خەڵکی ئاوارە لە یەمەن ڕووبەڕووی وەرزی بارانبارین دەبنەوە

لەگەڵ هەر بارانێکی نوێیدا، کامپەکانی ئاوارەبوون لە یەمەن لەناو دەچن، ژنان و منداڵان ڕووبەڕووی لافاو دەبنەوە کە پەناگە کاتییەکان دەبات و کاریگەرییەکانی ئاوارەبوون و لافاو لەسەر ژیانی ڕۆژانەیان قووڵتر دەکاتەوە.

ڕەحمە شەنزور

 

یەمەن ـ لەگەڵ هەر وەرزی بارانبارینێکدا، ئازاری سەدان هەزار ئاوارە لە یەمەن نوێ دەبێتەوە کە لە کامپی کاتیدا دەژین و بەرگەی لافاو و ڕووداوەکان ناگرن، لە ناوەڕاستی ئازاری ڕابردووەوە، چەند شارێکی یەمەن شاهیدی بارانی بەخوڕ و لافاوی وێرانکەر بوون کە بووە هۆی گیانلەدەستدان و بێسەروشوێنبوون و برینداربوونی چەندین کەس، لەگەڵ تێکچوونی سەدان چادر و سەرگەردانبوونی ئەو خێزانانەی کە دوا پەناگەیان لەدەستدا.

 

کاریگەرییەکانی لافاو تەنها سنووردار نییە بە تێکدانی خانوو و موڵک و ماڵ، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ زیادکردنی ئازاری ژنانی ئاوارە کە خۆیان لە بەردەم ئاستەنگ و کێشەی نوێدا دەبیننەوە لەگەڵ هەر وەرزی بارانبارینێکدا، دوای ئەوەی ململانێ ناچاری کردن ماڵەکانیان بەجێبهێڵن، لافاوەکە دێت بۆ ئەوەی ئەوەی ماوە لە هەستی پارێزراوی و جێگیربوونیان لە ناو کامپەکاندا بسڕێتەوە.

 

ئازاری ڕۆژانە لەسەر لێوارەکانی ڕێڕەوی لافاو

لە کامپی "سائلە" لە تەعز، ئەمال سەعید (٣٠ ساڵ)، دایکی پێنج منداڵ، بارودۆخێکی مرۆیی قورس دەژی لە کاتی ئاوارەبوونییەوە بەهۆی ململانێی بەردەوام لە یەمەن بۆ ماوەی زیاتر لە دەیەیەک، وتی: ئازارەکەی لەگەڵ بارانی بەخوڕ و لافاوەکەدا کە وڵاتەکە لە مانگەکانی ڕابردوودا شاهیدی بوو، زیاتر بووە، ئاوارە بووین بۆ ئەم کامپە لە ترسی شەڕ، بەڵام لەسەر لێواری ڕێڕەوی لافاو دەژین و لەگەڵ هەر بارانبارینێکدا ژیانمان دەکەوێتە مەترسییەوە وتی: کاتێک باران دەبارێت، ئاوی لافاوەکە دێتە ناو کامپەکەوە، چادرەکان تەڕدەکات و کەلوپەلە سادەکانمان تێکدەدات و هیچ شوێنێکمان بۆ نامێنێت تێیدا پەناگەی بۆ بەرین، کامپەکە بێبەشە لە سەرەتاییترین پێویستییەکانی ژیان، زۆربەی خێزانەکان لە چادری کۆندا دەژین، لە کاتێکدا کەسانی تر ناچار بوون پەناگەی کاتی لە کۆنە و کەرەستەی تێکشکاو دروست بکەن، لە سایەی نەبوونی هاوکاری پێویست و چارەسەر کە ژیانێکی پارێزتریان بۆ دابین بکات.

