕەشە، ئەم ئاسایشە دەرفەتێکی پێدەشکێنێت بۆ دەربڕینی ئازادانەی ئەزموونەکەی، تێگەیشتن لە هەڵبژاردنە بەردەستەکانی لەبەردەمیدا، بڕیاردان بە دوور لە فشار.
لە گوێگرتنەوە بۆ پاراستن و بەدواداچوونی دادوەری
هاوڕێیەتیكردنەکە لە کاتی گوێگرتندا کۆتایی نایێت، چونکە پاراستن پەیوەستە بە پشتگیری دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئاراستەکردنی یاسایی و بەدواداچوونی دادوەرییەوە، ئەمانە رێگای یەکگرتوون کە یارمەتی ژن دەدەن بۆ بڕینی ڕێگا لە دووبارەبوونەوەی توندوتیژی و گەڕاندنەوەی توانای کۆنتڕۆڵکردنی ژیانی خۆی، مەڕین قیزیانی وتی: دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان دەتوانن ڕێکاری یاسایی بگرنەبەر بۆ پاراستنی ژن و منداڵەکانی لە مەترسی، لەوانە بڕیاری دوورخستنەوەی توندوتیژکارەکە لە زیانبەرکەوتووەکە، ئەوەش بەشدار دەبێت لە ڕاگرتنی پەلامارە دووبارەبووەکان و دابینکردنی شوێنێکی پارێزراوتر بۆ ژن.
سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا کە لەم ڕێگایەدا، ناوەندەی بیستن دەبێتە بەشێک لە سیستەمێکی فراوانتری پاراستن، کە یارمەتی ژن دەدات بۆ گواستنەوە لە پێگەی زیانبەرکەوتوو کە لەژێر هەڕەشە و ترسدا دەژی، بۆ پێگەی ڕزگاربوو کە توانای بڕیاردان و بەرگریکردن لە مافەکانی هەیە.
بەپێی وتەی مەڕین قیزیانی، بەدواداچوونی دادوەری و دەروونی خۆی دەنوێنێت وەک دوو پایەی سەرەکی لەم گەشتەدا، چونکە ژن تەنها پێویستی بەوە نییە کە مافە یاساییەکانی بزانێت، بەڵکو پێویستی بە کەسێکیش هەیە کە هاوڕێیەتی بکات لە کاتێکدا ڕووبەڕووی لێکەوتەکانی بڕیارەکە دەبێتەوە، بەتایبەت کاتێک پەیوەندی لەگەڵ کەسی توندوتیژکار درێژخایەن بێت یان کاتێک پەیوەندی خێزانی و منداڵان یان فشاری کۆمەڵایەتی هەبن کە جیابوونەوە لە بازنەی توندوتیژی ئاڵۆزتر دەکەن.
جێهێشتنی ژینگەی توندوتیژ... دەستپێک بۆ گەڕاندنەوەی ژیان
ڕوونیکردەوە، کە دەرچوونی ژن لەو ژینگەیەی کە تێیدا ڕووبەڕووی توندوتیژی بووەوە، هەنگاوێکی یەکلاکەرەوە پێک دەهێنێت لە ڕێگای چاکبوونەوەدا، چ بە تەنها بەجێی بهێڵێت یان بە هاوڕێیەتی منداڵەکانی، چونکە ماوەوە لە هەمان دەوروبەردا کە شایدی پەلامارەکان بووە، دەیهێڵێتەوە لەژێر فشاری ترسدا و سنوورداری دەکات بۆ توانای بڕیاردانی سەربەخۆ، دابینکردنی شوێنێکی پارێزراو بۆ ژن تەنها بە واتای پاراستنی جەستەیی نایەت، بەڵکو دەرفەتێکی پێدەدات بۆ هەڵکێشانی هەناسە، گەڕاندنەوەی هاوسەنگی دەروونی، بیرکردنەوە لە داهاتووی بە دوور لە هەڕەشەی بەردەوام.
وئاماژەی بەوەشکرد، کە لە ژینگەیەکی پارێزراوتردا، ژن دەتوانێت وردە وردە دەست بکات بە گەڕاندنەوەی متمانەبەخۆبوونی، سەیری هەڵبژاردنەکانی بکات بە دوور لە ناچارکردن و ترس، چ پەیوەندی هەبێت بە بەردەوامبوون لە ڕێگایەکی یاساییدا، گەڕان بەدوای کاردا، دابینکردنی پێداویستییەکانی منداڵەکانی، بونیادنانی ژیانێکی سەربەخۆ.
مەڕین قیزیانی جەختی لەوە کردەوە، کە ئامانجی کۆتایی نابێت تەنها کورت بکرێتەوە لە دەرکردنی ژن لە ساتی مەترسیداردا، بەڵکو یارمەتیدانی بۆ بونیادنانی ژیانێک کە تێیدا کۆیلە نەبێت بۆ کەسی توندوتیژکار یان بۆ بارودۆخە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان کە لەوانەیە بیگێڕنەوە بۆ بازنەی توندوتیژی، چونکە پاراستنی ڕاستەقینە دەست پێدەکات لە دابینکردنی ئاسایش، بەڵام لەوێدا کۆتایی نایێت، ڕزگاربوو پێویستی بە پشتگیری بەردەوام هەیە کە یارمەتی بدات بۆ گەڕاندنەوەی سەربەخۆیی دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابووری، و توانای پێبەخشێت بۆ بڕیاردان بە ئیرادەی تەواوی خۆی.
لەو چوارچێوەیەدا، ناوەندی بیستن دەبنە زیاتر لە تەنها شوێنێک بۆ پێشوازیکردن لە سکاڵاکان؛ ئەوان بنکەن کە تێیدا ژن دەتوانێت دەست بکات بە گەشتی گەڕاندنەوەی ژیانی، لە نێوان گوێگرتن و پشتگیری و پاراستن و بەدواداچووندا، ئەم ناوەندانەکانە .هەوڵ دەدەن کە ڕێگایەکی نوێ لەبەردەم ڕزگاربوواندا بکەنەوە، بە دوور لە ترس و توندوتیژی، بەرەو ژیانێک کە تێیدا ژن مافی خۆی لە ئاسایش و کەرامەت و هەڵبژاردن دەگەڕێنێتەوە.