 

ترس هاوڕێی منداڵانە لەگەڵ هەر دڵۆپە بارانێکدا

بەسمە عەلی، منداڵێکی کچ تەمەن (١٢ ساڵ) باسی وردەکارییەکانی ئەو ژیانە دەکات کە خێزانەکەی لەگەڵ هەر بارانبارینێکدا دەژین، وتی: کاتێک باران دەست پێدەکات، پەلە دەکەین لە بەرزکردنەوەی کەلوپەل و مەنجەڵەکان بۆ ئەوەی ئاو نەیانبات، چونکە لافاو دێتە ناو کامپەکە، پاشان هەوڵ دەدەین ئاوەکە دەربکەین و لە بەیانیاندا بەتانى و فەرشەکان لەژێر تیشکی خۆردا بڵاو دەکەینەوە تا وشک دەبنەوە، ترس بووە بە بەشێک لە ژیانیمان لەگەڵ هەر وەرزی بارانبارینێکدا، وتی: ترس ئەوەم هەیە کە لافاوەکە بمبات، پێش ماوەیەک ئاوەکە منداڵێکی لەبەردەم کامپەکەدا برد، بەڵام خەڵک توانیان ڕزگاری بکەن.

 

قەیرانێکی تەندروستی گەشەسەندوو لە سایەی نەبوونی چاودێری پزیشکی

خەدیجە سەیف  تەمەن (٤٥ ساڵ) کەسێکی ترە، کە بەدەست باران و لافاوەوە دەناڵێنێت، جگە لە لەدەستدانی زۆرێک لە کەلوپەلەکانی بەهۆی لافاوەکەوە بۆ ناو کامپەکە، ڕووبەڕووی ئاستەنگی تەندروستی پەرەسەندوو دەبێتەوە لە سایەی نەبوونی خزمەتگوزاری سەرەتایی وتی: ئازارەکەی تەنها لەدەستدانی موڵک و ماڵ نییە، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ لایەنی تەندروستی، چونکە کامپەکان بێبەشن لە هەر چاودێرییەکی تەندروستی یان یەکەی پزیشکی، ئەمەش ئازاری دانیشتووانی زیاتر کردووە، بەهۆی باران و لافاوەوە، منداڵەکانمان تووشی ئەکام و تا بوون، نەخۆشییەکان زیاتر دەبن بەهۆی نەبوونی هیچ یەکەیەکی تەندروستی لە ناو کامپەکەدا، دەناڵێنین بەدەست زۆربوونی مێشوولە دوای بارانبارین، و ئەمەش مەترسییە تەندروستییەکانی ناو کامپەکە زیاتر دەکات، ئازاری ژنانی ئاوارە و منداڵان گەورەیە، بەتایبەت ژنانی دووگیان و ئەوانەی تازە منداڵیان بووە، چونکە ڕووبەڕووی مەترسی تەندروستی جۆراوجۆر دەبنەوە لە سایەی نەبوونی چاودێری پزیشکی و خزمەتگوزاری سەرەتایی، ئەمەش وا دەکات هەر وەرزی بارانبارینێک بێتە ئاستەنگێکی نوێ بۆ ڕزگاربوون.

 

ژمارەکان قەبارەی کارەساتەکە دووپات دەکەنەوە

گێڕانەوەکانی ئاوارەکان قەبارەی ئەو کارەساتە نیشان دەدەن کە باران و لافاو بەجێیان هێشتووە، ئەم ئازارە لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مرۆییەکاندا پشتڕاست دەکرێتەوە.

 

کۆمەڵەی نێودەوڵەتی خاچی سوور و مانگی سوور لە ڕاپۆرتێکدا، کە لە ٨ی نیسانی ٢٠٢٦ دەرچووە، ڕاگەیاند، کە بارانی بەخوڕ و لافاوی وێرانکەر کە لە ٢٧ی ئادارەوە یەمەنی گرتەوە، بووە هۆی کوژرانی ٣٠ کەس و برینداربوونی ٤٧ کەسی تر، لە کاتێکدا ١١هەزارو٩٥٩ خێزان زیانیان بەرکەوتووە، کە دەکاتە نزیکەی ٨٣ هەزار ٧١٣  کەس.

 

تەعز زۆرترین ژمارەی خێزانی زیانلێکەوتووی تۆمار کرد بە چوار هەزار ٥١٣ خێزان، دوای ئەو مائرب بە دوو هەزار ٢٧ خێزان، پاشان جوف بە هەزار و ٨٧٦ خێزان، ئەبین بە هەزار خێزان، عەدەن بە ٨٠٠ خێزان، حەزرەموت بە ٥٨٥ خێزان، بەیزا بە ٥٠٦ خێزان، زالیع بە ٢٧١ خێزان، و ئیب بە ٢١٢ خێزان.